01/11/2017
ئيشراق 789 جار بینراوە
تۆڵە بە تۆڵە زەرەری زۆرە
بەداخەوە ئێمە لە پارچەیەکی ئەم زەوییە دەژین کە ئاسانترین شت لای ئێمە سووکایەتی کردنە بە پیرۆزییەکانی یەکتری، هەر لەو دەمەقاڵییەی نێوان دوو پیاو بگرە کە بەشتێکی سادە دەست پێدەکات و بەجنێودان بە شەرەفی دایک وخوشکی یەکتری کۆتایی دێ، تا سووکایەتیکردن بە ئاڵا و پیرۆزی گەلانی ترەوە.
باش دەزانن لەم چەند ڕۆژە چۆن سوکایەتی بەئاڵای کوردستان کرا، ئەمە شتێک بوو هەمووانی هەژاند و دڵی بریندارکردین، بە گوێرەی بەڵگەنامە و یاسا نێودەوڵەتییەکان ” ئاڵا شەرەف و کەرامەتی گەلانە ” کاتێکیش کەسێک سووکایەتی بەئاڵاکەت دەکات ئەوا سووکایەتی تەنها بە تۆ ناکات بەڵکو بە مێژوو، وشارستانیيەت و خەباتی سەرجەم ئەو خەڵکانە دەکات کە ئەم ئاڵایە بە هی خۆیان دەزانن، ئەوەی من دەمەوێ باسی بکەم سوکایەتیکردن نییە بە ئاڵای کوردستان، بەڵکو زەروورەتی سووکایەتی نەکردنی هەموو تاکێکی کوردە بە ئاڵای ئەوانی تر و ئاڵای عێراقیش بەتایبەتی، ئەگەر دەڵێیت بۆ؟ پێت دەڵێم چونکە منیش بەزمانی تۆ دەئاخڤم و خەمی یەکەمم ڕاستی و درووستی ڕەفتاری من و تۆیە نەک هەڵەی خەڵکانی تر.
مەحمود بایەزیدی لە کتێبەکەی “داب و نەریتی کوردەکان” دەڵێت یەکێ لە عادەتەکانی کورد ئەوەبووە کە ئەگەر دوژمنێکی ئەسپ سوار لەسەر ئەسپەکەی بەرببوایەتەوە، ئەوا هەرگیز نەدەکوژرا بەڵکو تەنها بەدیل دەگیرا.”
ئەم قسەیە زۆر ڕوونە هەرچەندە ڕاستەوخۆ لەوانەیە پەیوەندی بە بابەتەکەوە نەبێ، بەڵام کاتێ گیان یان پیرۆزییەکی ئەو کەسەت دەکەوێتە دەست کە ناکۆکیت هەیە لەگەڵی ئەوا ئەگەر خۆت بە کوردێکی ڕەسەن دادەنێی گەورەیی بنوێنە، گەورەیی تۆ ئەوەیە بزانیت کە ئەم ئاڵایە هی ملیۆنان کەسە و تەنها هی چەند کەسێک نییە، هەموو کات گشتاندن گەورەترین گرفتی ئێمەی ڕۆژهەڵاتییە.
ئەگەر ئەم چەند کەسە گاڵتە بە پیرۆزی من و تۆ دەکەن تۆ هەرگیز ئەوەت لەیاد نەچێت کە ئەوان نوێنەرایەتی هەموو عێراقییەکان ناکەن، با تۆڵە چاوتان کوێر نەکات و دەست کەوتی ئەم چەند ساڵەمان لێ نەسەنێتەوە کە ئێمە شارەکانی هەرێمی کوردستانمان بە نمونەی پێکەوە ژیان نیشانداوە.
من خۆم لەهەولێر دەژیم و زۆربەی دراوسێکانم عەرەبن، بەشێکی زۆریان خەڵکی باش و بێوەین، هەرچەندە ئێمە تا ئێستا تەنها لە شاشەکان سەیری ڕووداوەکان دەکەین بەڵام وەرە با هاوکێشەیەک ڕوون بکەمەوە بۆتان، کاتێ من و تۆ دڵمان خۆشە بەو سووکایەتیانەی بەئاڵای عێراق دەکرێت لە تۆڵەی ئەوەی چەند کەسێ سوکایەتیان بەئاڵای کوردستان کردوو، ئایا چ شتێک گەرەنتی ئەوە دەکات کە ئەو دەست خۆشییەی من و تۆ سبەی نابێتە کردار و ئێمەش هەمان رەفتاری ” تۆڵە بەتۆڵە” دووبارە ناکەینەوە؟
ئاخرشەڕ و ڕق و هەڵسوکەوتی هەرزەکارانە جگە لە پەشێمانی و ماڵوێرانی هیچی تری پێیە؟ تۆی هاوڵاتی مەدەنی کە باوەڕت بە ئازادی و سەروەری تاک هەیە دەبێت هۆشیاریت زۆر لەوە زیاتر بێ کە جیهان بکەیتە گۆڕەپانێکی گەورەی ململانێ، تۆ دەبێ خاوەنی تەفسیر و ڕای خۆت بیت، خاوەن ئەقڵ و تێگەیشتنی خۆت بیت و تەنها پەرچەکردارت نەبێ، چونکە پەرچەکردار نیشانەی لاوازییە.
دەبێ درک بەوە بکەیت کە ئەمە تۆڵەی تاکە کەسی نییە، بەڵکو کاتێ تۆ ئاڵایەک دەخەیتە ژێرپێکانی خۆت یان ژێر تایەی ئۆتۆمبێلەکەت، ئەوا سووکایەتی تەنها بە کەسێک و دوان ناکەیت بەڵکو بەهاوڕێ عەرەبەکەت دەکەیت کە هێشتا هەر هاوڕێتە و لەوانەشە لەگەڵت لەهەمان شوێن کاربکات و چەندان جاریش یارمەتی یەکتریتان دابێت، تەنانەت ئەو منداڵە بەغدادیەش لەخۆت دەکەیتە دوژمن کە لە قوتابخانە فێری کێشانی وێنەی ئاڵاَکەی کراوە و هیشتا سەر لەهیچ دەرناکات.
هاورێ گیان، ئەمڕۆ شێواندنی ڕاستییەکان بەهۆی تەکنەلۆجیا و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ئاسانترین شتە، بۆیە لەبری توڕەبوون و ئاڵا سووتاندن ئەم تەکنەلۆجیایە بۆ ئاشتی بەکاربێنە، تۆ دەست پێشخەربە و ئارەقەی شەرمەزاری بەوانە بڕێژە کە هەڵەیان بەرامبەر بە تۆ و پیرۆزییەکانی تۆ کردووە .
گوڵ هەنار سەعدی