31/12/2017
ئيشراق
583 جار بینراوە

کۆتایی ٢٠١٧ و چاوەڕوانی ئاشتی جیهانی لە ٢٠١٨

پاپ فرانسیس ڕێبەری مەسیحییەکانی کاتۆلیکی جیهان لە وتارێکی تایبەتی خۆی شەوێک پێش کریسمەس داوای لە دانیشتووانی وڵاتانی جیهان کرد ملیۆنان مرۆڤی ئاوارەبوو لە زێد و ماوای خۆیان لە بیر نەکەن. ناوبراو داوای لە زیاتر لە یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن کاتۆلیکی سەرتاسەری جیهان کرد کە پێشوازی لە پەنابەرانی بیانی لە سەرتاسەری جیهان بکەن و هەڵسووکەوتێکی مرۆڤدۆستانەیان لە گەڵ ئەوان بێت. پەیامێک کە گرنگی زۆری هەیە و جێی ستایشە، بەڵام لە هەمان کاتدا وەبیرهێنەری ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ساڵی ٢٠١٧ی زائینییە.
ساڵی ٢٠١٧ ڕووداوی جۆربەجۆری تێدا بینرا، ساڵێک کە تێیدا دوناڵد ترەمپی کەم ئەزموون، خۆپەرست و ڕەگەزپەرست لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتە پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری ئەم وڵاتە و گۆڕانکارییەکانی جیهانی بەرەو دیکتاتۆری و نەبوونی هاوکاری نێودەوڵەتی برد.
ناوبراو بە تێڕوانینێکی ڕەگەزپەرستانە و ئەڵبەت زیاتریش دژایەتی ئیسلام درگاکانی ئەمریکای بە ڕووی خەڵکی جیهان بە تایبەت شەش وڵاتی ئیسلامیدا داخست، وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی زانستی - ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە یونسکۆ و هەروەها ڕێکەوتنی کەش و هەوای پاریس کشاندەوە و سەرجەم هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ تا دەسکەوتی دیپلۆماسی جیهانی واتە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران و وڵاتانی ١+٥ بێ کاریگەر بکات.
ئەمە کۆتایی یەکەمایەتی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و هاوپەیمانانی دیکەی ترەمپ نەبوو، لە دوایین ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠١٧ ناوبراو بە بڕیاری ناساندنی قودسی پیرۆز وەک پایتەختی ڕژێمی زایۆنیستی و فەرمانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ ئەم شارە، دوایین بزماری لە سەر تابوتی مافی مرۆڤی جیهانی لێدا و ڕێگای خۆیی لە وڵاتانی جیهان جیا کردەوە.
بەڵام دوناڵد ترەمپ تەنیا ئەکتەری سەرکێشی ساڵی ٢٠١٧ نەبوو کە بە هۆی هەڵسووکەوتی دژبەرانەی گۆشەگر کرا، ئانگ سان سووچی ڕێبەری سیاسی میانمار و براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ کەسایەتییەکی دیکە بوو کە بە هۆی بێدەنگیی لە بەرامبەر کۆمەڵکوژی موسڵمانانی ڕووهینگیا لەم وڵاتە و ئاوارەبوونیان بەرەو وڵاتانی دیکە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی جیهانی بووەتەوە و پێگە و ڕەوایەتی خۆیی لە دەست دا.
بەردەوامی شەڕی یەمەن بە تایبەت گەمارۆدانی بەندەرە گرنگەکانی ئەم وڵاتە هەژارەی جیهانی عەرەب لە لایەن هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرکردایەتی سەعوودیا کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار یەمەنی و بڵاوەسەندنی چەندین جۆرە نەخۆشی لەم وڵاتە، یەکێکی دیکە لە ڕووداوە تاڵەکانی ساڵی ٢٠١٧ بوو. مەرگی عەلی عەبدووڵا ساڵح و هەڕەشە مووشەکییەکانی یەمەن بۆ سەر سەعوودیا کە لە چوارچێوەی بەرگری ڕەوا و وەڵامدانەوەی دەسدرێژییەکانی ڕیاز بووە، لە ڕووداوەکانی دیکەی قەیرانی یەمەنە کە هاوکێشە سەربازییەکانی شەڕی ئەم وڵاتەی لە ئاستێکی باڵادا گۆڕیوە.
ساڵی ٢٠١٧ ساڵی کۆتایی خەلافەتی بە ناو داعش و لاوازبوونی سەرجەم گرووپە توندڕۆ و تیرۆریستییەکان لە ڕۆژئاوای ئاسیا بوو، کە ئەڵبەت نە بە هۆی هاوپەیمانی سەرتاسەر درۆی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا، بەڵکوو بە هەوڵ و تێکۆشانی هێزەکانی خۆڕاگری و پێکهێنانی سێ گۆشەی ئێران، ڕووسیا و تورکیا مسۆگەر بووە.
بەم پێیەش، ساڵی ٢٠١٧ ساڵی بەهێزبوونی دەوڵەتەکانی ناوچەکە لە بەرامبەر گرووپە تیرۆریستییەکان بە گشتی و ساڵی بەهێزتربوونی ئێران بە تایبەت بووە. لە هەلومەرجێکدا کە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە بە گرێبەستە سەربازییەکانی خۆیان لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەشداری لە شەڕی دژە مرۆڤانەی یەمەن و هەوڵی نزیکبوونەوە لە رژێمی زایۆنیستی تا ڕادەیەکی زۆر پێگە و ڕەوایەتی خۆیان لە دەست دا، کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی سیاسەتی میانەڕۆ و داڕشتنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی جیهان لە سەر بنەمای دیپلۆماسی ڕێزی بەرامبەر و هاوکاری، بەرەنگاربوونەوەی جیدی و کاریگەری تیرۆریستان، بە کردەوە بووە هێزی یەکەمی ناوچەکە.
سیاسەتی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ کات لە سەر بنەمای ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان نەبووە و وەک چۆن کە سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیامی پیرۆزبایی خۆی بۆ مەسیحییەکانی جیهان ڕایگەیاند، بەرنامە و سیاسەتی تاران لە ساڵی ٢٠١٨ی زائینی، پێکەوەژیانی ئاشتیانە بە ئامانجی هەنگاونان لە ڕێگای ئاشتی، دادپەروەری، یەکسانی و برایەتی و میانەڕۆیی و دابینکردنی بەستێنی هاوکاری پێویست لە نێوان بیرمەندان، زانایان و لایەنگرانی ئائینەکانی ئاسمانییە تا ساڵی ٢٠١٨ ببێتە ساڵێکی پڕ لە سەرکەوتن و ئاسوودەیی بۆ دانیشتووانی جیهان و دوورکەوتنەیان لە شەڕ و توندووتیژی.س/ جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP