10/06/2018
ئيشراق
757 جار بینراوە

ئیمام خومەینی و ڕێبەرایەتی شۆڕشی ئیسلامی

شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ڕێبەرایەتی ئیمام خومەینی (رە) لە گەڵ شۆڕشەکانی ئەو سەردەمە و تەنانەت پاش سەرکەوتنەکەشی جیاوازی زۆری هەیە، شۆڕشێک کە چۆنیەتی ئایدۆلۆژیای شۆڕشەکانی گۆڕا و بە هێنانە پێشەوەی ئایدۆلۆژیای مەزهەبی بۆ گۆڕەپانی شۆڕشەکان، مەزهەبی کردە بەشێکی گرنگی سیاسەتی جیهانی ئەمڕۆ.
پەرەسەندنی ئایدۆلۆژیای شۆڕشگێڕانە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە. ئیمام خومەینی (رە) بێ گومان لە ڕێبەرایەتی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران تا سەرکەوتنی شۆڕش لە ساڵی ١٣٥٧ی کۆچی هەتاوی، ڕۆڵێکی بێ وێنەیان هەبووە کە کەمتر لە مێژووی ئێران و تەنانەت جیهان، کەسایەتییەکی کارێزمای وەک ئەوان دەبینرێت.
ئیمام خومەینی (رە) کە بە وانەکانی حکومەتی ئیسلامی و وەلایەتی فەقیە لە ساڵی ١٣٤٨ی کۆچی هەتاوی لە کاتی مانەوەیان لە شاری نەجەفی پیرۆز، حکومەتێکی جێگرەوەیان بۆ ڕژێمی پاشایەتی پێناسە کرد، بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، پێکهێنانی کۆماری ئیسلامییان خستە ڕیفراندۆمی گشتییەوە و پاشان دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێرانیشیان بە هەمان شێوە خستە دەنگدانی خەڵکەوە و بەم پێیەش دەسەڵاتی ئیسلامی دامەزرا.
هەر شۆڕشێک لە سەر سێ بنەمای سەرەکی دادەمەرزێت و بە پشت بەستن بەم بنەمایانە سەرکەوتن مسۆگەر دەکات. شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش بە پێی سێ بنەمای ئایدۆلۆژیا و مەکتەبی شۆڕش و شێوازی بیرکردنەوەی شۆڕشگێڕی، ڕێبەری شۆڕش و ئیمکانیاتی شۆڕش گەیشتە سەرکەوتن و ئەمڕۆش بووەتە نموونەیەک بۆ گەلانی موسڵمان و ئازادیخوازی جیهان.
لە نێو ئەم سێ بنەمایە، ڕێبەری بەراورد بە دوو بنەمای دیکە، تایبەتمەندی و گرنگی زۆری هەیە. سەرجەم شۆڕشەکانی جیهان ڕێبەریان هەیە تا بە سەرکەوتن بگەن و ئیمام خومەینی (رە) دامەزرێنەری شۆڕشی ئیسلامی و ئێستاش حەزرەتی ئایەتووڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە گۆڕەپانی ڕێبەرایەتی شۆڕشی ئیسلامی لە گەڵ ڕێبەرانی شۆڕشەکانی دیکەی جیهان بەراورد ناکرێن و جیهان دانی بە گەورەیی و کاریگەری ڕێبەرانی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا ناوە.
ڕێبەرایەتی ئیمام خومەینی (رە) بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکەی، واتە مەکتەبی دەوڵەمەندی ئیسلام دەگەڕێتەوە و لەم ڕووەشەوە جیاوازی زۆری لە گەڵ شۆڕشەکانی دیکەی جیهاندا هەیە و ئەمڕۆش ڕێبازەکەی ئیمام خومەینی (رە) لە لایەن حەزرەتی ئایەتووڵا خامنەیی بە هەمان بیر و هزر و بەرنامەی ئیسلامی درێژەی هەیە.
شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ڕەوتی بێداری جیهانی ئیسلام و تەنانەت لە سەر جیهانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات کاریگەری بەرچاوی هەبووە و بووەتە هۆکاری گەڕانەوەی موسڵمانان بۆ شووناسی ڕاستەقینەی ئیسلامی خۆیان و لە ئێستاشدا دەبینین کە بزوتنەوە ئیسلامییە ڕاستەقینەکان بەهێزتر بوون و لە بەرامبەر سیاسەتە هەڵەکانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بە تایبەت ئەمریکا بەرەنگاری دەکەن.
بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، کۆماری ئیسلامی بە پشت بەستن بە هێزی خەڵک و مەکتەبی ئیسلام لە سەرجەم بوارەکانی سیاسی و سەربازی و ... ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبێت و ئەم شۆڕشە مەزنە لە چوارەمین دەیەی تەمەنی خۆیدا سەرەڕای پیلانگێڕییە بەردەوامەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی درێژە بە ڕێگا ڕووناکەکەی خۆی دەدات.
بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وەرزێکی نوێی جیهانی ئیسلام دەستیپێکرد و بەرە بەرە جوڵانەوە ئیسلامییەکان کە تا پێش شۆڕشی ئیسلامی سەرکووت دەکران، گیانێکی دیکەیان پێ بەخشرا.
محەممەد ئەقباڵ لاهوری شاعیر و کەسایەتی سیاسی پاکستان لە کتێبی فەڵسەفەی خۆی پێش بینی ئەوەی کردبوو کە تاران لە داهاتوودا دەبێتە ناوەندێکی گەورەی جیهانی ئیسلام و هیوای موسڵمانان.
بێ گومان شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ڕێبەرایەتی ئیمام خومەینی (رە) بە جەختکردنەوە لە خاڵە هاوبەشەکانی موسڵمانانی جیهان و بە زیندووکردنەوەی هەست و بیر و بڕوای ئیسلامی لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە توانا و بڕوا بە خۆبوونی ئیسلامی بۆ ئەوان بگەڕێنێتەوە.
شۆڕشی ئیسلامی ئێران یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکانی بەرەوپێشچوونی ڕەوتی بێداری ئیسلامی و بزوتنەوە ئیسلامییەکان لە وڵاتانی جیهان بووە. ئەم شۆڕشە هاوکێشەی سیاسی و هێزی لە سەر ئاستی جیهانی لە بەرژەوەندی گەلانی ئیسلامی گۆڕاوە و ئێستاش دەبینین کە بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە بووەتە قەڵایەکی گەورە لە بەردەم سیاسەتەکانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بە تایبەت ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی.
بێ گومان دەتوانین بڵێین کە شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە جەختکردنەوە لە سەر بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی، بووەتە نموونە و هیوایەک بۆ بزوتنەوە ئیسلامییەکانی ناوچەکە و جیهان و ئەمڕۆش بە شانازییەوە دەبینین کە تەنیا کۆماری ئیسلامی ئێرانە بە هەموو شێوازێک پێشوازی لە مافی ڕەوای گەلی فەڵەستین دەکات و خەڵکی فەڵەستینیش ئێران و ئێرانییەکان بە پاڵپشتی سەرەکی خۆیان لە پێناو ئازادکردنەوەی خاکەکەیان و شکستی زایۆنیستەکان دەزانن.
کاریگەرییەکانی شۆڕشی ئیسلامی لە بواری سیاسی و ڕۆڵی خەڵک لە دەسەڵات و حکومەت بە ئاشکرا لە بزوتنەوە ئیسلامییەکاندا دەبینرێت و گەلانی جیهان هەوڵی پیشاندانی ڕۆڵی خۆیان لە بواری سیاسی و پێکهێنانی حکومەتی ئیسلامی بە پێی ئیرادە و بەشداری ڕاستەقینەی خۆیان دەدەن.

س/جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP