06/03/2018
ئيشراق 687 جار بینراوە
چۆن پەرلەمانتاری ڕاستەقینە دروست کەین؟
لــــە ئێستادا حیزبە سیاسی یەکــــــان لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گرینگی مێژووییدان، سەبارەت بە دروست بوون و بەرهەم هێنانی پەرلەمانتاری ڕاستەقینە، چونکە ڕابردووی پەرلەمانتارانی پێشوو، ئەوەیان سەلماند، کە جگە لە بەرژەوەندی و ئیمتیازی شەخسی، خزمەتێکی ئەو تۆیان بە گەلەکەیان نەکرد، ئاشکراشە خەڵک لــــەم قۆناغە هەمان چارەنووس دووبارە ناکاتەوە، وە دڵنیاشم ئەمڕۆی خەڵک زۆر جیاواز ترە لە دوێنێ بە ژیرانەش، دەڕوانێتە سبەی.
بـۆیە پێویستە، حیزبە سیاسی یەکان، ئەوانەی ئیدیعای فۆڕمی نوێ دەکەن، لــە بەر دەم میلەتەکەیان ئەو پاکانەیە بسەلمێنن کە بەڵێ جیاوازترن لە حیزبە تەقلیدی یەکان، وە پێش هەڵبژاردن متمانە و ڕاستگۆیی نوێ بکەنەوە، هەر لایەنێک ئەگەر بە نیازە، زۆر ترین دەنگ کۆبکاتەوە ، دەبێت هەنگاوی کـــردەیی بنێ ، وبەرنامەیەکی تۆکمە و ڕوون بخاتە بەردەم خەڵک، کە نوێنەری بەڵاو مشەخۆر دروست ناکاتەوە .
باشتر وایە حیزبە نوێ خوازەکان ئەقڵانەتر بڕواننە بیر کردنەوەی تاک بە تاکی کۆمەڵگە.
میلەت لەم ساتەدا حاشای لەوانە کردووە، کە جگە لە بەدبەختی هیچی تریان نە بەرهەم هێنا نە ویستیان بوو بیکەن.
پێم وایە زیرەکی خەڵک بە ئەندازەیەک گەشەی کردووە، جگە لە بێ ئومێدی، بە ئاسانی لە ژێر ناو و دروشم و وشەی مەتاتی سیاسی، خەڵک باوەڕی نەماوە و دەنگیش نادا.
بەختیار مهحمود