13/02/2018
ئيشراق 812 جار بینراوە
پشتیوانی لە کورد ئەڕکی ئێرانە
سروشت ڕەنگینە، مرۆڤیش بەشكێکە لە سروشت یاخود خودی ژینگەیە، بۆیە ڕەنگینە. ڕەنگینی دیمەنی جوانی سروشتە، وەک باغچەیەکی ڕەنگین. مرۆڤی ڕەش، سوور، سپی، پشت مل پان، چاوشین، مووکاڵ، ژن، پیاو، ئایندار، بێئایین، زەردەشتی، ئێزیدی، یارسان، بودایی، یەهودی، موسڵمان، مەسیحی، کاتولیک، پڕۆتستان، ئەرتۆدۆکس، شیعە و سوننی... هەروەها لە ڕووی نەتەوە و زمان و زاراوە. مرۆڤ ڕەنگینە و ڕەنگینیەکان یەکتر تەواو دەکەن و باغچەیەکی ڕەنگین دروست دەکەن و یەکتر ناخۆن.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو شانازیەی پێ بڕاوە کە ناوچەیەکی ڕەنگین و دەوڵەمەندی فەرهەنگییە. بەر لەوەی وشەی دیموکراسی هەبێت و باس لە بەیەکەوەژیانی جیاوازیەکان بکرێت، ئەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەلان بە جیاوازیەوە لەپەنا یەک ژیاون و بەیەکتر کاریگەر بوون و خزمایەتیان بە دڵێکی پاکەوە پێک هێناوە.
ئێران و کوردستان بەگشتی نمونەی بەرزی بەیەکەوە ژیانی گەلان و ئاینەکان و زمانەکانن. کورد و فارس خوشک برای یەکن لە مێژوودا تا ئەمڕۆ و تا هێرشی عەرەبەکان بۆ سەر ساسانیەکان و تێکدانی ئەم هاوبەشیە ناتوانین بڵێین ئەمە مێژووی کوردە و ئەمەش مێژووی فارسە.
لە سەردەمی ئێستاشدا کە "کەسایەتی لە مێژوودا و مێژوو لە کەسایەتیدا شاراوەیە"، ئەوە ناتوانین بە سەربەخۆیی کارتێکردنی ئەم دوو گەلە لەبەرچاو نەگرین. کورد و فارس بە تەواو واتا خزمی یەکن و دەبێت هەمیشە پشتی یەک بگرن. ئەوە بەو واتایە نییە کە ئەم دوو گەلە هێزی چەکداری هاوبەش پێکبێنن و داگیرکاری بکەن، بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێرش بۆ سەر شارستانیەت لەسەر دەستی زلهێزان بەردامە و پێویستە ئەم دوو گەلە خاوەن مێژوو و فەرهەنگە بۆ پاراستنی کلتوور و شارستانیەتی خۆیان و جوگرافیای خۆیان لەهەر شوێنێک دەست لە دەستی یەکتر نین. کۆمەڵگای کورد و فارس رۆژانە یەکتر لەباوەش دەگڕی، بۆیە لە ئاستی سیاسیدا ئەم هەنگاوە پێویستە برەوی پێ بدرێ.
لە ڕووی جیاوازی زمانەوە ئەوە فارسەکانیش زاراوەیان هەیە و لە شار و ناوچە جیاوازەکانیش ئەم جیاوازیە زمانیە دەبینرێت، پارتەکانیش لە باشووری ئێران شێوەی قسەکردنیان لە نێوان کورد و فارس دایە. لە ڕووی ئاینیەوە لە سەراسەری کوردستان ئەوە کوردی زەردەشتی و ئیزیدی کە ئاینی کۆنی گەلی ئارین بوونی هەیە. بە هاتنی ئیسلامیش شیعە و سوننە پەیدا بووە لە نێوان کورد و فارس و ئازەریدا. ئەمانەش هەموو جیاوازی و ڕەنگینین، بۆیە دەبێت ئێمە شانازی بەو ڕەنگینیەوە بکەن.
لە ئێستادا وڵاتانی زلهێز بە سەرکەشی ئەمریکا کە ئابووری خۆیان لەسەر چەک، داگیرکاری و دەستێوەردانی وڵاتان بونیاد ناوە. جیاوازیەکان کە یەکتر تەواو دەکەن، دەیانەوێت لە واتای بەیەکەوە ژیانەوە بیگۆڕن و بڵێن کە جیاوازیەکان یەکتر دەخۆن و دەست بە فیتنەگێڕی دەکەن و ژێرخان و شارستانیەتی ئێمە بە باڕوت لەناو دەبەن تا دواجار لە رووی ئابووریە بە بەهانەی وەبەرهێنان تاڵانی بکەن. وەک چۆن پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت: دار هۆرەی لە خۆی نەبێت ناقەڵشێت، بۆیە دەیانەوێ هۆرە لە جیاوازیەکان بدەن، هیوادارم ئەم هۆرەیە نە لە کەس بدرێت و نە کەس ببێت بە هۆرە.
ئەو فیتنانە زیاتر لە نێوان موسڵمانی شیعە و سوننە برەوی پێ دەدرێت و یان لە نێوان گەلاندا تا ئەو جیاوازیانەی کە بە ڕەنگی خۆیان بۆنی گوڵ دەدەن، بیکەن بە بۆنی باڕوت. هەموو ئەو هێرشانە بە وریایی و ژیری گەلانی ناوچەکە پووچەڵ دەکرێنەوە، بۆیە ئێمە دەبێت خۆمان لە هەموو زهنیەتێکی ناوەندگەرا و خودپەسەند داماڵێن و ئەم جیاوازیانە وەک دەوڵەمەندی و ڕەنگینی ببینین و شانازیان پێوە بکەین و هەمیشە لە نێوانماندا دیالۆگ، بەخشین و وەرگرتن هەبێت.
لە ئێراندا کە دەوڵەت لەسەر بنەمای شیعەی دوازدە ئیمامی دانراوە، پێویستە دوو هێندە ڕێز لە جیاوازیەکان بگیرێت تا دژمنان جیاوازیەکانمان لێ نەکەن بە ئاگر. هەرچەندە فەرهەنگی کورد و فارس شەڕ و کینە بەخۆیەوە ناگرێت و پەسەندکردنی جیاوازی لە نێوانیاندا بۆتە فەرهەنگ. ژن و ژنخوازی لە نێوان گەڵانی ئێراندا لە ئاستی بەرز دایە. زۆر تاکی ئازەری، کورد و فارس و عەرەب دڵیان داوە بە یەک و بەیەکەوە ژیانی هاوبەشیان پێکەوە ناوە. لە ئێستادا ئەم گەلانە لە زۆربەی پارێزگاکان و شارەکان ورمێ، کرماشان، تاران، ئیلام، ئیسفەهان – نەغەدە، ورمێ خۆی... کە بە هیچ شێوەیە ناتوانین لەیەکیان دابڕین، چۆن دڵیان لەناو دڵی یەک دایە.
لەسەر ئەو بنەمایە پێویستە وەزاڕەتی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی ئێران ئەو دەوڵەمەندییە وەک هەنگاوێکی مێژوویی زیاتر لەبەرچاو بگرێت و پێش بە وتاری ئایینی، ڕاگەیاندن، کتێب و هەر شتێک کە گورز لەو دەوڵەمەندیە دەدات، پێشی پێ بگرێت تا گەلان و ئاینەکان بە ڕەنگی خۆیان و جیاوازیەوە هەر وەک بە سروشتی بەیەکەوە ژیان بەردەوام بەیەکەوە بژین و ئێمە شانازی بەیەکەوە بکەین و بە ئەشقەوە بژین با ئەشقی بەیەکەوەژیان ناو مێشکمان داگیر بکات.
من ئاگادار نیم کە ئایا لە ڕابردوودا چ کتێبێکی نژادپەرەستی یا دەرماگیری ئاینی لە ئێراندا چاپ بووبێت، هیوادارم ئەوە رووینەدابێ و ئەگەریش کەسانێک بە زهنیەتێکی ئاوا شتیان نووسیبێت لە ئێستادا وەختی ئەوە هاتوو زهنیەتی خۆیان رەنگین بکەن. وەختی ئەوە هاتووە کە هەموو ئەو شتانەی کە تۆوی دووبەرەکی دەنێنەوە، هەڵگیرێنەوە و لێپرسینەوە لەو کەسانەش بگرێت کە تۆوی دووبەرەکی بڵاو دەکەنەوە.
هەنگاوەکانی کابینەی دەوڵەتی "بیر و هیوا"ی ڕوحانی وەک ڕەنگینی جێگەی پێزانینن لەو هەولانەی کە بۆ ڕاگەیاندن و گوزارشت لەخۆکردنی گەلانی ڕەخساندووە لەناویاندا خوێندن لە مەکتەبەکاندا بە زمانی کوردی و مۆڵەتدان بە چاپەمەنی کورد و ڕێزگرتن لە ئاینەکان و ئەمەش بیرێکی باشە و هیوایە بۆ هەموو گەلان کە هیوادارین بەردەوامی هەبێت. بە تایبەت بۆ گەلی کورد کە لەگەڵ فارس ڕەگ و ڕیشەیان یەکە. پشتیوانیکردن لە کوردەکان کە بێپشت و پەنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەڕکی سەرشانی ئێرانە، کوردەکانیش گەلێکی ئاری رەنگینیان دەوێ و نایەنەوێ هیچ هێزێکی دەرەکی دەستیان لە کاروباریان وەربدات، پێوستە ئەم دوو گەلە بەیەکەوە ئاشقانە بژین. برەودانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە پێوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و گوزارشتکردن لە دۆخی کورد لە تورکیا و سووریا جێگەی پێزانینە. پێویستە کورد و فارس دەست لەناو دەستی یەک هەموو ئەو هەوڵانە پووچەڵ بکەنەوە کە برایەتی نێوان گەلان تێک دەدات تا بە ڕەنگینی بە یەکەوە بژین.
سەلاح حوسێن پور