16/09/2018
ئيشراق
634 جار بینراوە

ئه‌مریکا و زلهێزێکی ناوچه‌یی وه‌ک ئێران

ئه‌زموونی دوو ساڵی ڕابردوو به‌ تایبه‌ت چه‌ندین مانگ به‌ر له‌ ئێستا پیشان ده‌دات که‌ گوشاره‌کانی ئه‌مریکا له‌ سه‌ر ئێران په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی له‌ گه‌ڵ سه‌رکه‌وتنه‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌ ناوچه‌که‌ هه‌یه‌.
دوناڵد تره‌مپ کاتێک بڕیاری کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکای له‌ ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی ئێران به‌ فه‌رمی ڕاگه‌یاند، بڕوای به‌وه‌ هه‌بوو که‌ تاران هیچ کات هه‌وڵی به‌ ده‌ستهێنانی چه‌کی ناوه‌کی نادات. ئه‌و ده‌یزانی که‌ جیهان له‌م بڕیاره‌دا نابێته‌ هاوڕێی سیاسه‌ته‌کانی، به‌ڵام به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ بڕیاره‌که‌ی ده‌رکرد، ته‌نیا بیانووی سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا بۆ نمایشه‌ قێزه‌ونه‌که‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی ڕژێمی زایۆنیستی ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌و هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی له‌ به‌رده‌ستدا نه‌بوو که‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی تاران له‌ به‌ڵێنه‌کانی له‌ چوارچێوه‌ی ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی پشتڕاست بکاته‌وه‌، ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناوه‌کی به‌ فه‌رمی و له‌ چه‌ندین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ تاران به‌رده‌وامه‌ له‌ جێبه‌جێکردنی بڕگه‌کانی ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی.
تره‌مپ له‌ ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی کشایه‌وه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌ی به‌ ته‌واوکه‌ری ئامانجه‌کانی نه‌ده‌زانی، ئامانجه‌که‌شی ڕاگرتنی سه‌رکه‌وتنه‌ ناوچه‌ییه‌کانی ئێرانه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌نای بۆ گه‌مارۆکان هێناوه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ وڵاتانی جیهانیش کردووه‌ که‌ ئه‌گه‌ر پابه‌ندی گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا له‌ دژی ئێران نه‌بن، ئه‌وانیش سزایان به‌ سه‌ردا ده‌سه‌پێت.
سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا له‌ سه‌ره‌تادا داوای دانوستانی کرد و چه‌ندین پێش مه‌رجیشی خسته‌ڕوو به‌ڵام دواتر له‌م لێدوانه‌ی پاشه‌کشه‌ی کرد و په‌نای بۆ دانوستانی بێ هیچ پێش مه‌رجێک هێنا. تره‌مپ به‌مه‌ش هه‌وڵی ئه‌وه‌یدا که‌لێن بخاته‌ نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌ ئامانجی کاریگه‌ری له‌ سه‌ر سیاسه‌ته‌کانی تاران له‌ ناوچه‌که‌ بووه‌، سیاسه‌تێک که‌ نه‌ک ته‌نیا هیچ گۆڕانکارییه‌کی تێدا نه‌کرا به‌ڵکوو به‌هێزتریش بووه‌. له‌ سوریا پاش کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ی غوته‌ی دیمه‌شق و له‌ناوچوونی پێگه‌ی تیرۆریستان له‌ باشوری ئه‌م وڵاته‌ و نزیکبوونه‌وه‌ له‌ سنوره‌کانی به‌ره‌ی خۆڕاگری له‌ گه‌ڵ ئیسرائیل، له‌ ئێستادا ئیدلب له‌ چاوه‌ڕوانی ئازادییه‌ گه‌وره‌که‌دایه‌، کۆبوونه‌وه‌ی لوتکه‌ی تاران به‌ به‌شداری ئێران، ڕووسیا و تورکیا سه‌رکه‌وتووانه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌ و هاوپه‌یمانه‌کانی دوێنێی ئه‌مریکا واته‌ کورده‌کان له‌ حکومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د نزیک بوونه‌ته‌وه‌.
له‌ عێراق هه‌وڵه‌کانی ئه‌مریکا بۆ کاریگه‌ری له‌ سه‌ر داهاتووی سیاسی ئه‌م وڵاته‌ سه‌ره‌ڕای کۆبوونه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌کانی برێت مه‌کگۆرک له‌ هه‌ولێره‌وه‌ تا به‌غدا شکستی هێنا و دوو ڕه‌وتی نه‌یاری ئه‌مریکا واته‌ سائیرۆن و فه‌تح چه‌شنێک له‌ ڕێکه‌وتنی سه‌ره‌تاییان ڕاگه‌یاند و بڕیاری ئه‌وه‌یان داوه‌ که‌ داهاتووی سیاسی عێراق، داهاتوویه‌کی بێ ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی ئه‌مریکا بێت و ئه‌م دوو ڕووداوه‌ به‌ واتای گه‌یشتنی به‌ره‌ی خۆڕاگری له‌ که‌نداوی فارسه‌وه‌ تا ده‌ریای مه‌دیته‌رانه‌ ده‌بێت، یه‌که‌م په‌یامی ئه‌مه‌ش شکستی گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا له‌ دژی ئه‌م به‌ره‌یه‌ ده‌بێت.
له‌ لۆبنان به‌ره‌ی خۆڕاگری له‌ ڕه‌وتێکی سیاسی بووه‌ته‌ به‌شێک له‌ حکومه‌تی ئه‌م وڵاته‌ و ئه‌مه‌ش له‌ ئاکامی پاڵپشتی خه‌ڵک له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌که‌ی لۆبنان مسۆگه‌ر بووه‌. له‌ هه‌مان کاتدا سه‌عوودیا و ئیمارات له‌ شه‌ڕی سه‌پێندراوی دژ به‌ یه‌مه‌ن تووشی شکستێکی گه‌وره‌ بوونه‌ته‌وه‌.
له‌ ئاکامی ئه‌م ڕووداوانه‌ش ئه‌ڵبه‌ت تره‌مپ و ده‌زگای سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا هه‌موو هه‌وڵێکیان بۆ دوژمنایه‌تی له‌ گه‌ڵ به‌ره‌ی خۆڕاگری به‌ کار هێناوه‌. پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌گه‌ری به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیاوی له‌ لایه‌ن حکومه‌تی سوریا، ئاڵۆزکردنی ڕه‌وشی ئه‌منی عێراق له‌ سه‌روبه‌ندی پێکهێنانی حکومه‌تێکی به‌هێز، هه‌وڵدان بۆ تاوانبارکردنی حیزبووڵای لۆبنان له‌ دۆسیه‌ی تیرۆری ڕه‌فیق حه‌ریری و هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌کانی سه‌عوودیا و ئیمارات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی حۆده‌یده‌ له‌ سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکایه‌ له‌ دژی به‌ره‌ی خۆڕاگری له‌ ناوچه‌که‌. هێمای شکسته‌کانی ئه‌مریکا له‌ هه‌موو ئه‌م دۆسیانه‌ش به‌دی ده‌کرێت و پێویست به‌ ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتر ناکات. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ که‌ گه‌مارۆکانی دژ به‌ ئێرانیش چاره‌نووسی هه‌مان شکست ده‌بێت.

س/جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP