11/03/2018
ئيشراق
1413 جار بینراوە

بەهەشتی خودا لە ژێر پێی دایکانە

ئەمڕۆ لە رۆژژمێری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی لە دایکبووی حەزرەتی فاتیمەی زارا (س) وەک ڕۆژی دایک دیاریکراوە، ئەمەش وەک ڕێزێک لە ژنان و دایکان کە بەشێکی سەرەکی کۆمەڵگا پێک دێنن و وەک چۆن حەزرەتی ئایەتووڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە وتاری خۆیان بەم بۆنە پیرۆزەوە فەرموویان، دایکان ڕۆڵی گرنگی پەروەردەی کۆمەڵگایان لە ئەستۆیە و ئەمەش پێگەی ژنان و دایکانمان زیاتر بۆ ڕوون دەکاتەوە.
بۆ ژنان ئەمە شانازییەکی گەورەیە کە ڕۆژی لەدایکبوونی حەزرەتی فاتیمەی زارا (س) وەک رۆژی ژن ناو نراوە. بۆ هەموو ژنە موسڵمانێک شوێنکەوتوویی گەورەی ژنانی بەهەشت، فاتیمەی زارا (س) تەنیا ڕێگای دەربازبوونە لەو هەموو پیلان و گێژاوەی کە کەلتوری ڕۆژئاوا بە تایبەت بۆ ژنان دایانڕێژاوە.
ئێمە شانازی بەوە دەکەین کە لایەنگری ئائینێکین کە لە گەیشتن بە پلە باڵاکان هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاودا نییە. ژن ئامادەی گەشە و بەرزبوونەوەیە، وەک چۆن کە پیاوانیش هەمان هەوڵیان هەیە. ئایەتە پیرۆزەکانی قورئانیش ئەمەیان ڕوون کردووەتەوە و دەفەرموون: بە دڵناییەوە، خودای گەورە بۆ هەموو پیاوان و ژنانی موسڵمان، پیاوان و ژنانی بە ئیمان، پیاوان و ژنانی شوێنکەوتووی ئائینی ئیسلام، پیاوان و ژنانی ڕاستگۆ، پیاوان و ژنانی بەخشندە، پیاوان و ژنانی بەڕۆژوو، پیاوان و ژنانی داوێن پاک، لێبوردەیی و پاداشتێکی گەورەی دابین کردووە.
دایک بەدەر لەوەی کە لە ئائینی پیرۆزی ئیسلامدا ئەو پلە گەورەیەی پێ بەخشراوە کە بەهەشتی لە ژێر پێی ئەوان داناوە، لە کەلتوری دەوڵەمەندی کوردەواریشدا جێی ڕێز و گەورەییە و هەردەم ئێمەی کورد بە چاوی گەورە کەسێکی خۆمانەوە لە دایکانمان ڕوانیوە. دایک باڵاترین چیرۆکی ژیانی ئێمەیە، ئەو وانەی ژیانی بە ئێمە فێر کردووە، وەک پەروانە بە دەور مۆمی تەمەنی ئێمەدا سووتاوە. بە ڕاستی کە مرۆڤ و پێنووسەکانیان لە پێناسەی گەورەیی دایکان و تایبەتمەندییەکانی ئەوان بە لاوازی دەرکەوتوون.
یەکێک لە ئەرکە گەورەکانی ئێمە لە ئائینی پیرۆزی ئیسلام، چاکەیە بەرامبەر بە باوک و دایک. لە قورئانی پیرۆزدا چەندین جار ئامۆژگاری ئەمە کراوە و ئەمە لە پاڵ بابەتی گرنگی وەک یەکتاپەرستی هاتووە، کە واتە خودای گەورە لە پاش فەرمان بۆ یەکتاپەرستی، فەرمانی بە چاکە بۆ باوک و دایک داوە. ئەم گرنگییەش لە لایەن قورئانەوە بۆ گەورەیی باوک و دایک لە کەلتوری ئیسلامیدا دەگەڕێتەوە.
لەم رۆژە پیرۆزەدا پێویستە دەستی دایکانی خۆمان وەک کەسێک کە ئێمەی گەورە کردووە و ئەرک و ماندووبوونی لە پێناو ئێمەدا کێشاوە، ماچ بکەین و داوا لە خودای گەورە بکەین ئەو دایکانەش کە لە ژیاندا نەماون، بکەونە بەر لێبوردەیی و بەخشینی خودای گەورە.
لەم ڕۆژە پیرۆزەدا دەڵێین: دایکی خۆشەویست ئەگەرچی ناتوانین وەڵامدەرەوەی چاکەکانی تۆی بەڕێز بین بەڵام چەپکە گوڵی پیرۆزباییت پێشکەش دەکەین و داواکارین لە کەم و کوڕییەکانی ئێمە و خەراپەکانمان لە ساڵانی ژیانمان بەرامبەر بە خۆت ببورە. تۆ گەورەی و خودای گەورەش بەهەشتی خۆیی لە ژێر پێی تۆ داناوە، هەر بۆیە ئێمە ناتوانین قەرەبووی چاکەکانی تۆ بکەینەوە و پێویستمان بە لێبوردەیی دایک هەیە.س/ جام كوردى

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP