06/02/2018
ئيشراق
585 جار بینراوە

کردنەوەی خاڵە سنورییەکان و کاریگەریی لە سەر جموجوڵە بازرگانییەکان

لای هەمووان ئاشکرایە کە بۆ ماوەیەک هەر دوو خاڵی سنوری پەروێزخان و حاجی ئۆمەران بە ڕووی بازرگانی و گەشتیارانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران داخرابوو، ئەمەش هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ پەکخستنی جموجوڵە بازرگانی و ئابورییەکان و تەنیا بازرگانان و هاوردەکارانی هەرێمی کوردستانیش تێیدا زەرەرمەند نەبوون بەڵکوو بە پێچەوانەشەوە بازرگانانی ئێرانیش بە هەمان شێوە زەرەرمەند بوون کە ساڵانێکی زۆرە پەیوەندی بازرگانی و پیشەسازی لە نێوان کەرتی تایبەتی هەر دوو لادا هەیە و گەیشتووەتە ئاستێکی  باڵا.
بەدەر لەمەش بازرگانانی هەر سێ خاڵی سنوری باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران لە کار و کەسابەتێکی بەرفراواندا بوون، لە هەر دوو دیوی ئێران و هەرێمی کوردستان، دەتوانین مەزندە بکەین کە لەم داخستنەدا بە سەدان ملیۆن دۆلار زیان بە هەر دوو لا گەیشتووە، جگە لەوەش کاریگەریی لە سەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان داناوە، لە گرانبوونی کاڵا و پێداویستییەکانی خەڵک تا لاوازبوونی جموجوڵە بازرگانییەکان.
کردنەوەی خاڵە سنورییەکان هەنگاوێکی مزگێنی بەخش بوو بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و بازرگانان و کاسبکاران و کۆمپانیاکانی هاوردە و هەناردە بە تایبەتی. ئێستا دەتوانین ئاماژە بەوەش بدەین کە پاش ڕیفراندۆم پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێی عێراق ئاسایی بووەتەوە و ئەمەش هۆکارێکە بۆ سەقامگیری ئابوری و وەگەڕخستنەوەی بازاڕەکان و لە هەمان کاتیشدا دەبێتە هەنگاوێکی کاریگەر بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و پاراستنی پەیوەندییە هاوبەشەکان و ئاساییبوونەوەی دۆخی ئابوری و بازرگانی.
هەرێمی کوردستان سوودمەندێکی گەورەیە لەم بوارەدا، هەندێک حیزب و لایەنی سیاسی پێیان وابوو کە پاش کارەساتەکانی ئەم دواییە، کوردستان تووشی مەینەتی و سەرلێشێواوی دەبێت.
بەڵام دەرکەوت هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بە پاڵپشتی پەرلەمانی کوردستان بە شێوازێکی زانستیانە بەرەو پێش دەڕوات لە پێناو چاکسازی و باشتربوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و لە هەمووش گرنگتر بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێی و جیهانی دەرەوە. ئەمجارەش هەرێمی کوردستان بە تەنیا نەمایەوە و مەترسییەکان تێپەڕێندرا و کردنەوەی خاڵە سنورییەکان دەبێتە هۆکارێکی گرنگ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کەرتی ئابوری گەشە بکات و بەرەو پێش ببرێت.
هاتنە پێشەوەی حکومەتی بەغدا بۆ وتووێژ و ڕێکەوتن لە گەڵ هەرێمی کوردستان و هیودارییەکان بەرەو چارەسەربوونی کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و کێشەکانی دیکە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق، هەموو پەیامی مزگێنی بەخشن بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە پاش ئەو تەم و مژەی کە بە هۆی ڕیفراندۆم و کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە سەریاندا هات. لە ئێستادا جارێکی دیکە ئاسۆ ڕووناکە و هەرێمی کوردستان بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات.
عەبدووڵڵا حاجی سەعید

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP