14/01/2018
ئيشراق
509 جار بینراوە

هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەنگاوێک بەرەو سەقامگیری و یەکگرتوویی

عێراق لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی سەدامی لەناوچوو بە کۆمەڵە قەیران و کێشەیەکدا تێپەڕ بووە کە گەورەترینی لە سەرهەڵدان و چالاکییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش بینرا. بە ئازادبوونی عێراق لە ژێر چەپۆکی حیزبی بەعسی ڕووخاو کە دەرەنجامی خەباتی دەیان ساڵەی دانیشتووانی ئەم وڵاتە بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە بوو و ئەمریکا بە ناوی خۆیەوە تەواوی کرد، ئەمریکا و هاوڤەڵانی لە ناوچەکە کە سەقامگیری و یەکگرتوویی عێراقیان نەدەویست، بە پیلانی یەک لە دوای یەک هەوڵی ئەوەیان دەدا دانیشتووانی ئەم وڵاتە ڕووی خۆشی ئارامی و سەقامگیری نەبینن.

کێشە و ئاڵۆزییە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق وایکرد کە جۆ بایدنی جێگری سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا لەو کاتەدا پرۆژەی دابەشبوونی ئەم وڵاتە بە سەر سێ بەشی کورد، سوننە و شێعە بخاتەڕوو. بەڵام عێراقییەکان کە بە ئاسۆی بەردەم وڵاتەکەیان گەشبین بوون، دژ بەم ستراتیژە وەستانەوە. 

لە درێژەی گرفت و قەیرانەکانی بەردەم عێراقییەکان، ئەمریکا وەک چۆن لە کتێبی بیرەوەرییەکانی هیلاری کلینتۆن وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەم وڵاتەدا هاتووە، بوونە خوڵقێنەری قەیرانێکی گەورەتر و گرووپی تیرۆریستی داعشیان پێکهێنا. داعش بەو ئامانجە پێکهات کە لە زووترین کاتدا بەشێکی زۆری خاکی عێراق داگیر بکات. 

بە کەوتنی موسڵ و خێرایی پرۆسەی داگیرکاری و تیرۆری داعشییەکان، هەڕەشەکان لە سەر عێراق زیاتر بوو. مەرجەعیەتی باڵای عێراق لە فەتوایەکی مێژووییدا ئەمری بە پێکهێنانی هێزێکی جەماوەری بۆ بەرگری لە خاکی وڵات دەرکرد، بەمەش هێزەکانی حەشدی شەعبی پێکهات و بە چالاکییەکانی ئەوان هاوکات لە گەڵ هێزەکانی دیکەی وەک سوپا، پێشمەرگە و پۆلیسی فیدراڵی ئاراستەی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش گۆڕا و بەرە بەرە هیوا بۆ شەقامی عێراقی گەڕایەوە و لە ئاکامدا گەورەترین گرووپی تیرۆریستی جیهان لە عێراق تووشی شکستێکی گەورە بوویەوە و هیچ ناوچەیەکی ژێر کۆنتڕۆڵی نەماوە. ئەڵبەت لێرەدا پێویستە ئاماژە بە گرنگی و کاریگەری هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بدرێت کە وەک پاڵپشتێکی گەورە، عێراقییەکانی لە گۆڕەپانی شەڕی دژ بە تیرۆر و تەکفیر هاوڕێیەتی کرد.

عێراقی پاش داعش پێ دەنێتە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و بە پێی داهات و دەوڵەمەندی ئەم وڵاتە خاوەن نەوتە، پێش بینی دەکرێت لە ئەگەری یەکگرتوویی و یەکڕیزی لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە، باشتر لە جاران بنیات بنرێتەوە. بەڵام دەسپێکی ئەم یەکڕیزییە لە پرۆسەیەکی دیمۆکراسیدا دەبینرێت. واتە هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێراق.

لە پاش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان کە پەیوەندییەکانی هەولێر - ناوەند بەرەو ئاڵۆزی چووە و لە ئێستادا هەوڵێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ دەستپێکردنی وتووێژەکان لە ئارادایە و وەک چۆن کە ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە بەغدا ڕایگەیاندووە، تاران هەوڵی ئاساییبوونەوەی ئەم پەیوەندییانە بە پێی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی هەر دوو لا دەدات، بە چارەسەربوونی کێشەکان، عێراق زیاتر بەرەو سەقامگیری و یەکگرتوویی هەنگاو دەنێت.

هەڵبژاردنێکی شەفاف و زۆرینەش دەتوانێت هێزێکی دیکە بە عێراقی پاش داعش ببەخشێت. لە ئێستادا کە لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی پاڵپشتییەک بۆ عێراقێکی یەکگرتوو و خاوەن دیمۆکراسی لە ئارادایە، عێراقییەکان ئەوەیان دەکەوێتە سەر شان کە بە بەشدارییەکی زۆرینە لە هەڵبژاردنەکان و پاراستنی یەکڕیزی خۆیان هەنگاوەکانی گەشە و ئاوەدانی وڵاتەکەیان خێراتر بکەن. بەمەش دەتوانرێت ئاسەوارەکانی ساڵانی شەڕی داعش لە ڕواڵەتی عێراق پاک بکرێتەوە.س/ جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP