27/03/2018
ئيشراق
720 جار بینراوە

پاڵپشتی لە کاڵای ئێرانی وەک ستراتیژێکی نیشتمانی

لە ڕاستیدا بمانەوێت یان نە، خواستی بەکارهێنانی کاڵای بیانی لە ئێراندا بوونی هەیە و ئاسەواری ئەمەش لە بوارەکانی ئابوری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری دەبینرێت. بۆ چاکسازی لەم ڕەوتەش پێویست بە هەنگاوێکی نیشتمانی و گشتگیر هەیە کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەمساڵی وەک ساڵی پاڵپشتی لە کاڵای ئێرانی ناو ناوە و بە دڵنیاییەوە دەتوانین بە هەوڵێکی نیشتمانی سەرجەم ئامانجەکانی جیهادی ئابوری مسۆگەر بکەین. سەرەکیترین هەنگاوەکانی گەیشتن بەم ئامانجە لێرەدا هاتووە:
پێداگری و جەخت کردنەوە لە سەر بەکارهێنانی کاڵای ئێرانی تەنیا ئامۆژگارییەک بۆ بەکارهێنەران نییە، بەڵکوو وەبەرهێنەرانیش پێویستە کاڵایەکی بەکوالیتی و بە نرخی هەرزان بەرهەم بێنن تا خەڵک حەز و خواستیان لە سەر بەکارهێنانی کاڵای بیانی نەبێت. وەبەرهێنەران دەبێت ڕێز لە مافی بەکارهێنەران بگرن و خەڵکیش تا کاڵای ئێرانی هەبێت کاڵای بیانی نەکڕن. ئەڵبەت ئەمە بەو مانایە نییە کە خەڵک پەنا بۆ کڕینی کاڵای گران و بە کوالیتی نزم ببەن، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە کڕیارانی کاڵای ناوخۆیی ڕەخنەش بگرن و بۆ باشتربوونی کوالیتی کاڵا گوشار لە سەر وەبەرهێنەران دابنێن و لە لایەکی دیکەوە سەرجەم ناوەندەکانی بڕیار و دەزگاکانی جێبەجێکار پێویستە پاڵپشتی لە وەبەرهێنانی ناوخۆیی و کاڵای ئێرانی بکەن.
لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی کڕینی کاڵای بیانی پێویستە لە سەرجەم دەفرایەتییەکانی ڕۆشنبیری، سیاسی، ئابوری و ... کەڵک وەربگیردرێت و ئەوەشمان لە بیر بێت کە ئەم دیاردەیە چەندین ڕەهەندی هەیە و بەرەنگاربوونەوەشی پێویستی بە هەوڵێکی هەمەلایەنە هەیە. لەم نێوەندەدا وەزارەتەکانی پەروەردە، ڕۆشنبیری، میدیاکان و دەتوانن ڕۆڵی مێژوویی خۆیان بگێڕن تا ئێرانییەکان بە شانازییەوە کاڵا و بەرهەمی ناوخۆیی بەکار بێنن.
وەزارەتی بازرگانی هاوڕێ لە گەڵ دەزگاکانی دیکە پێویستە ڕێگری لەو کاڵا و بەرهەمە بیانییانە بکات کە هاوشێوەی ناوخۆییان بە کوالیتی باشترەوە هەیە لە بەر ئەوەی کە کڕینی کاڵای بیانی بە واتای لەناوبردنی دەرفەت و هەلی کاری ناوخۆیی دێت و ئەگەر کاڵای بیانی لە بازاڕەکاندا نەبێت بە دڵنیاییەوە کڕینی لە لایەن خەڵکەوە کەمتر دەبێت.
ئەو کەسەی کە دەیەوێت لە بوارەکانی پیشەسازی، کشتووکاڵ و ... سەرمایەگوزاری بکات پێویستە لەوە دڵنیا بێت کە بە هاتنی کاڵای هاوشێوەی بیانی و هەروەها ئەو وەبەرهێنەرانەی کە زۆر گرنگی بە مافی بەکارهێنەران و کوالیتی کاڵا و بەرهەمەکان نادەن تووشی کێبەڕکێیەکی ناتەندرووست دەبێت و ڕەنگە چالاکییەکانی ئەوەندەش درێژەی نەبێت و بە ناچاری پەنا بۆ داخرانی کارگە و شوێنەکانی ببات.
ئەو بازرگانەی کە سەرمایەکەی دەخاتە بازاڕەوە، پێویستە لەوە دڵنیا بێت کە بە هاوردەکردنی کاڵای بیانی یان کاڵای بە کوالیتی نزمەوە مایەپووچ نابێت. بەکارهێنەرانیش پێویستیان بەو دڵنیاییە هەیە کە لە کوالیتی و نرخەکاندا تووشی زیان نابن، هەموو ئەمانەش پێویستیان بە چاودێری حکومەت هەیە.
لەو وڵاتانەی کە خاوەن ئابورییەکی بەهێزن، تەنانەت بچووکترین ئیش و کارەکانیش بە بێ چاودێری حکومەت جێبەجێ ناکرێت و پێویستە کەرتی ئابوری ئێمەش هەلومەرجێکی وەهای لە لایەن حکومەتەوە بۆ دابین بکرێت.
کۆنتڕۆڵی سنورەکان وەک سەرەتای گەیشتنی کاڵای بیانی و قاچاخ، هەردەم وەکوو هەنگاوێکی گرنگ لە مسۆگەربوونی ئەم ئامانجە هەژمار دەکرێت. باشتربوونی بژێوی ژیانی خەڵکی ناوچە سنورنشینەکان بابەتێکی زۆر گرنگە. نابێت خەڵکی ئەو ناوچانە لە هەژاریدا بن و ببنە ئامرازی دەستی قاچاخچییەکان. هەروەها نابێت بە بەکارهێنانی کاڵای بیانی بەستێنی بێکاری گەنجانی ئێرانی دابین بکرێت بەڵکوو بە دابینکردنی هەلی کار لە شار و گوندە سنورنشینەکان دەتوانرێت ڕێگری لە پەرەسەندنی دیاردەی قاچاخ بکرێت. بەکارهێنانی کاڵای ناوخۆییە کە بێکاری گەنجانی ئێرانی و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی هاوپەیوەند لە گەڵ ئەم دیاردەیە چارەسەر دەکات.
لەم پێناوەدا ئەرکی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێرانی زۆر گرنگە. بەکارهێنەران دەبێت بزانن کە کاڵای بیانی چەندین کێشەی گەورەی بە دواوە دەبێت وەک بێکاری گەنجانی ئێرانی. لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێرانی پێویستە سنورێک بۆ ڕێکلامی کاڵای بیانی دابنرێت. ئەوەمان لە بیر بێت کە قاچاخی کاڵا بە یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم گەشەی ئێران دادەنرێت. کەلتوری هاووڵاتیان دەبێت بەو ئاراستەدا ببرێت کە هەر هاووڵاتی هەست بەوە بکات کە بەکارهێنانی کاڵای قاچاخ بە واتای بێکاری گەنجانی ئێرانی دێت.
لە ئاکامدا پێویستە ئەوەمان لە بیر بێت کە بەکارهێنانی کاڵای بیانی کێشە و گرفتی گەورەی وەک بێکاری چەندین ملیۆن گەنجی ئێرانی، کێشە کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکان، داخستنی کارگە و یەکە وەبەرهێنەرەکان و لاوازبوونی کەرتی ئابوری ئێرانی بە دواوە دەبێت، هەر بۆیە پێویست بەوە دەکات کە هەمووان پێکەوە کاڵا و بەرهەمی ناوخۆیی ئێران بە کار بێنین.س/ جام كوردى

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP