13/03/2018
ئيشراق
518 جار بینراوە

ستراتیژی سەعوديه لە عێراقی پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨

ڕەوتی چاکسازییەکان و گۆڕانکاری لە سیاسەتی سەعوودیا تەنیا بە ڕەوشی ناوخۆی ئەم وڵاتەوە سنوردار نەبووە بەڵکوو سیاسەتی دەرەوە و شێوازی مامەڵە لە گەڵ وڵاتانی دەرەوەش لە ڕیزی پێداچوونەوە بە ستراتیژی سەعوودییەکانەوە بووە. بەهێزبوونی پەیوەندییەکان بە تایبەت لە بواری ئابوری و سەرمایەگوزاری لە گرنگترینی ئەو خاڵانە بووە کە لە لایەن ڕیازەوە پەیرەو کراوە.
عێراق یەک لەو وڵاتانەیە کە بۆ سەعوودیا خاوەن گرنگی و پێگەی تایبەتە. دۆخی ستراتیژی و ژئۆپۆلتیکی، هەبوونی یەدەکێکی زۆری نەوت و گاز کە بەستێنی سەرمایەگوزاری و قازانجێکی زۆری دابین کردووە و لە لایەکی دیکەشەوە دەرفەتە سەرمایەگوزارییەکانی عێراق لە بواری ژێرخانی ئابوری، هاندەری هەر وڵاتێکی دیکە دەبێت کە بە شێوازێک لەم بازاڕە گەورەیەدا پشکێکی هەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بوونی ڕکابەرێکی وەک ئێرانیش دەتوانێت هۆکارەکانی بەشداری لەم بازاڕەدا زیاتر بکات.
گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی عێراق لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی بەعسی سەدام و هاتنە پێشەوەی سیستەمی نوێی سیاسی ئەم وڵاتە بابەتێک نەبوو کە جێی دڵخۆشی بەرپرسانی ئالی سەعوود بێت، هەر بۆیە لە چەندین قۆناغی جیاوازدا تەنانەت بە خوڵقاندنی کێشەی ئەمنی و سیاسی، سەعوودیا ستراتیژی خۆیی لە عێراقی نوێ تاقیکردەوە.
تێپەڕبوونی کات و ڕەوتی گۆڕانکارییەکان، دەسەڵاتدارانی سەعوودیای بەو ڕاستییە گەیاند کە دەستڕۆیشتوویی لە عێراق و بەرەوپێشچوونی ئامانجەکان لە پێناو دابینکردنی بەرژەوەندییەکان لە ڕێگای دوژمنایەتی و گرتنەبەری هەندێک سیاسەتی شەڕەنگێزانە مسۆگەر نابێت. لێرەدایە کە ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوە بەرەو هاوکاری، گۆڕانکاریی بە سەردا هات.
لە سەردانەکەی داهاتووی محەممەد بن سەلمان بۆ بەغدا کە لە وەڵامی سەردانەکەی حەیدەر عەبادی بۆ ڕیاز دەبێت، چەندین گرێبەستی گەورە لە نێوان هەر دوو وڵاتدا واژۆ دەکرێت. لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین سەعوودیا بە یەکێک لە هیواکانی حکومەتی عێراق بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری لەم وڵاتەدا دەبێت کە بەرپرسانی سەعوودیاش لە کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە کوێت چەندین بەڵێنی هاوکارییان بە بەغدا دابوو.
هەوڵەکانی ڕیاز بە ئاراستەی باشتربوونی پەیوەندییەکانی لە گەڵ عێراق بە تایبەت لە کاتی نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی ٢٠١٨ی ئەم وڵاتە جێی تێڕامانە. لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە تایبەت ئەوانەی لە ڕیزی ڕکابەر و ڕەخنەگرانی حکومەتەوە دادەنرێن، جێی پاڵپشتی سەعوودیا دەبن تا نەک وەک لایەنە بێ کاریگەرەکانی ڕابردوو، بەڵکوو وەک لایەنە کاریگەرەکانی هەڵبژاردنەکان و تەنانەت لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕۆڵیان هەبێت. سیاسەتی سەعوودیا بۆ کاریگەری لە سەر هەڵبژاردنەکانی عێراق وایکردووە ئەم خولەی هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە هەستیارییەکی تایبەت بە خۆیی هەبێت کە بێ گومان ڕۆڵی تێکدەرانەشی لە پەراوێزی هاوکارییەکانەوە تێدا بەدی دەکرێت.
عەلی ساجد

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP