25/10/2017
ئيشراق 592 جار بینراوە
هەڵپەڕكێی ڕیفراندۆم و شینی كەركوكییەكان!
سیاسەت تا ئەوكاتە جوانە كە بۆ خزمەتی گشتی بێت، وەك ئەرستۆ گوتی سیاسەت بریتییە لە چاكەی گشتی، كاتێك خوێندنەوە بۆ سیاسەتی كوردی دەكەین لە هەرێمی كوردستان توشی چەندین سەرسوڕمان و شۆكی گەورە دەبین، سیاسیەكانی كورد چارەكە سەدەیەك لەڕێگەی جوڵاندنی سۆزی نەتەوەیی كوردەوە ڕەوایەتی بەخۆیان دەدەن، كورد تائەمڕۆش باجی خۆشباوەڕی خۆی دەدات بۆ سیاسییە فاشیلەكانی، كاتێك دەیانەوێت پڕۆژەیەكی حزبیو شەخسی بجوڵێنن دێن كار لەسەر سۆزی نەتەوەیی دەكەن و لەم ڕێگەوە نیشتمانپەروەر و خیانەتكارانی نەتەوە دیاریدەكەن.
ڕیفراندۆم پڕۆژەیەك بوو بە كەموكوڕیی گەورەوە ئەنجامدرا، پڕۆژەیەك بە ڕق و هەستی شەخسی ئەنجامدرا، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بێ گوێدانە ڕەخنەی ناوخۆ و دەرەوە ئەم پڕۆژەیەی ئەنجامدا و حزبەكانی تریش بۆی چەمانەوە، سیاسەت ناكرێت بەڕق و هەستی شەخسی بكرێت، بارزانی پێش ڕیفراندۆم گوتی حیساب بۆ هیچ كەسێك ناكەین! سەیرە سەركردەیەك بەم شێوەیە قسەبكات، لەكاتێكدا دەبێت هەمو شتێك حیسابی بۆ بكرێت، چونكە هەرێم لە گشت لاوە دەوردراوە بە دوژمنی ڕیفراندۆم، مرۆڤی گەورە دەبێت حساب بۆ گشت ئەگەرەكان بكات تەنانەت بۆشتە بچوكەكانیش، هەڵپەڕینو جۆشدانی هەستی نەتەوایەتی پێش ڕیفراندۆم بەرەو كۆتایی ڕۆیشت، دوای ئەوەی هەڕەشەكان بونە ڕاستی و مەترسییەكان دەركەوتن.
شەڕی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی چاوڕوانكراو بوو، ئەمڕۆ كەركوك باجەكەی دەدات و دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات، كورد بیری لە پایەكانی دەوڵەت نەكردۆتەوە، دەبینین هێزەكانی پێشمەرگە یەكتر تاوانبار دەكەن بە هەڵاتن و خیانەت، دەوڵەت هێزێكی نیشتمانی نەبێت دەوڵەتێكی شكستخواردووە، یەكێتی و پارتی نەیانویستووە هێزێكی نیشتمانی دروستبكەن بەڵكو بۆ خزمەتی سیاسەتی حزب بەكاریان دێنن، ڕاگەیاندنەكان شەڕی شكاندنی پێشمەرگەكانی یەكتر دەكەن، ئەمەش فەشەلی ڕیفراندۆم و دروستبوونی دەوڵەتمان نیشان دەدات.
سیاسەت بە ڕق و شەخسی مایەی گاڵتەجاڕییە، هەڵپەڕینەكەی ڕیفراندۆم و شینی كەركوكییەكان پێمان دەڵێت سیاسییەكانمان خەریكی خەڵەتاندنن و خەڵكیش تەسلیمی سۆزی نەتەوایەتییان بوون، ئەو سۆزەی سیاسیەكان پێی قەڵەوتردەبن و هەژارەكانیش جەنگی بۆ دەكەن، سیاسیەكان سیاسەت دەكەن لەڤێلاكاندا بەبێ شەڕ، خەڵكیش شەڕ دەكات لە بەرەكانی جەنگ بەهۆی سیاسەتی فاشیلی سیاسیەكان.
ئارام قادر حەمەسور