21/12/2017
ئيشراق
606 جار بینراوە

ترەمپ و بوومەلەرزە، دوو کێشەی بەردەم حەسەن ڕۆحانی

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کە درووشمی کابینەی چارەسەر و هیوای هەڵبژاردووە و ئێستا خولی دووەمی سەرۆکایەتی خۆی بەڕێدەکات، لە خولی یەکەمدا بەشێکی زۆری وزەی کابینەکەی لە پێناو واژۆکردنی ڕێکەوتنی ناوەکی لە گەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان بە کار هێنا. ڕێکەوتنێک کە لە دوو بواری سیاسی و ئابوری کۆمەڵە دەسکەوتێکی بۆ تاران بە دوای خۆیدا هێنا. لەو سەردەمەدا باراک ئۆباما سەرۆک کۆماری ئەمریکا بوو. ڕێکەوتنی ناوەکی بەرژەوەندی ئێران و شەش وڵاتەکەی لە بەرچاو گرتووە و لە ئاستی ناوخۆیی ئێرانیش وەک چۆن لە کاتی واژۆکردنی بینرا، خەڵک بە دەسکەوتێک بۆ سەرۆک کۆمار و کابینەکەی پێناسەیان کرد و لەو کاتەشدا بە مەبەستی دەربڕینی شایی، ڕژانە سەر شەقامەکان و دەتوانین بڵێین کە بوو بە بۆنەیەکی نیشتمانی لە سەر ئاستی ئێران. هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە ئێران ساڵانێک گەمارۆی نامرۆڤانەی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی بە سەردا سەپابوو و بە واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتنە ئومێد دەکرا ئەو گەمارۆیانە بەرۆکی کەرتی ئابوری وڵات بەربدەن و ئەمەش کاریگەری لە سەر ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران هەبێت.
لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دوناڵد ترەمپ کاندیدی تێنەگەیشتووی کۆماریخوازەکان ئەم ڕێکەوتنەی بە ڕێکەوتنێکی لاواز بۆ وڵاتەکەی ناو برد و هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی کرد، ئەڵبەت ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش لەو کاتەدا و لە وەڵامی وتە بێ بەهاکانی ترەمپ ڕایانگەیاند کە ئەگەر ئەوان ڕێکەوتنی ناوەکی هەڵوەشێننەوە، ئێمە گڕی تێ بەردەدەین.
ترەمپی توندڕۆ بوو بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا و دەبینین کە بڕیارەکانی بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە و ناوچە جیاجیاکانی جیهان بووەتە کێشە و گرفت، دوایین نموونەشی ئەو بڕیارە هەڵە و دژە بە ئیسلامەیە کە سەبارەت بە ناساندنی قودسی پیرۆز وەک پایتەختی ڕژێمی زایۆنیستی دەریکردووە و لە سەر ئاستی جیهان و وڵاتانی ئیسلامی شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی بە دوای خۆیدا هێناوە.
ترەمپ هەڕەشەکانی لە سەر ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران ڕانەگرتووە و پێش بینی دەکرێت بڕیارێکی هەڵەی دیکە دژ بەم ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییە دەربکات کە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیشەوە پەسەند کراوە. ئەگەرچی وڵاتانی ئەورووپی وەک لایەنێکی کاریگەری ڕێکەوتنی ناوەکی، چین و ڕووسیا وەک دوو وڵاتی هەمیشە ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پاڵپشتی خۆیان بۆ بەردەوامی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە ڕاگەیاندووە بەڵام دەکرێت بڵێین کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە پێناو جێبەجێکردنی درووشمەکانی سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان تاکلایانە لەم ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییە واز دێنێت یان لانیکەم داوای پێداچوونەوە و گۆڕانکاری تێدا دەکات کە بە دڵنیاییەوە تاران بە توندی ڕەتیدەکاتەوە، وەک چۆن بە چەندین جار لە سەر زاری بەرپرسانی پەیوەندیدار جەخت لە سەر ئەم پرسە کراوەتەوە. بەم شێوەیەش ترەمپ بووەتە کێشە لە بەردەم گەورەترین دەسکەوتی سیاسەتی دەرەوەی کابینەکەی حەسەن ڕۆحانی.
سەرۆک کۆماری ئێران بەدەر لە پرسە سیاسییەکان، لە بەشی ئابوریشدا هەندێک پرۆژەی ستراتیژیی ڕاگەیاندووە و باس لە بوژانەوەی کەرتی ئابوری ئێران و گەشەی بەرچاو لەم کەرتەدا دەکات. هەندێک ڕووداوی سرووشتی و پێش بینی نەکراو دەتوانێت ئاراستەی پلان و پرۆژەی حکومەتی وڵاتان بگۆڕێت. بوومەلەرزە یەک لەو ڕووداوانەیە کە ئەو حکومەتانە تووشی کێشە دەکات. بوومەلەرزەکەی ماوەی ڕابردووی پارێزگای کرماشان گرفتێکی گەورەی لە بەردەم پلانە ئابورییەکەی حەسەن ڕۆحانیدا خوڵقاند. پاش ئەو بوومەلەرزەیەش، ڕووداوێکی هاوشێوە ئەڵبەت بە ڕێژەی زیانی زۆر کەمتر ناوچەی هەجدەکی پارێزگای کرمانی هەژاند بەڵام حکومەت بە ناچار بڕە بودجەیەکیشی بۆ ئەو ناوچەیە تەرخان کرد.
بەڵام بوومەلەرزەکەی دوێنێ شەوی تاران وەک گەورە شار و پایتەختی ئێران زەنگی مەترسیی بۆ کابینەکەی ڕۆحانی لێداوە. تاران بە هۆی تایبەتمەندیی لە ڕووی شارسازی و بیناسازییەوە یەک لەو شارانەیە کە گەر تووشی ڕووداوی بوومەلەرزە بێت ڕێژەی خەسار و قوربانییەکانی بە دڵنیاییەوە زیاتر دەبێت.
کێشەی ترەمپ بە ئاسانی چارەسەر دەبێت، گەل و حکومەتی ئێران بە درێژایی تەمەنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەڕەشە و گەمارۆ و دوژمنایەتی ئەمریکای تاوانباریان لە سەر بووە، بەڵام ئەم دوژمنایەتییە نەبووەتە ڕێگر لە بەردەم پێشکەوتنەکانی وڵات و بە پێچەوانەوە گەمارۆکان بووەتە دەرفەتێک بۆ بوژانەوەی کەرتی ئابوری و بە دڵنیاییەوە بە جێبەجێکردنی سیاسەتی خۆڕاگری ئابوری کە لە لایەن ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە ڕاگەێندراوە، ئابوری ئێران بە پشت بەستن بە توانا و دەفرایەتییە خۆماڵییەکان زیاتر دەبووژێتەوە و کەمتر بە جیهانی دەرەوە بەسراوە دەبێت. بوومەلەرزەکانیش تەنیا خودای گەورە دەزانێت کەی و چۆن ڕوو دەدەن. س/ جام كوردى

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP