21/02/2018
ئيشراق
628 جار بینراوە

وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر تاوانەکانی شەڕی یەمەن

لە کاردانەوەی بەرامبەر بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی سەعوودیا بۆ بازاڕێکی شاری تەعز لە یەمەن کە تێیدا ٥٠ کەس کوژران و سەد کەسی دیکەش بریندار بوون، سەرۆکی کۆمیتەی باڵای شۆڕشی یەمەن داوای لە دانیشتووانی ئیمارات و سەعوودیا کرد لە نزیکبوونەوە لە ناوەندە هەستیار و گرنگە ئابوری، سەربازی و دامەزراوە ستراتیژییەکان خۆیان بە دوور بگرن. جێگری وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەنیش بە نۆرەی خۆی هۆشداری بە کۆمپانیا بیانییەکانی ئامادەبوونی سەعوودیا و ئیمارات دا و داوای لەوان کرد ئەم دوو وڵاتە بە جێ بێڵن.
پاش ئەوەی کە یەمەن لە نزیک سێ ساڵی ڕابردوو لە لایەن سەعوودیا و ئیماراتەوە کرایە ئامانجی هێرش و بۆردومانە ئاسمانییەکان، هێزەکانی خۆجێی بە سەرکردایەتی ئەنسارووڵا تا ماوەیەک دانی بەخۆدا گرت و لە هەر کاردانەوەیەک بە شێوازی هێرشە مووشەکییەکان خۆیی بە دوور گرت تا بیانوویەک بۆ ئەم دوو وڵاتە نەبێت کە پاساو بۆ هێرشەکانیان بهێننەوە و وڵاتانی دیکەش بکەنە هاوڕێی خۆیان و درێژە بە نیمچە هاوپەیمانییەکەی خۆیان بدەن، بەڵام لەو کاتەوە کە سەعوودیا و ئیمارات ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان کردە ئامانجی ستراتیژی ڕۆژانەی خۆیان و کارەساتی مرۆڤی لەم هێرشانە کەوتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆیان نەبوو، هێزەکانی بەرگری لە یەمەن بە تایبەت ئەنسارووڵا پەنای بۆ هێرشی مووشەکی هێنا تا لەم ڕێگایەوە بتوانێت وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی سەعوودیا و هاوپەیمانەکانی بداتەوە.
خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی کە دانیشتووانی یەمەن زیاترین زیانیان لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی سەعوودیا و ئیمارات پێ گەیشتووە بەڵام تا ئێستا لایەنەکانی یەمەن هێرشە مووشەکەکانیان بۆ ناوەندە سەربازییەکان سنوردار کردووە و پێش هێرشەکانیش لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکانەوە هەوڵی ئەوەیان داوە کەسانی سڤیل لە نزیک ئەو ناوەندانە دوور بخرێنەوە. ئەمەش بەو مانایە دەبێت کە هێزەکانی خۆڕاگری یەمەن خۆیان پابەندی یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکان دەزانن و بەدەر لەمەش هەنگاو نانێن و ئەوەش کە کراوە لە چوارچێوەی مافی بەرگری ڕەوا بووە. لە بەرامبەردا، ئەوەی کە سەعوودیا و ئیمارات لە یەمەن کردوویانە و لە ئێستاشدا بەردەوامن لە گەڵ هیچ بنەمایەکی مرۆڤی، ئەخلاقی، ئیسلامی و یاسایی یەک ناگرێتەوە و بە گشتی بە پێچەوانەی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان بووە و ئەگەر وڵاتێکی دیکە بەدەر لە سەعوودیا و ئیماراتی هاوپەیمانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی تۆزقاڵێک لەم تاوانەی دەکرد بە دڵنیاییەوە ڕەوانەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەکرا.
بەم پێیەش دەتوانین لە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ترەمپ و نتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی و بێدەنگی و کەمتەرخەمی وڵاتانی دیکە و ناوەندە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان وەک هۆکاری کاریگەر لە بەردەوامی و زیاتربوونی هێرشەکانی سەعوودیا بۆ سەر گەلی بێ تاوانی یەمەن ناو ببەین و لەو کاتەوە کە نیکی هیلی باڵیۆزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە ئەکتەری شانۆیەکی سەعوودیا بۆ پیشاندانی پاشماوەکانی مووشەکێکی یەمەنی بە بیانووی ئێرانیبوونی ئەم مووشەکە، باڵی کودەتاچی سەعوودیا بە سەرکردایەتی محەممەد بن سەلمان هێرشەکانیان بۆ سەر یەمەن زیاتر کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پاشماوەی مووشەکەی ئێران کە ئاراستەی بنکە و مۆڵگەکانی داعش لە سوریا کرا بوو لە جێی ئەو مووشەکە نمایش کرا کە یەمەنییەکان فڕۆکەخانەی ڕیازیان پێ کردبووە ئامانج.
تاوانەکانی سەعوودیا لە یەمەن لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا خۆیان بە لایەنگری مافی مرۆڤ دەزانن، ئەڵبەت ئەو مافی مرۆڤەی کە بە پێچەوانەی بەرژوەندییەکانی ئەوان نەبێت، بۆ جیهان ڕوون بووەتەوە کە سەعوودیا نەک بە هۆی هێرشەکانی بۆ سەر یەمەن بەڵکوو بە هۆی سیستەمی دیکتاتۆری خۆی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەم وڵاتەشەوە ڕووبەڕووی ڕخنەیەکی زۆر بووەتەوە، بەڵام دۆلارە نەوتییەکانی بن سەلمان بۆ دوناڵد ترەمپی بازرگان ڕێگرە لەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەسەڵاتی پاشایەتی سەعوودیا بگرێتەوە. س/ جام كوردى

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP