03/12/2017
ئيشراق
432 جار بینراوە

ئێران و شکستی داعش

گرووپی تیرۆریستی داعش لە کاتێکدا لە ماوەی ڕابردوو سەرجەم ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیی لە دەست داوە کە ئەم پرسە بووەتە هۆی بەهێزتربوونی پێگەی هەندێک لە کاراکتەرەکان و لاوازبوونی ژمارەیەکی دیکە. لایەنگرانی داعش واتە بەرەی وڵاتانی ڕۆژئاوا - عەرەبی و ڕژێمی زایۆنیستی دەکەونە بەرەی دۆڕاوەکان و بەرەی خۆڕاگریش وەک براوەی شەڕی دژ بە تیرۆر هەژمار دەکرێت. لەم نێوەندەدا، ئێران پێگەیەکی تایبەتی هەیە، لە بەر ئەوەی کە تەنیا بە هاوکاری ڕاوێژکاری ئێران لە عێراق و سوریا بووە کە داعش دەسەڵاتی خۆیی لە دەست داوە. لێرەدا شرۆڤەی ڕۆڵی تاران لە شکستی داعش دەکەین.
هاوکاری ڕاوێژکاری - سەربازی:
داگیرکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوو بە هۆی ئەوەی کە ئەم دوو وڵاتە ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی ئەمنی گەورە ببنەوە، لە بەر ئەوەی کە هەم دیمەشق و هەم بەغدا وەک پایتەختەکانی دوو وڵات کەوتنە بەر هەڕەشەی کەوتن و تەنانەت هەندێک لە چاودێرانی سیاسی ناوچەکە ئەم دوو وڵاتەیان بە تەواوبوو ناو دەبرد، لە بەر ئەوەی کە داعش لە لایەن ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزی جیهانەوە پاڵپشتی دارایی و سەربازی دەکرا. ئامانج لەو پاڵپشتییەش دابەشکردنی عێراق و سوریا بوو کە لە ئەگەری مسۆگەربوونی، هەڕەشەیەکی ئەمنی گەورەش بۆ ئێران دەهاتە پێشەوە. لە قۆناغێکدا تەنانەت داعش گەیشتە ٣٠ کیلۆمەتری سنورەکانی ئێران. ئەم هەلومەرجەش بوو بە هۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئامانجی بەرگری لە سنورەکانی خۆی، لە ناوخۆی وڵاتانی عێراق و سوریا ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە.
ئێران یەکەم وڵات بوو کە هاوکارییەکانی بە عێراق گەیاند و لە ڕووی سەربازییەوە یارمەتییەکانی پێشکەش بە هێزەکانی سوپای عێراق، حەشدی شەعبی و پێشمەرگەی کوردستان کرد. بەدەر لەمەش کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆڵی بەرچاوی لە مەشق و ڕاهێنانی هێزە عێراقییەکان بە تایبەت لە بەرامبەر پڕوپاگەندەکانی میدیایی وڵاتانی ڕۆژئاوا، سەعوودیا و ڕژێمی زایۆنیستی هەبووە.
مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئێران لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش ڕایگەیاند، هەڵوێستی ئێران لەو ڕۆژەی کە تیرۆریستانی داعش هێرشیان دەکردە سەر کوردستان، لە بیر ناکرێت. ئەوان یەکەم کەس بوون کە هاوکارییەکانیان بە ئێمە گەیاند. ناوبراو وێڕای دەستخۆشی لە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە جارێکی دیکە ئەوە بۆ ئێمە سەلمێندرا کە ئێران لە قۆناغە دژوارەکاندا بە بێ هیچ چاوەڕوانییەک، پاڵپشت و هاوکاری ئێمە بووە و ئەمە قەد لە بیر ناکرێت.
ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئازادکردنەوەی عێراق لە ژێر دەسەڵاتی گرووپی تیرۆریستی داعش بابەتێکە کە سیاسەتوانانی عێراقی و زۆربەی شرۆڤەکارانی کاروباری ناوچەکە بە دەیان جار دەستخۆشییان لە هاوکارییەکانی ئەم وڵاتە لە گەل و حکومەتی عێراق کردووە. نوری مالکی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ کەناڵی المیادین وتی: ئەگەر هاوکارییەکانی ئێران لە شەڕی دژ بە تیرۆر نەدەبوو، ئەمڕۆ هەلومەرجی عێراق وا نەبوو، ئێران چەکی بە ئێمەدا و بەم چەکانە بوو کە خۆڕاگریمان کرد. ئەبومێهدی موهەندیس بەرپرسی باڵا لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ڕێ و ڕەسمی تایبەت بە سێهەمین ساڵۆگەڕی پێکهێنانی ئەو هێزانە وێڕای جەخت کردنەوە لە ڕۆڵی ئێران لە هاوکاری هێزەکانی حەشدی شەعبی، دەستخۆشیی لە تاران کرد. ناوبراو ڕوونیکردەوە کە ئەگەر ئێران نەدەبوو ڕەوتی خۆڕاگری عێراقییەکان وا نەبوو و سەرکەوتنەکانیش بە سەر بەرەی تیرۆردا مسۆگەر نەدەبوو.
هاوکارییەکانی ئێران بۆ سوریاش لە سەرەتادا شێوازێکی تایبەتی هەبوو. لە ڕاستیدا ئێران لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ئەم قەیرانە بە شێوازی ڕاوێژکاری و مەشق و ڕاهێنانی سەربازی هاوکاری سوریای دەکرد. بەڵام لە پاش داوای فەرمی سەرۆک کۆماری سوریا بە شێوازی سنوردار و لە چوارچێوەی بەرگریکارانی شوێنە پیرۆزەکان، ئێرانییەکان چوونە سوریا.
یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی حکومەتی سوریا نەبوونی ئەزموونی کەڵک وەرگرتن لە هێزی خەڵک لە کاتی قەیرانەکان بوو، هەر بۆیە ڕاوێژکارانی ئێرانی لە سوریا ئەوەیان بە بەرپرسانی ئەم وڵاتە گەیاند کە لە کاتی قەیراندا چۆن دەتوانن کەڵک لە هێز و دەفرایەتییەکانی خەڵک وەربگرن. ڕێکخستنی چەندین گرووپی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان لە هەنگاوە زێڕینەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شەڕی دژ بە داعش لە سوریا بووە.
هەروەها پێکهێنانی هاوپەیمانی ١+٤ واتە ئێران، سوریا، عێراق، حیزبووڵای لۆبنان و ڕووسیا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەنگاوە گرنگەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە. تاران لە پاش داوای دەسەڵاتی فەرمی سوریا ژمارەیەک لە گەورە ڕاوێژکارانی سەربازی خۆیی بە مەبەستی بەشداری لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان ڕەوانەی ئەم وڵاتە کرد.
کاریگەری هەنگاوەکانی ئێران لە سەر بەرەی لایەنگرانی داعش:
هاوکارییەکانی ئێران بۆ عێراق و سوریا لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی داعش بە تایبەت لە بواری ڕاوێژکاری و سەربازی بوو بە هۆی گۆڕینی هاوکێشەی شەڕەکە، لە بەر ئەوەی کە بە هاتنی ئێران بۆ گۆڕەپانی شەڕی دژ بە تیرۆریستان، دەسەڵات و توانای ئەو گرووپانە بە تایبەت داعش بەرەو لاوازبوون رۆیشت، ئەمەش گورزێکی کوشندە لە سەر پەیکەری لایەنگرانی داعش بوو کە نەخشە و پیلانەکانیان تەنیا بە سەرکەوتنی داعش مسۆگەر دەبوو. بەم هۆیەشەوە وڵاتانێکی وەک تورکیا لە پاش شکستی سیاسەتی دەستێوەردانی خۆیان بەپەلە گۆڕانکارییان لە ستراتیژی خۆیان کرد و هێماکانی گۆڕینی هەڵوێستیان سەبارەت بە سوریا تێدا بەدی کرا. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە پاش ئەم گۆڕانکارییە کەوتە بەرەی ئێران و ڕووسیا. لە ڕاستیدا سەرکەوتنەکانی بەرەی خۆڕاگری لە بەرەکانی شەڕ بوو بە هۆی ئەوەی کە لە بواری سیاسیش لە پێناو مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی گەلی سوریا گۆانکاری گەورە ببینرێت. قەتەریش بە بینینی ئەم دۆخە و هەروەها بە هۆی ناکۆکییەکانی لە گەڵ سەعوودیا وازی لە بەرەی لایەنگرانی داعش هێنا. ئەم دوو وڵاتە لە ڕیزی گرنگترین وڵاتانی لایەنگری داعش بوون و بە پچڕانی هاوکارییەکانی ئەوان زیانێکی گەورە بە تیرۆریستانی داعش گەیشت.
قەتەر یەکەم وڵات بوو کە وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ڕووداوەکانی سوریا باڵیۆزی خۆیی لەم وڵاتە بانگهێشت کرد و هەروەها باڵیۆزخانەی سوریای لەم وڵاتە ڕادەستی گرووپەکانی بە ناو ئۆپۆزسیۆن کرد و ئەو گرووپانەی بە فەرمی ناساند. ئەم وڵاتە پلانداڕێژی سەرەکی بەشێکی زۆری بڕیارەکانی کۆمکاری عەرەبی دژی سوریا بە تایبەت هەڵپەساردنی ئەندامێتی دیمەشق بووە. بەدەر لەمەش قەتەر یەکەم وڵات بووە کە پرسی گەمارۆی سوریای گەڵاڵە کرد و پاشان بووە لایەنگری سەرەکی دەستێوەردانی سەربازی لەم وڵاتە.
تورکیاش ڕۆڵی گرنگی لە بەهێزبوونی داعش هەبووە. کاتا پیری ئەندامی پارلەمانی ئەورووپا و هەروەها ئەندام لە گرووپی دۆستایەتی پارلەمانی ئەورووپا و تورکیا لە وتووێژی لە گەڵ ماڵپەڕی لۆبلاگ ڕایگەیاند: کڕینی نەوتی داعش لە لایەن تورکیاوە بابەتێکی جیدییە، ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەم وڵاتە ڕۆڵی گرنگیان لە داڕشتن و دابینکردنی سۆنامی کۆچی پەنابەرە سورییەکان بۆ ئەورووپا هەبووە و بەمەش کێشەی ئەمنییان بۆ ئەورووپا خوڵقاندووە. برێت مەکگۆرک نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە هاوپەیمانی بە ناو دژ بە تیرۆریزم ڕایگەیاند کە تورکیا شوێنی ترانزێتی سەدان تیرۆریست بۆ سوریا بووە.
بەم هۆیەوە ئەم دوو وڵاتە بە پچڕانی هاوکارییەکانیان زیانێکی گەورەیان بە گرووپی تیرۆریستی داعش گەیاند. ئازادکردنەوەی شارەکانی وەک موسڵ، فەلوجە و تکریت لە عێراق و ڕققە، دەیرزۆر و حەلەب لە سوریا بوو بە هۆی ئەوەی کە تورکیا و قەتەر ڕۆڵی خۆیان لە سوریا بە تەواوبوو بزانن. بەم هۆیەشەوە هەر دوو وڵات بە فەرمی وازیان لە بەرەی نەیارانی سوریا هێنا و لە ئێستادا تەنانەت دەنگۆی ئەگەری دانوستانی ئەردۆغان و حکومەتی دیمەشق دەبیسترێت.
لە ئاکامدا دەتوانین بڵێین کە:
ئێران هەر لە سەرەتای چالاکییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش لە ناوچەکە ئاڵاهەڵگری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان بووە و بە هاوکاری ڕاوێژکاری و سەربازی لە عێراق و سوریا لە قۆناغی یەکەم ڕێگریی لە پەرەسەندنی زیاتری داعش کرد. لە قۆناغی دووەم، ئێران بە هاوکارییەکانی خۆی و ڕێکخستنەکانی خەڵکی ئەم دوو وڵاتە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان ڕۆڵی کاریگەری خۆیی لە شەڕی دژ بە داعش پیشاندا. لە قۆناغی سێهەم، ئێران لە سەر داوای فەرمی حکومەتی عێراق و سوریا ژمارەیەکی سنوردار لە ڕاوێژکارانی سەربازیی ڕەوانەی ئەم دوو وڵاتە کرد و بە فەرماندەیی لیوا قاسم سلێمانی فەرماندە ئازا و بوێرەکەی ئێران ڕەوتی بەرەنگاربوونەوەی داعش شێوازێکی دیکەی بە خۆوە گرت. لە ئاکامدا بە ئازادکردنەوەی شاری ئەلبوکەمال، ئێران بە فەرمی کۆتایی پرۆژەی داعشی ڕاگەیاند. ئەمەش بە باشترین شێواز ڕۆڵ و کاریگەری تارانی لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە جیهانیان پیشاندا. س/ جام كوردى
 

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP