25/02/2018
ئيشراق
566 جار بینراوە

هاوکاری گشتی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر و توندڕۆیی

 ئەزموونی تاڵی چەندین ساڵەی داعش لە عێراق و سوریا، سەرجەم گەلانی ناوچەکە و جیهانی بەو ڕاستییە گەیاندووە کە دەبێت لە پێناو چارەسەربوونی کێشەی تیرۆر و بنبڕکردنی دیاردەی توندڕۆیی، هاوکاری و هەماهەنگی گشتگیر لە نێو وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت جیهان هەبێت بەڵام بەداخەوە هەندێک لەو وڵاتانە لە گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش لە پێناو مسۆگەربوونی ئامانج و پیلانەکانیان دژ بە گەلانی دیکە کەڵک وەردەگرن.
تاوانەکانی داعش لە ماوەی سێ ساڵ چالاکی بەردەوام لە وڵاتانی سوریا و عێراق ئەوەی بۆ جیهان بە گشتی سەلماندووە کە نابێت ناکۆکی و ململانێکان ببێتە هۆکاری پەرەسەندنی ئەم گرووپە تیرۆریستییانە و پێویست بە هەوڵ و هەماهەنگی هەمەلایەنە دەکات کە ڕیشەی تیرۆر بە یەکجاری لە ناو ببرێت و ئاشتی و سەقامگیری بە تایبەت لە ناوچەی پڕ لە کێشە و گرفتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مسۆگەر ببێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعش بە هاوکاری عێراقییەکان لە ڕووی سەربازی و ڕاوێژکارییەوە وەک وڵاتێکی کاریگەر لە شەڕی دژ بەم گرووپە تیرۆریستییە ئەوەی بە جیهان پیشاندا کە خۆی قوربانی دەستی تیرۆرە و بۆ ئەمەش ئامادەی هاوکارییە لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان. لە ئاکامی سیاسەت و هاوکارییەکانی تاران بوو کە داعش لە سوریا و عێراق لە ڕووی سەربازییەوە شکستی هێنا و هیچ ناوچەیەکی بە دەستەوە نەماوە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە بیر و هزری توندڕۆیی سەرچاوەگرتوو لە مەکتەبی وەهابیەتی سەعوودیا هێشتا وەک بنەڕەتی تیرۆر هەڕەشە لە گەلان و وڵاتانی جیهان دەکات. لە لایەکی دیکەوە تیرۆری ڕێکخراوەیی ڕژێمی زایۆنیستی و پاڵپشتییەکانی ئەمریکا لەم گرووپە تیرۆریستییانە پێمان دەڵێت کە وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت وڵاتانی قوربانی دەستی تیرۆر، زیاتر پێکەوە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی ئایدۆلۆژیای تیرۆر و تەکفیر بدەن.
زۆر دەوترێت کە عێراق پێی ناوەتە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە لە پاش شکستی داعش و ئەو سەرکەوتنە مەزنەی کە لە سەر دەستی سەرجەم هێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە لە سوپا، پێشمەرگە، پۆلیستی فیدراڵی، حەشدی شەعبی، هێزی ئاسمانی و .... بەدیهاتووە. کۆنفرانسی کوێتیش هەر بە مەبەستی پاڵپشتی لە عێراق لەم قۆناغەدا بەڕێوەچوو. ئومێد دەکرا عێراقییەکان لە پاش ساڵانی شەڕ و تەقینەوە و تیرۆر، سەردەمی بەرەو ئاوەدانی، پێشکەوتن و خزمەتگوزاری ببینن. بەڵام لەم ڕۆژانەدا هەندێک هەواڵ نەک تەنیا عێراقییەکان بەڵکوو گەلانی ناوچەکەشی نیگەران کردووە. نیگەرانی لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعش یان گرووپەکانی دیکە بە ناو و ناونیشانی جیاوازەوە.
سەیری ماڵپەڕ و ئاژانسەکانی هەواڵ کە دەکەیت هەواڵی چالاکی تیرۆریستان لە باشوری کەرکوک بە تایبەت لە سنوری حەویجە بووەتە جێی نیگەرانی. یەکێک دەڵێت دەیان چەکداری حەشدی شەعبی کوژراوە، ئەوی دیکە دەڵێت تیرۆریستان لە هەوڵی خۆڕێکخستنەوەدان، ڕاپۆرتی دیکە ڕادەگەێنێت کە هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و هەواڵ و ڕاپۆرتی لەم شێوەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هەفتەکانی ڕابردووش هەواڵی گرووپەکانی وەک ئاڵا سپییەکان بڵاو بوویەوە کە لە چەندین ناوچەی عێراق بینراون. مەترسییەکە لەوەدایە کە ئەمریکا و هاوەڵانی جارێکی دیکە بە ناو و بیانووی دیکە بە مەبەستی جێبەجێکردنی نەخشە و پیلانەکانیان بە شێوازێکی نوێ تیرۆر بە عێراقییەکان بناسنەوە.
عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەند بە سەرچاوە سرووشتییەکان بە تایبەت نەوتە. لە ئەگەری بوونی سەقامگیری، ئەم وڵاتە دەتوانێت ڕووی ڕاستەقینەی ئاوەدانی و پێشکەوتن بە خۆوە ببینێت و سەرجەم پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە بە کورد و عەرەب و سوننە و شێعەوە لە داهات و خەزێنەی عێراق کەڵک وەربگرن. بەڵام ئەم ئامانجە گەورەیە پێویستی بەوەش هەیە کە :
بە هاوکاری و هەوڵی هاوبەشی سەرجەم عێراقییەکان، یەکپارچەیی و یەکگرتوویی خاکی عێراق پارێزراو بێت.
هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێکی یەکڕیزی نیشتمانی بە بەشداری ڕاستەقینەی سەرجەم پێکهاتەکان بدرێت.
دەستووری عێراقی وەک سەرچاوەی ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتە سەیر بکرێت، دەستوورێک کە دەتوانێت چارەسەری ڕاستەقینەی سەرجەم کێشە و گرفتەکانیش بێت.
ستراتیژ و هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان عێراقییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئایدۆلۆژیای تیرۆر و تەکفیر بوونی هەبێت.
عێراقی پاش داعش ببێتە وڵاتێکی ئاوەدان و پێشکەوتوو و جارێکی دیکە بەستێنی سەرهەڵدان و بەهێزبوونی گرووپە تیرۆریستییەکان دابین نەکرێت.
یەکڕیزی عێراقییەکان دەتوانێت مەترسییەکانی تیرۆر لە سەر ئەم وڵاتە لە ناو ببات، ئێستاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی چالاکی تیرۆریستان لە سنوری پارێزگای کەرکوک لە بەرژەوەندی عێراقییەکان نییە، ئەگەر تیرۆریستان جارێکی دیکە بەهێز ببنەوە مەترسییەکانیان لە سەر عێراق بە گشتی دەبێت و ئەمەش وا دەکات هەمووان پێکەوە ستراتیژی ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی ئەو تیرۆریستانە جێبەجێ بکەن. با ململانێ سیاسی و حیزبییەکان نەبێتە هۆی ئەوەی کە خاکی عێراق و گیانی عێراقییەکان جارێکی دیکە ببێتە قوربانی دەستی تیرۆر.
 ئەزموونی کۆماری ئیسلامی ئێران باشترین نموونەیە بۆ عێراقییەکان. حەزەرتی ئایەتووڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەم ماوەیەدا لە پەیامێکیان بۆ کۆنگرەی ڕێزلێنانی شەهیدانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان فەرموویان: کاتێک گەنجێکی سوننەی سیستان لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق گیانی خۆیی کردووەتە قوربانی یان مامۆستایەکی ئائینی سوننە گیانی لە ڕێی شۆڕشی ئیسلامیدا دەبەخشێت ئەمە باشترین وانەیە بۆ وڵاتانی ناوچەکە کە تەنیا بە یەکڕیزی دەتوانن ڕووبەڕووی کێشەکانیان ببنەوە. س/ جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP