07/08/2018
ئيشراق
525 جار بینراوە

وه‌ک هه‌میشه‌ ده‌ڵێین که‌ ئه‌مریکا جێی متمانه‌ نییه‌

به‌ درێژایی ته‌مه‌نی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئه‌مریکا به‌رده‌وام وه‌ک دوژمنی سه‌ره‌کی گه‌ل و حکومه‌تی ئه‌م وڵاته‌ هه‌ڵسووکه‌وتی کردووه‌، له‌ پاڵپشتی و پڕچه‌ککردنی ڕژێمی دیکتاتۆری سه‌دام و هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی له‌ دژی ئێران که‌ تێیدا ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ خه‌ڵکی بێ تاوان‌ شه‌هید و که‌مئه‌ندام بوون. درێژه‌دان به‌ سیاسه‌تی دوژمنکارانه‌ و سه‌پاندنی گه‌مارۆ و سزای ئابوری و خوڵقاندنی ده‌یان کێشه‌ و قه‌یرانی دیکه‌ به‌ پاڵپشتی وڵاتانی به‌کرێگیراوی وه‌ک ڕژێمی زایۆنیستی و سه‌عوودیا به‌شێک له‌و سیاسه‌تانه‌ بووه‌ که‌ له‌ لایه‌ن واشنتنه‌وه‌ دژ به‌ تاران جێبه‌جێ کراوه‌.
به‌ واژۆکردنی ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی درگاکانی په‌یوه‌ندی جیهانی له‌ ڕووی سیاسی و ئابورییه‌وه‌ زیاتر له‌ ڕابردوو به‌ ڕووی ئێراندا کرایه‌وه‌ و ویستی ئاشتیخوازانه‌ی ئه‌م وڵاته‌ بۆ جیهانیان دووپات کرایه‌وه‌، ئه‌م سیاسه‌ته‌ سه‌لمێندراوه‌ی تاران که‌ له‌ سه‌ر ئاستی جیهانی پێشوازی لێکرا، بوو به‌ هۆی ناڕه‌زایه‌تی شوێنکه‌وتووانی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌که‌. سه‌عوودیا و ڕژێمی زایۆنیستی پێکه‌وه‌ و له‌ به‌ره‌یه‌کی هاوبه‌شدا هه‌وڵی کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکایان له‌م ڕێکه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ دا. به‌ گه‌یشتنی دۆلاره‌ نه‌وتییه‌کانی سه‌عوودیا بۆ کۆشکی سپی، سه‌رۆک کۆماره‌ بازرگانه‌که‌ی ئه‌مریکا بڕیاری کشانه‌وه‌ی وڵاته‌که‌ی له‌م ڕێکه‌وتنه‌ ده‌رکرد و هه‌ڕه‌شه‌ و گوشاره‌کانی له‌ دژی ئێران زیاتر کرد.

به‌ بۆچوونی شاره‌زایانی بواری نێوده‌وڵه‌تی و به‌ پشت به‌ستن به‌ ئه‌زموونی خۆڕاگری چوار ده‌یه‌ی ڕابردوو، ئێران جیاوازییه‌کی زۆری له‌ گه‌ڵ کۆریای باکور هه‌یه‌ و هیچ کات له‌ ژێر کاریگه‌ری ئه‌و گوشارانه‌دا ملکه‌چی سیاسه‌ته‌ چه‌وسێنه‌ره‌کانی ئه‌مریکا نابێت. ئێستاش له‌ شانۆگه‌رییه‌کی ئاشکرادا دوناڵد تره‌مپ داوای وتووێژی بێ پێش مه‌رجی له‌ سه‌رۆک کۆماری ئێران کردووه‌. شڵه‌ژاوی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ کاتێکدایه‌ که‌ هاوکات له‌ گه‌ڵ پێشنیاره‌که‌ی تره‌مپ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا چه‌ندین مه‌رجی بۆ وتووێژ له‌ گه‌ڵ ئێران دیاری کرد. ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ده‌ستبه‌جێ به‌رپرسانی باڵای ئێران هه‌ر چه‌شنه‌ دانوستانێکیان له‌ گه‌ڵ شه‌یتانه‌ گه‌وره‌که‌ ڕه‌تکردووه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بێ متمانه‌یی به‌ سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکامان زیاتر بۆ ڕوون ببێته‌وه‌، له‌ درێژه‌ی ئه‌م نووسینه‌دا که‌ڵک له‌ فه‌رمووده‌کانی ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامی وه‌رده‌گرین که‌ هه‌موو کات ڕواڵه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌مریکایان بۆ جیهانیان ڕوون کردووه‌ته‌وه‌.
به‌ڕێزیان له‌ وتارێکیان له‌ زانکۆی فه‌رهه‌نگیان و سه‌باره‌ت به‌ ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی فه‌رموویان:  " سه‌باره‌ت به‌ ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی، هه‌ر له‌ ڕۆژی یه‌که‌مه‌وه‌ و چه‌ندین جار ئه‌وه‌م باس کردووه‌ که‌ متمانه‌تان به‌ ئه‌مریکییه‌کان نه‌بێت، له‌ کۆبوونه‌وه‌ تایبه‌ت‌ و گشتییه‌کاندا ئه‌مه‌م باس کردووه‌، ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت ڕێکه‌وتن بکه‌ن، جێبه‌جێکردنه‌که‌ی ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن، متمانه‌تان به‌ قسه‌ی ئه‌وان نه‌بێت".
له‌ 13ی گه‌ڵاڕێزانی ساڵی 1395ی کۆچی هه‌تاوی و ته‌نیا 10 مانگ پاش تێپه‌ڕبوون به‌ سه‌ر جێبه‌جێکردنی ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی له‌ چاوپێکه‌وتنی هه‌زاران خوێندکار له‌ گه‌ڵ به‌ڕێزیان فه‌رموویان: " بۆچوونێکی هه‌ڵه‌ که‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریکییه‌کانه‌وه‌ هه‌نارده‌ ده‌کرێت و هه‌ندێک له‌ ناوخۆش بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن و له‌ ئه‌وه‌ی یه‌که‌میش مه‌ترسیدارتره‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌مریکا سازشت بکه‌ین، کێشه‌کانی وڵات چاره‌سه‌ر ده‌بێت. هۆکاری زۆر بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ هه‌یه‌، دوایین نموونه‌شی هه‌ر ئه‌م ڕێکه‌وتنی ناوه‌کییه‌، من چه‌نده‌ له‌ ڕه‌وتی دانوستانه‌کان ئه‌وه‌م باس کرد که‌ ئه‌وان جێی متمانه‌ نین، ئێستا هه‌مووان به‌و ڕاستییه‌ گه‌یشتوون که‌ نابێت متمانه‌ به‌ ئه‌مریکا بکرێت، ته‌نانه‌ت شاندی دانوستانکاری ڕێکه‌وتنی ناوه‌کیش".
ئێستاش گه‌ل و حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ شانۆگه‌رییه‌که‌ی ئه‌مریکا بۆ داوای دانوستان تێده‌گه‌ن و پیلانه‌که‌ی ئه‌م وڵاته‌ به‌ ووشیاری به‌رپرسانی باڵای وڵات جارێکی دیکه‌ پووچه‌ڵ ده‌بێته‌وه‌. راسته‌ که‌ گوشاره‌ ئابورییه‌کان کاریگه‌ری ده‌کاته‌ سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک، به‌ڵام له‌ پاش سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی گه‌لی ئێران، ئه‌مریکا به‌ هه‌موو شێوازێک دژایه‌تی گه‌لی ئێرانی کردووه‌ و ئێرانییه‌کانیش به‌وپه‌ڕی خۆڕاگری و نیشتمانپه‌روه‌رییه‌وه‌ وه‌ڵامی شه‌یتانه‌ گه‌وره‌که‌یان داوه‌ته‌وه‌ و خاکی پاکی وڵاتیش دیسانه‌وه‌ ده‌پارێزن.

س/جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP