25/01/2018
ئيشراق
633 جار بینراوە

دانوستانەکانی تاران دەبنە چارەسەری کێشەکانی هەولێر - بەغدا

کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق خاوەن پەیوەندییەکی مێژوویین. ئەوان لە سەردەمی حیزبی بەعسی ڕووخاوە، لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم دوژمنە هاوبەشە، پەیوەندییەکانیان گەیاندە لوتکە و لە ساڵانی پاش ڕووخانی ئەو دیکتاتۆرە، کۆماری ئیسلامی ئێران یەکەم وڵات بووە کە بە کردنەوەی دوو کۆنسووڵخانەی هەولێر و سلێمانی پەیوەندییەکانی ڕابردووی لە گەڵ برایانی کوردی عێراقی بە شێوازێکی فەرمی دیپلۆماسی دەستپێکرد و بەرەوپێشچوونی زۆریش لەم پەیوەندییانە بینراوە.
لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان تاران - هەولێر چەندین فاکتەری گرنگی دیکە ڕۆڵیان هەبووە کە دەتوانین بوونی سەدان کیلۆمەتر سنوری هاوبەش وەک بناغەیەکی بەهێز بۆ ئەو پەیوەندییانە ناو ببەین. هەر ئەمەش وایکردووە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لەم خاڵە سنورییانە و تەنانەت لە بازاڕچە سنورییەکانی نێوان هەر دوو لا گەشەی پێ بدرێت.
گەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە، ئێران هەردەم وەک هاوکار و پاڵپشتی کوردانی عێراق بووە، خەڵکانی هەرێمی کوردستان هێشتا بیرەوەرییەکانی خزمەتکردنی ئێران و ئێرانییەکانیان بە ئاوارەکانی بۆردومانی کیمیاوی هەڵەبجە یان کۆڕەوەکەی مەزنەکەی گەلی کورد و دەیان جاری دیکە بە تایبەت لە سەردەمی شەڕی داعشیان لە بیر ماوە و هیچ تۆز و گەردێک ناتوانێت کاریگەری لە سەر ئەم پەیوەندییانە دابنێت.
ئێستا دۆخێکی جیاواز هاتووەتە پێشەوە. لە پاش ڕیفراندۆم پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند ئالۆزییەکی زیاتری بە خۆوە بینی و کۆمەڵە کێشە و گرفتێکی نوێ وەک کێشەی فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنورییەکان بە کۆی ئەو کێشانە زیاد کران کە ساڵانێکە بە بێ چارەسەر ماونەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گوشارخستنە سەر حکومەتی ناوەند لە چەندین سەردانی بۆ وڵاتانی ئەورووپی لە گەڵ سەرۆک کۆماری فەرەنسە و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و کەسانی دیکەش کۆبووە، ئەگەرچی ئەو وڵاتانە پاڵپشتی خۆیان بۆ دەستپێکردنی وتووێژەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕاگەیاند و داواشیان کرد ناوەند مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات بەڵام گۆڕینێکی ئەوتۆمان لەم پەیوەندییانەدا نەبینی. ڕەنگە بوترێت کە دانوستانەکانی حکومەتی هەرێم و بەغدا دەستیپێکردووە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە تایبەت بە کێشە بچووکەکانی وەک فڕۆکەخانەکان بووە و کێشە و گرفتە گەورەکان بە شاندی لەم جۆرە و بەم خێراییە چارەسەر ناکرێت.
دید و تێڕوانینی نێچیرڤان بارزانی بۆ سیاسەتی حکومەتی هەرێم لە ئاستی ناوخۆیی، عێراق، ناوچەکە و جیهان جیاوازترە لەوەی کە پێشتر بینراوە، هەر ئەمەش دەتوانێت لە ئاکامدا دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەرەو گۆڕانکاری ببات. پاڵپشتی وڵاتانی دەرەوە لە نێچیرڤان بارزانی وایکردووە کە بە گەشبینی لە هەنگاو و کردەوەکانی بڕوانین، ئەڵبەت بە مەرجێک کە کێشە سیاسییە ناوخۆییەکانی هەرێمیش چارەسەر بکرێت و پەرتەوازی سیاسی بە لاوە بنرێت.
سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و پاشان بۆ تاران خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کراوە. سەرۆک وەزیران لە بەغدا گوێی لە قسەکانی حەیدەر
عەبادی بووە و بۆی ڕوون بووەتەوە کە چارەسەری کێشەکان چۆن دەبێت بەڵام ڕەنگە حکومەتی ناوەند ئەوەندەش هەنگاوی بەپەلە بۆ چارەسەربوونی ئەو کێشانە هەڵنەگرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم بە هۆی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و کێشە ئابورییەکانەوە لە ژێر گوشارێکی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی دیکەیە کە لەم ماوەیەدا کشانەوەی خۆیان لە کابینەی نێچیرڤان بارزانی ڕاگەیاندووە. هەروەها بە پێی ئەوەی کە لە هەر دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و عێراق نزیک دەبینەوە کێشە و گرفتەکان و ناڕەزایەتی خەڵک ڕەنگە کاریگەرییان لە سەر ڕێژەی بەشداری لەو هەڵبژاردنانەدا هەبێت.
لە کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکانی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران هەر دوو لا هاوڕا بوون لە سەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و چارەسەربوونی کێشە و گرفتەکانی هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووری ئەم وڵاتە. کۆماری ئیسلامی ئێران وەک چۆن لە تارانەوە ڕاگەێندرا، ستراتیژی خۆیی لە سەر بوونی هەرێمی کوردستانی بەهێز و پێشکەوتوو لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو و یەکپارچە داناوە و وەک چۆن لە هەر سێ چاوپێکەوتنەکەشدا دیسانەوە جەختی لە سەر کرایەوە، ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بۆ تاران زۆر گرنگە. هەروەها ئەم سەردانە دەتوانێت پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەولێر و تارانیش بەرەو قۆناغێکی نوێ و چالاکتر لە ڕابردوو ببات کە لە پێناو مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی هەر دوو لا بە پلانێکی تۆکمە کاری لە سەر بکرێت.
بە پێی ئەو وتانەی کە پێشتر ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا ڕایگەیاندبوو کە تاران هەوڵی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای داوە و لەم ڕێگایەشدا بەردەوام دەبێت تا ئەو کێشە و گرفتانە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەسەر ببن و هەروەها لە ژێر ڕووناکی سەردانەکەی تاران و دانوستانەکانی نێوان شاندی کوردی و بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران چاوەڕوان دەکرێت: یەکەم، ئێران لە ڕێگای حکومەتی ناوەندی عێراقەوە هەوڵی چارەسەری دەستوورییانەی کێشە و گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بدات و کەشێکی ئەرێنی بە سەر پەیوەندییەکانی نێوانیان بخوڵقێنێت. دووەم، بە چارەسەربوونی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر بە تایبەت لە ڕووی سیاسی و ئابورییەوە بەراورد بە ڕابردوو بەرزتر دەبێتەوە.س/ جام کوردی 

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP