29/10/2017
ئيشراق 619 جار بینراوە
عەبادی و گەشتێک بە ناوچەکەدا
هەر لە سەرەتای ئاشکرابوونی پلانی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان، حکومەتی ناوەندی عێراق و بە تایبەت حەیدەر عەبادی وەک کەسی یەکەمی دەسەڵاتی ئەم وڵاتە هەڵوێستی توندی خۆیان بەرامبەر بەم پلانە نەشاردەوە. ئاشکرا بوو کە بەغدا بە هەر شێوازێک پەنا بۆ ڕێگرەوەکانی ڕیفراندۆم دەبات، یەک لەو بژاردانەش کەڵک وەرگرتن لە دوو وڵاتی دراوسێی عێراق وەک دوو هێزی سەرەکی ناوچەکە بوو. بەغدا سەرەڕای کێشە و گرفتەکانی لە گەڵ ئەنکەرە بە تایبەت لە سەر بنکەی سەربازی باشیک و بوونی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە قووڵایی خاکی عێراق لە نزیکبوونەوە لەم وڵاتە سەرکەوتوو بوو، ئەردۆغان و گەورە بەرپرسانی تورکیا پاڵپشتی خۆیان لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق ڕاگەیاند سەرەڕای ئەوەی کە سەرکردایەتی سیاسی کورد هەردەم باسی ئەوەیان دەکرد کە ئەنکەرە بەرژەوەندی ئابوری خۆی لە هەرێمی کوردستان بە ئاسانی لە دەست نادات و پاڵپشتی لە ڕیفراندۆمەکەی دەکات.
ئەڵبەت بۆچوونی ئێران لە سەر پرسی ڕیفراندۆم ئاشکرا بوو بەڵام هەڵەی سەرکردایەتی سیاسی کورد لەوەدا بوو کە پێش بینی وەها هەڵوێستێکی توندیان لە تاران نەدەکرد، ئەمانە و چەندین هەنگاوی دیکە کە ئاکامی ئەو ڕیفراندۆمەیان بەوە گەیاند کە بۆ ڕیش چووین سمێڵیشمان نایە سەری.
پاش ڕووداوەکانی کەرکوک و ناوچە کێشە لە سەرەکانی دیکە، دیسانەوە کورد بە هەڵە خوێندنەوەی بۆ هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردەوە، لە ئەمریکاوە تا وڵاتانی ناوچەکە هەموو بە یەک دەنگ پاڵپشتی خۆیان لە یەکپارچەیی خاکی عێراق ڕاگەیاند و بە تەنیا داوایان لە کورد کرد کە بۆ چارەسەربوونی کێشەکان بۆ مێزی دانوستان بگەڕێتەوە.
حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە وەها دیمەنێکی بۆ ئاشکرا بوو بە مەبەستی مسۆگەربوونی ئەو پاڵپشتییە وەک کارتێکی بەهێز لە ئەگەری هەر دانوستانێک لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا، گەشتێکی بۆ وڵاتانی ناوچەکە دەستپێکرد. عەبادی سەردانەکەی لە سەعوودیاوە دەستپێکرد، دواتر لە کوێت و میسرەوە گەیشتە تورکیا و ئێران، لە هەموو ئەو سەردانانەش چەسپاندنی دەسەڵاتی ناوەند لە ناوچە کێشە لە سەرەکان بە گرنگ وەسف کرا و کورد وەک هەمیشە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بە تەنیا مایەوە.
ئێستا بمانەوێت و نەمانەوێت ناوەند لە بەرزترین ئاستی هێز و دەسەڵاتی خۆیەتی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، ئیدی سەردەمی شەڕی داعش بە سەرچووە، خوێندنەوەی کورد بۆ عێراقی پاش شەڕی داعش دیسانەوە وەک پرسەکانی دیکە بە هەڵەدا ڕۆیشت، هاوکات لە گەڵ شەڕی داعش، عێراق بە کەڵک وەرگرتن لە هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتانی دەرەوە دیسانەوە ڕێکخستنەوەیەکی نوێی لە دامودەزگا سەربازییەکانی خۆیدا کرد، ئەمەش بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستان بوو کە ئەو هاوکارییانەی خستە خزمەت حیزب و نەتوانرا سوپایەکی نیشتمانی بۆ هەرێمی کوردستان پێک بهێبندرێت، دەرەنجامەکەشی ئەوە بوو کە بینرا.
عێراقی سەردەمی عەبادی سەرەڕای کێشە و گرفتی زۆری وەک بەردەوامی شەڕی داعش، لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە سەرکەوتوو بووە. بەغدا لە ئێستادا هاوپەیمانییەکی بەهێزی ناوچەییشی لە بەرامبەر هەوڵی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان پێکهێناوە، تەنانەت عەبادی وەک وەفایەک بۆ ئێرانییەکان و هاوکاری ئەوان لە شەڕی دژ بە داعش لە تارانەوە فەرمانی دەستپێکردنی شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی قائیمی ڕاگەیاند. کورد بە بێ چەک و سیاسەت ماوەتەوە، لە هەموو کاتێک بە دەستی بەتاڵ سەرقاڵە بە ململانێ ناوخۆییەکانەوە و دڵنیا بن تا ئەمەش دۆخی ئێمە بێت نەک سەربەخۆیی بەڵکوو لە پاراستنی دەسکەوتەکانی ڕابردووش سەرکەوتوو نابین.
سەروەت هەڵەبجەیی