18/02/2018
ئيشراق
540 جار بینراوە

ڕابردوو پێمان دەڵێت کە پەیوەندییەکان بەهێزتر دەبن

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کوردانی عێراق پێش ڕووخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری سەدام، گومان لەوەدا نییە کە لەو سەردەمەدا و لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنێکی هاوبەش، بناغەی پەیوەندییەکی بەهێزی نێوان هەر دوو لا دانرا. ئەو پەیوەندییە و بوونی یەک سەنگەری خەبات لەو کاتەدا وایکردووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە چاوێکی دیکە لە کوردانی عێراق بڕوانێت، چاوی هاوکاری و برایەتی، بە پێچەوانەی هەندێک وڵاتی دیکە کە لە سەردەمی ڕژێمی سەدام دەستەبرا و هاوکاری ئەو دیکتاتۆرە بوون دژ بە کورد و هاوبەشی ئەو تاوانانەش بوون کە لەو سەردەمەدا بەعسییەکان دژ بە کوردان جێبەجێیان کردووە.
کارنامەی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کوردانی عێراق زۆر ڕوونە و ئەوەی کە گرنگە، کوردان خۆیان دان بەم ڕاستییەدا دەنێن کە وڵاتی ئێران هەردەم پەنا و پاڵپشتی ئەوان بووە، لە سەردەمی کیمیابارانی هەڵەبجە، کۆڕەوە مەزنەکەی کوردان، هاوکارییەکانی پاش ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس و تا دەگاتە شەڕی دژ بە داعش کە بە وتەی گەورە بەرپرسانی کورد، ئێران یەکەم وڵات بووە لە بەرامبەر ئەم گرووپە تیرۆریستییەدا هاوکارییەکانی پێشکەش بە حکومەتی هەولێر کردووە.
دەیان هەوڵی لاوازکردنی ئەم پەیوەندییانە لە لایەن وڵاتانی دیکەی وەک ئەمریکا و سەعوودیا جێبەجێ کرا بەڵام هەوڵەکانی ئەوان ئەنجامێکی پێچەوانەی هەبوو، لە بەر ئەوەی کە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر پشت بە مێژوویەکی دەوڵەمەند دەبەستێت کە ئەستەمە بە هەوڵی لەم شێوەیە کاریگەری بنەڕەتیی بەربکەوێت.
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری بۆ تاران کە بە بۆچوونی گەروە شرۆڤەکارانی کورد، بەرەوپێشچوونێکی زیاتری لە پەیوەندییەکان بەدواوە دەبێت، ڕاستییەکی بە هەمووان پیشاندایەوە کە یەکەم، تاران گرنگی بە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ دەدات و تەنانەت هەوڵی نێوەندگێڕی ئەوەشی داوە و بەردەوام دەبێت کە بەغدا مافە دەستوورییەکانی هەرێم دابین بکات، دووەم ئەوەی کە هەولێریش بەوە گەیشتووە کە تاران هێزێکی کاریگەری ناوچەکەیە و پڕوپاگەندەی وڵاتانی دیکە هیچ لە ڕۆڵی ئەم کاراکتەرە گرنگە کەم ناکاتەوە. وڵاتێک کە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە سوریا و عێراق سەرکەوتووانە داعشی لە ڕووی سەربازییەوە بەرەو کۆتایی بردووە.
بە بۆنەی ساڵۆگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و  ٢٢ی ڕێبەندان وەک ڕۆژی نیشتمانی ئێرانییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە گەورە بەرپرسان و کەسایەتی حیزبی و حکومی لە هەرێمی کوردستان سەردانی کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لە شاری هەولێر کرد و لە نزیکەوە پیرۆزبایی ئەم بۆنەیان لە گەل و حکومەتی ئێران کرد. لە سەرجەم ئەو چاوپێکەوتنانەدا جەخت لە سەر گرنگی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر کرایەوە. ئەمەش پیشاندەری ئەو ڕابردوو و مێژووە دەوڵەمەندەیە کە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لادا دەبینرێت و هەر ئەوەش وایکردووە داهاتوویەکی ڕوون و گەش چاوەڕوانی پەیوەندییەکان بکات، ئەو داهاتووەی کە بێ گومان ڕۆڵی بەرپرسان و حیکمەتی کەسایەتییە سیاسییەکان لە تاران و هەولێر تێیدا بە گرنگ دادەنرێت.س/ جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP