20/03/2018
ئيشراق 601 جار بینراوە
بۆچی ترەمپ تیلرسۆنی لابرد؟
رۆژی 13 ئازاری ئەم ساڵ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی ریكس تیلەرسۆنی لەسەر كار لادا، ترەمپ هەواڵی لابردنەكەی بە تویتێك راگەیاند، بەوپێیەش كە تیلەرسۆن لە تۆڕی تویتەر هەژماری نییە، بۆیە هەواڵەكەی لەلایەن كارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە بەچاپكراوی پێگەیشت.
هەرچەندە سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپو وەزیری پێشووی ئەمریكا تیلەرسۆن لە خاوەنكارە بەناوبەنگەكانی ئەو وڵاتەن، بەڵام لەماوەی رابردوودا چەندین جار دەركەوت كە ئەو دوو كەسایەتییە تێگەیشتن لە نێوانیاندا نییە.
پێش دەستبەكاربوونی ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا، هەریەك لە وەزیری بەرگری پێشوو ڕوبەرت گەیتسو وەزیری دەرەوەی پێشوو كۆندالیزا رایس. پێشنیازیان بۆ ترەمپ كرد پشت بە تیلەرسۆن ببەستێت بۆ ئەم پۆستە گرنگە.
سەرەتای ناكۆكییە ئاشكراكانی نێوان تیلەرسۆنو ترەمپ، دەستپێشخەرییەكی تیلەرسۆن بوو كە ترەمپی بە»گەمژە» وەسف كرد، پاش كۆبوونەوەیەك لە مانگی تەموزی ساڵی رابردوو لە پنتاگۆن.
سەرۆكی ئەمریكاش بە تەحەداوە وەڵامی وەزیرەكەی دەرەوەی خۆی دایەوە، بەبانگهێشتكردنی بۆ پشكنینی زیرەكی بۆ هەردووكیان، بەڵام دواتر وتەبێژیك بە ناوی ترەمپەوە رایگەیاند كە ئەوە تەنیا گاڵتەیەك بووە.
هەرچەندە پێشتر چەندین راپۆرت بڵاوكرایەوە لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی تیلەرسۆن بەهۆی چەندین جیاوازی لەگەڵ ترەمپ، بەڵام مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا تیلەرسۆن ئەو هەواڵو راپۆرتانەی رەتكردەوەو رایگەیاند كە بیر لە دەستلەكاكێشانەوە ناكاتەوە.
هەرچەندە تیلەرسۆن بە ئاشكرا پابەندبوونی خۆی بۆ سیاسەتاكانی ترەمپ راگەیاندبوو، بەڵام ئەمە دەربڕینێكی راستگۆیانە نەبوو. لەم چوارچێوەیەشدا دوای لابردنی تیلەرسۆن، ترەمپ رایگەیاند كە ناكۆكییەكانی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی «تەوافقی« شەخسی. هەروەها وتیشی « ئێمە رێكبووین پێكەوە، بەڵام لەسەر چەندین مەسەلە جیاواز بیرمان دەكردەوە».
ترەمپ دەڵێت» كاتێك سەیری رێكەوتنەكەمان لەگەڵ ئێران دەكرد، من پێم وابوو ترسناكە، بەڵام ئەو ( مەبەستی تیلەرسۆنە) پێی وابوو رێكەوتنێكی باشە،من دەمویست لەو رێكەوتنە پاشگەزببینەوە یان كارێك بكەین، بەڵام ئەو رای جیاوازبوو، هەربۆیە وەك یەك بیرمان نەدەكردەوە».
سەبارەت بە كەیسی كۆریای باكووریش، ترەمپ بە ئاشكرا لە پایزی رابردوودا هەوڵەكانی تیلەرسۆنی شكست پێهێنا، كاتیك لە تویتێكدا نووسی» كاتی خۆی بە فیڕۆ دەدات» بۆ دانوستان لەگەڵ كۆریای باكوور. هەر ئەم مانگەش كاتێك تیلەرسۆن لە گەشتێكی ئەفریقا بوو، لە ناكاو ترەمپ رایگەیاند كە لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باكوور كیم جۆنگ ئون راستەوخۆ دانوستان دەكات.
هەڵبەتە دواهەمین بابەتی جیاوازی بۆچوونی تیلەرسۆنو كۆشكی سپی، بۆچوونیان بوو سەبارەت بەتاوانباركردنی كرەملین لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەریتانیاوە لەسەر ژەهراویكردنی سیخوڕێكی پێشووی بەریتانیا. لەم بارەیەوە تیلەرسۆن وتی گازی بەكارهێنراو لە هێرشەكاندا « لەلایەن روسیاوەیە»و ئەمەش « بەدڵنیاییەوە وەڵام دەدرێتەوە». بەڵام كۆشكی سپی رەتیكردەوە پەنجەی تاوان بۆ روسیا درێژ بكات.
كاژاو جەمال