07/01/2018
ئيشراق
499 جار بینراوە

نەیارانی ئێران و سووڕانەوە بە دەوری بازنەی هەڵدێردا

ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە ماوەی نێزیک بە دوو دەیەی دواییدا هەردەم لە کوڵاندا بووە و ئەمەش گۆڕانکاریی ستراتژیی و مێژوویی زۆری لەم ناوچەدا بە دوای خۆیدا هێناوە کە سەرەکی ترینی ئەم گۆڕانکاریانە لە ماوەی چەند ساڵی دواییدا ڕابوونی ئیسلامی و ڕووخانی یەک بە یەکی دەسەڵاتدارانێ بوو کە لە جیاتی ئەوەی پشتیان بە گەلەکەیان ئەستوور بێت دەمارەکانی ژیانیان بە دەستی ئەمریکا و زایۆنیسم و وڵاتانی ڕۆژئاوایی بوو و لە ئەنجامدا و لە ڕابوونی مێژوویی ئیسلامی کۆڵەکەی دەسەڵاتەکانیان ڕووخا. مخابن ئامانجەکانی ئەم سەرهەڵدانە کە دەیتوانی ببێتە هەوێنی گۆڕانکاری گەورە لە ناوچە و ڕیشەکێش کردنی داگیرکاریی نەیارانی گەلانی ناوچە بە هۆی بە لاڕێدا بردنی ڕێڕەی گۆڕانکارییەکان و ئامانجە ڕەسەنەکانی، بارودۆخێکی پێچەوانەی خولقاند. جانەوەری داعش یارییەکی دیکە، بەڵام مەترسیداری ئەمریکا و زایۆنیسم و دەست و پێوەندەکانی لە قۆناغێکی دیکە بوو کە نە تەنیا ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەڵکوو شارستانییەتی وڵاتانی ناوچە بە تایبەت سووریای وەکوو بەرەی پێشەوەی بەرخۆدان و هەروەها عێراق کە نمونەی پێکەوەژیان لە ناوچەکەدایە کردە ئامانج و ئامانجی کۆتایی ئەم گۆڕانکاریانەش قەڵای بەرخۆدان و پشتیوانی گەلانی موسڵمان و ستەملێکراوی ناوچە و جیهان واتا ئێران بوو.
کۆماری ئیسلامی ئێران کە نێزیک بە چوار دەیەی پێشوو لە ئەنجامی شۆڕشی مێژوویی گەلێکی ئاگا و خاوەن باوەڕ و پشت بەستوو بە ئامۆژەکانی ئیسلامی پاش سەرکەوتن بە سەر گەورەترین و بەهێزترین دارەدەستی ئیستیعمار لە ناوچەکە واتا پاشایەتی، هاتەسەرکار، لە ماوەی نێزیک بە 40 ساڵ تەمەنیدا گەورەترین سەرئێشەی نەیارانی ئیسلام و ناحەزانی گەلانی ناوچە بووە. کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی تەمەنی خۆیدا هەر لە سەرەتای ساڵانی سەرەتایی شۆڕش و پاشان شەڕی داسەپاو و لە ساڵانی پاش بەرەڤانی پیرۆزیشدا دەیان پیلانی نەیارانی نێونەتەوەیی و دەست و پێوەندەکانی لە ناوچە و جیهان پووچەڵ کردۆتەوە و وەکوو کەنارێکی ئارام لە ناو دەریای نائارام و هەڵقوڵای ناوچە مایەوە و هاوکات لەگەڵ پاراستنی یەکگرتوویی و یەکڕیزی ناوخۆیی و چەسپاندنی گەلسالاریی دینی، هەمووکات پشت و پەنای گەلانی ناوچە بووە. پشتیوانیی لە دۆزی ڕەوای گەلی فەڵەستین، یارمەتی هەمەلایەنە لە گەلانی لوبنان و یەمەن و لەم دواییانەش پێشکەش کردنی خوێنی لاوانی وڵات لە بەرگریی کردن لە گەلانی عێراق و سووریا و کۆتایی هێنان بە دێوەزمەی داعش وەکوو مەترسیدارترین دیاریی ئەمریکا و بە گشتی ڕۆژئاوا بۆ موسڵمانان و ناوچە کە شادەماری ئەم جانەوەرە لە سەر دەستی سەرداری مەزن قاسم سڵێمانی و بە سەرکردایەتی ڕێبەری مەزنی شۆڕش ئایەتوڵڵا سەیید عەلی خامنەیی بۆ هەمیشە بڕدرا و کۆتایی بە ژیانی پڕ لە نامەتی هێنرا. بە دڵنیاییەوە گەلێکی مەزنی وەکوو ئێران و حکوومەتێ کە ڕەنگدانەوەی بیر و باوەڕ و ورەی ئەم گەلەیە واتا کۆماری ئیسلامی، بەو ئامانجە بەرزانەی کە هەیەتی و ئەو کاریگەرییە مەزنەی کە نێزیک بە چوار دەیە لە ناوچە و جیهان بویەتی ڕووبەڕووی پیلانگێڕیی ناحەزان دەبێتەوە و لە شکست پێهێنان بەم پیلانانە کارنامەیەکی درەوشاوە و دوور و درێژی هەیە؛ لەوانە فیتنە قەومییەکانی ساڵانی سەرەتایی شۆڕشی ئیسلامی، شەڕی داسەپاوی هەشت ساڵە، گەمارۆی ئابووری و سیاسی، ئاژاوەنانەوەکانی ساڵانی ١٣٧٨ و فیتنە و ئاژاوەکانی ١٣٨٨ . هەر کامە لە حکوومەتەکانی ناوچە و جیهان ڕووبەڕووی تەنیا یەک لەم پیلانانە ببوونایەتەوە تا ئێستا چەندین جار گۆڕانکارییان بە سەردا هاتبوو، بەڵام بە هۆی ئەوەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە بوونی پێشەوایەکی  ڕۆحی و دینی و هەرەها گەلێکی خاوەن بڕوا سەربەرزانە و سەرکەوتووانە هەموو قۆناغەکانی  تێپەڕاندووە.
ئەوەی لە ماوەی چەند ڕۆژی دواییدا لە هەندێ شاری ئێران بینیمان پیلانێکی نوێی نەیارانی هەمیشەیی گەلی ئێران و هەموو گەلانی ناوچە بوو و مەبەستی ئەم پیلانەش گەیشتن بە ئامانجە نگریسەکانیان واتا بەردەوامیدان بە داگیرکاریی لە ناوچەکە و کێشە نانەوە بۆ بەرەی مقاومە لە بەرانبەر زایۆنیسمە. نەیاران ئەم جارە داواکاریی ڕەوای گەلیان بەکارهێناوە. وەک چۆن ڕێبەری مەزنی شۆڕش فەرموویان "نەیاران بوونەتە هاوپەیمان بۆ ئەوەی حکوومەتی ئیسلامی تووشی کێشە بکەن." بە بڕوای نووسەری ئەم وتارە، هەڵبژاردنی وشەی "کێشە" لەلایەن ڕێبەری مەزنەوە، پڕ واتا و پڕ بە پێستی خۆیەتی و لێکدانەوەی ورد و ستراتیژی بەڕیزیان نیشان دەدات. لەم ماوەیەدا بینیمان بەرپرسانی ئەمنی بە شێوەیەکی ژیرانە و بەو پەڕی دان بە خۆدا گرتن و شێنەییەوە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ڕووبەڕوو بوونەتەوە و داواکاریی ڕەوای خەڵکیان لە ئاژاوەگێڕیی لێک جیا کردۆتەوە. ئەم ڕووداوانە بە پێچەوانەی لێکدانەوەی نەیارانی کۆماری ئیسلامی لەوانە ئەمریکا و زایۆنیسم و هەروەها هەندێ وڵات کە هەمیشە دارەدەستی نەیارانی گەلانی ناوچە  بوونە و هەمیشە بە دەوری بازنەی هەڵدێردا سووڕاونەتوە، دەرفەتێکی زێڕینە، دەرفەتێک کە بە هۆشیاریی بەرپرسان دوو لێکەوتەی باش بە دوای خۆیدا دێنێت. یەکەم: دان بە خۆدا گرتن لەبەرانبەر ناڕەزایەتی خەڵکی کە هەڵگری داواکاریی ڕەوان و هەڵسووکەوتی باش لەگەڵیاندا و جیاکردنەوەی ئەوان لە ئاژاوەگێران فاکتەرێکی بەهێزی سیستەمێکی گەلسالارە کە نە تەنیا دەنگی ناڕەزایەتی نابڕێت کە دەرفەتی هاواریشی پێ دەدات و ئەمەش دەرکەوتەی پێگەیشتوویی حکوومەتە.
دووهەم: قۆستنەوەی ئەم ناڕەزایەتیانە بۆ ئەنجام دانی ڕێفۆرمی هەمە لایەنە لە دەسەڵاتی بەڕێوبەریی کە لە ماوەی ئەمساڵدا و بە بەشداریی زیاتر لە ٤٠ میلیۆن ئێرانی و لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکرات هاتە سەر کار.س/ جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP