16/11/2017
ئيشراق
447 جار بینراوە

لە سه‌عوديه‌ چى ڕوودەدات؟

یەکەم ڕۆژی ساڵی ١٤٠٠ی مانگی کۆچی بەرامبەر بە ٢٠ی نۆڤمبێری ساڵی ١٩٧٩ گرووپێکی پارتیزانی بە سەرکردایەتی وتاربێژێکی سەعوودی بە هێرشکردنە سەر مزگەوتی حەرام و بەدیلگرتنی حاجییەکان ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی سه‌عوديه‌ موسڵمان نین، ئەوان تاقمێکی گەندەڵکارن بە هەڵسووکەوتی نەشیاو. لەو کاتەدا مەلیک خالید، شای سه‌عوديه‌ بوو. دیوانی پاشایەتی بە هاوکاری گرووپێکی کۆماندۆیی فەرەنسی ئەو شۆڕشەیان سەرکووت کرد. لەم ڕووداوەدا ١٢٧ کەس لە هێزە ئەمنییەکانی سه‌عوديه‌ و ٢٥٠ کەس لە هێرشبەران کوژران.
ئەم ڕووداوە تەنیا ١٦ ڕۆژ پاش کۆنتڕۆڵکردنی بنکەی سیخوڕی ئەمریکا لە تاران لە گەڵاڕێزانی ساڵی ١٣٥٨ی کۆچی هەتاوی لە لایەن خوێندکارانی زانکۆی لایەنگری ئیمام خومەینی (رە) بوو و شەپۆلی ئیسلامخوازی لە ئێران و ناوچەکە وەک باهۆزێک بوو. دەسەڵاتدارانی سه‌عوديه‌ لە پاش ئەم ڕووداوە دەستیان دایە لەچاپدانی قورئان، درووستکردنی مزگەوت و قوتابخانەی ئائینی و ئەمەشیان لە زۆر شوێنی جیهانی ئیسلام جێبەجێ کرد.
ئەوان سیاسەتێکی ئائینییان لە وڵاتدا بە مەبەستی بەدەستهێنانی ڕەوایەتی، زاڵ کرد و ئەم سیاسەتەش بە پێی خوێندنەوەی وەهابییەت لە ئیسلام بوو. بەرهەمی ئەم سیاسەتەش، سەرهەڵدانی قاعیدە بوو. ڕۆژئاوا سوودی لەم خوێندنەوە ئائینییە دەبرد و بە تایبەت لە وڵاتی ئەفغانستان و بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی یەکێتی سۆڤییەتی ئەو کاتە کەڵکی لێ وەردەگرت، بەڵام لە پاش هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤییەت و بە تایبەت لە پاش کۆتایی هاتنی شەڕی هەشت ساڵەی سەدام دژ بە ئێران، گرووپە چەکدارییە وەهابییەکان لە سەر دەستی ئەمریکا مانەوە و نەیاندەزانی چۆن مامەڵەیان لە گەڵ بکەن.
ڕووداوەکەی ١١ی سپتمبێر بوو بە هۆی ئەوەی کە ئەمریکییەکان بە هێرشکردنە سەر ئەفغانستان و عێراق و کردنەوەی گرتووخانە گەورەکان لە جیهانی ئیسلام و تەنانەت لە ئەورووپا ئەوانەیان لە ئاکامدا پەروەردە کرد کە بتوانن ڕووبەڕووی ڕەوتی بێداری ئیسلامی لە جیهانی ئیسلام بوەستنەوە و بە توندڕۆترین سیاسەت و کردەوە لە سووتاندن تا سەربڕین و ئەشکەنجەدانی کەم وێنە، ڕواڵەتێکی پێچەوانە لە ئیسلام پیشان بدەن.
بەم شێوازە بوو کە گرووپەکانی وەک داعش و بەرەی نوسرە پێکهێنران و ڕاسپاردەی ئەوانیش دابەشکردنی وڵاتانی ئیسلامی و قەرەبووی شکستی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە پێکهێنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بوو!
ژووری عەمەلیاتی ئەم کردەوە تیرۆریستییانەش لە تەل ئەبیب و ڕیاز بوو. لە ئێستادا ئەم پرۆژەیە کە بڕیار بوو وەک پرۆسە ناوی ببەن، شکستی هێناوە.
ئەمریکییەکان لە چەواشەکاری لە ڕۆژئاوای ئاسیا بە مەبەستی سەرقاڵکردنی خەڵک و دوورخستنەوەیان لە ڕەوتی بێداری ئیسلامی، داعش و بەرەی نوسرەیان هێنایە پێشەوە و تیرۆریزمیان وەک کارەساتێک بە سەر کۆمەڵگای ئیسلامیدا سەپاند.
ئەوان لە ئێستادا بەو ڕاستییە گەیشتوون کە ئەم گرووپە تیرۆریستییانە توانای بەرەنگاربوونەوەیان لە گەڵ ئیسلامی ڕاستەقینە نییە و ناتوانن ڕووبەڕووی هێزەکانی بەرەی خۆڕاگری ببنەوە و هەندێک کاتیش زیانیان بە خۆیانیش دەگات، هەر بۆیە لەم پیلانەش بە دەرەنجامێک نەگەیشتن.
لەم ڕۆژانەدا لە ڕیاز قسە و باسی دیکەیە. لێکدانەوەی وردەکارییەکانی بە گرنگ دادەنرێت. سەلمان بن عەبدولعەزیز وەک شای تەمەن ٨١ ساڵەی سه‌عوديه‌ لە هاوکێشەکانی ناوچەکە تێ ناگات.
ناوبراو دەسەڵاتی لە پاشایەکی ٩٠ ساڵە وەرگرتووە و بەم زووانەش بۆ شوێنێک دەڕوات کە ڕابردووانی ڕۆیشتوون. محەممەد بن سەلمانی کوڕی کە ٣٢ ساڵەیە، بە کردەوە دەسەڵاتی سه‌عوديه‌ی لە دەستە و دەسەڵاتەکەی بە هاوکاری دەزگای سیخوڕی ئەمریکی، ئیسرائیلی و بەریتانی بەڕێوە دەبات.
محەممەد بن سەلمان هەفتەی ڕابردوو ٥٠٠ شازادەی سه‌عوديه‌ی بە بیانووی گەندەڵی کردە گۆنی و ڕەوانەی گرتووخانەی کردن کە لە نێویاندا ژمارەیەک وەزیر و گەورە بەرپرسانی ئالی سەعوود دەبینرێن. بەڕێوەبەران و خاوەن سێ کەناڵی ئەهلیش لە نێو دەستبەسەربووەکان دەبینرێن. تێڕوانینێک بە سەر ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون، پیشان دەدات کە دەسەڵاتی سه‌عوديه‌ لە شێوازی هاوپەیمانی حەوت بنەماڵە کەوتووەتە دەستی تەنیا بنەماڵەیەک.
لێرە بە دوا پێویستە سه‌عوديه‌ بە سه‌عوديه‌ی سەلمانی بناسین و ناوی ببەین. بن سەلمان لە داهاتوویەکی نزیکدا شوێنی باوکی دەگرێتەوە و دەسەڵات و هێزی سه‌عوديه‌ لە بەرژەوەندی خۆی بەرەو گۆڕانکاری دەبات. تەنانەت ئەرکی دەسەڵاتداری ناوچەکەشی پێ سپێردراوە. سه‌عوديه‌ بە هەوڵی ناسەقامگیری ناوچەکە دەیەوێت هێزەکانی بەرەی خۆڕاگری لە عێراق، سوریا، لۆبنان و یەمەن سەرقاڵ بکات تا ئەوان قەد بیر لە لێدانی ئیسرائیل نەکەنەوە.
ڕۆژئاوا کێشەی بەساڵاچوویی دەسەڵاتی سه‌عوديه‌ لە ڕێگای بن سەلمانەوە بەرەو چاەرسەربوون دەبات و ویستی ئەوەی هەیە بە پاڵپشتی لە ناوبراو، لانیکەم بۆ نیو سەدە دەستڕۆیشتوویی خۆی لە سه‌عوديه‌ و ناوچەکە دەستەبەر بکات. س/ جام كوردى
محەممەد کازم ئەنبارلوویی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP