15/03/2018
ئيشراق
619 جار بینراوە

هه‌وڵدان بۆ كۆبوونه‌وه‌ى تره‌مپ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى كۆریاى باكوور

ئه‌گه‌ر رووداوێك نه‌قه‌ومێت و دوژمایه‌تیه‌كه‌یان دووهێنده‌ لێنه‌كات، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت پێش كۆتایى مانگى ئایار-ى داهاتوو،  سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ له‌گه‌ڵ كیم یۆنگ ئۆن سه‌رۆكى كۆریاى باكور كۆببێته‌وه‌. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئه‌م دوو سه‌رۆكه‌ له‌كوێ كۆده‌بنه‌وه‌؟
دوو سه‌رۆكه‌كه‌ى پێشوو، جێمى كارته‌ر و بیل كلینتۆن، چوونه‌ پیۆنگ یانگ و شكستیانهێنا. سه‌رۆك تره‌مپ-یش نه‌یوتووه‌ كه‌ ناچێته‌ پایته‌ختى كۆریاى باكور. ئایا كیم یۆنگ ئۆن ده‌چێته‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ دیارى سه‌رۆكه‌كه‌ى؟. ئه‌مه‌یش ئه‌گه‌رێكى تره‌ و ره‌نگه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ رێككه‌وتنێك كۆتایى بێت چونكه‌ هه‌ردوو سه‌رۆك له‌ یه‌ك جۆر قوڕ-ن كه‌ ئه‌ویش توندڕه‌وییه‌.
سه‌رۆكى كۆریاى باكور ئاماژه‌یه‌كى به‌وه‌ داوه‌ كه‌ ره‌نگه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ى رابگرێت، ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌یه‌وێت، به‌ڵام ورده‌كارییه‌كان زۆر و ئاڵۆز ده‌بن، ئاخۆ هه‌ردوو سه‌رۆك له‌ وڵاتێكى بێلایه‌نى وه‌ك كۆریاى باشور یان چین كۆده‌بنه‌وه‌؟
هه‌موو ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ى سه‌ره‌وه‌ لۆژیكین و هه‌ن، ئیتر ئه‌وه‌وى ده‌مێنێته‌وه‌ جێبه‌جێكردنه‌، ئه‌گه‌رچى من له‌وه‌ ده‌ترسم كه‌ شتێكى وا رووبدات ببێته‌ هۆى دووهێنده‌كردنى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌كانى نێوان هه‌ردوو وڵات له‌جیاتى سووككردنى. با وایدانێین كه‌ هه‌ردوو سه‌رۆك كۆبوونه‌وه‌ و گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنیش، به‌ڵام تۆ بڵێیت رێككه‌وتنه‌كه‌ خۆڕاگر و پارێزراو بێت و جێبه‌جێ بكرێت یان هه‌ر یه‌كه‌یان ئه‌ویدى تۆمه‌تبار بكات به‌ پێشێلكردنى و پابه‌ندنه‌بوونى به‌ به‌ڵێنه‌كانى ناو رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌؟
سه‌رۆك تره‌مپ وتى پێشوازیى ده‌كات له‌ كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ كیم یۆنگ ئۆن، به‌ڵام شتێكى ئه‌رێنیى واى پێشكه‌ش نه‌كرد كه‌ هاوتاى ئاماژه‌كه‌ى سه‌رۆكى كۆریاى باكور بێت بۆ ئه‌گه‌رى راگرتنى به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى. تره‌مپ پێویستى به‌ پلانێكه‌ كه‌ له‌چوارچێوه‌یدا هه‌ندێك رێكار و رێوشوێن رابگه‌یه‌نێت تا هانده‌ربێت بۆ به‌ستنى كربوونه‌وه‌كه‌.
ئه‌وه‌ى تا ئێستا هه‌یه‌، هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خاتوو ساره‌ هاكابى ساندرز وته‌بێژى رۆژنامه‌وانیى كۆشكى سپى، جار دواى جار داواى ئه‌وه‌ ده‌كات كۆریاى باكور هه‌نگاوگه‌لێك رابگه‌یه‌نێت "كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان تێدابكرێت" بۆ رێكخستنى كۆبوونه‌وه‌كه‌. خاتوو ساره‌ هیچى نه‌وتووه‌ كه‌ ئاخۆ سه‌رۆك تره‌مپ چ رێوشوێنێك پیاده‌ ده‌كات بۆ به‌ستنى كۆبوونه‌وه‌كه‌ و سه‌ركه‌وتووبێت ئه‌گه‌ر كرا.
خاڵێكى گرنگ بۆ خوێنه‌رى عه‌ره‌بى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قسه‌كردن ده‌رباره‌ى ئاماده‌یى كۆریاى باكور بۆ ده‌ستبه‌رداربوونى له‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى، له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌كه‌یه‌وه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌لایه‌ن چینگ ئێ یۆنگ-ى به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى كۆریاى باشوره‌وه‌ وتراوه‌ له‌ میانه‌ى دیدارى شاندێكدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى كۆریاى باكور. ئه‌و زانیارییانه‌یش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ كیم یۆنگ ئۆن ده‌زانێت له‌ ئایینده‌یشدا مانۆڕه‌ هاوبه‌شه‌كانى نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆریاى باشور به‌رده‌وام ده‌بن، به‌ڵام ئومێده‌واره‌ له‌ قه‌باره‌ و سنوورێكى دیاریكراودا بن.
لێره‌دا لایه‌نى ئیسرائیل-ییش هه‌یه‌ له‌ گفتوگۆكانى داهاتوودا، چونكه‌ هه‌ندێك له‌ لایه‌نگره‌كانى له‌ ناوه‌نده‌ گرنگه‌كانى ئه‌مریكادا پێیانوایه‌ كه‌ گفتوگۆكانى پێشوو شكستیانهێناوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌ ته‌واوه‌تى ئاماده‌كارییان بۆ نه‌كرابوون، مافیاكانى ئیسرائیل پابه‌ندبوونى پێشوه‌خته‌ى كۆریاى باكور-یان ده‌وێت، چونكه‌ ده‌ترسن هاوكاریى ئه‌تۆمیى نێوان كۆریاى باكور و ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌كانى وه‌ك سوریا، به‌رده‌وام بێت، ئه‌مه‌یش واتاى (مه‌ترسییه‌كى راسته‌قینه‌) بۆ سه‌ر ئیسرائیل ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌گه‌ر دۆناڵد و كیم كۆببنه‌وه‌، ئاخۆ قسه‌ى نه‌رمى دیپلۆماسیانه‌ ده‌كه‌ن یان ئه‌مریكیه‌كه‌ كۆریاى باكوریه‌كه‌ به‌ (كابراى مووشه‌ك) و ئه‌ویشیان تره‌مپ به‌ (خه‌ڵه‌فاو) ناو ده‌بات؟
له‌ تویته‌كانى تره‌مپ له‌ 2014 وه‌، واتا پێش ئه‌وه‌ى حه‌زى خۆى بۆ سه‌رۆكایه‌تیش رابگه‌یه‌نێت، بیروباوه‌ڕى خۆیى ده‌ربڕیوه‌. ساڵى 2014 وتى كۆریاى باكور دوا شوێنى رووى زه‌وى-یه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت سه‌ردانى بكات. ساڵى 2016 وتى سه‌رۆكه‌ شێته‌كه‌ى له‌سه‌ر بۆمبى ئه‌تۆمیى داده‌نیشێت. هه‌مان ساڵ وتى داوا له‌ چین ده‌كات به‌هه‌ر رێگه‌یه‌ك بووه‌ كیم بڕفێنێت. ساڵى 2017یش پرسیى، كیم بۆ شتێكى باشتر نادۆزێته‌وه‌ خۆیى پێوه‌ سه‌رقاڵ بكات؟ دواتر له‌ تویتێكدا كه‌وته‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كۆریاى باكور و وتى كیم شێته‌. ئه‌ویش وه‌ڵامیدایه‌وه‌ كه‌ تره‌مپ ئه‌قڵى تێكچووه‌ و به‌ره‌و خه‌ڵه‌فان ده‌چێت. زیادتر وتى سه‌گى ترسنۆك به‌ده‌نگى به‌رز ده‌وه‌ڕێت.  
بێگومان ره‌نگه‌ خوێنه‌ر بێته‌وه‌ بیرى كه‌ تره‌مپ وتى په‌نجه‌ى له‌سه‌ر دوگمه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌یه‌ و دوگمه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ له‌وه‌ى لاى كیم یۆنگ ئۆن گه‌وره‌تره‌. كه‌چى سه‌رۆك تره‌مپ له‌ تویتێكى 25/2/2018 دا ده‌ڵێت ئاماده‌ى ده‌ستپێكردنى دانوستانه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى كۆریاى باكور.
ده‌ستپێكردنى دانوستان ماناى سه‌ركه‌وتنى ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵام ره‌نگه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌ بێت كه‌ تره‌مپ بیه‌وێت كۆتایى به‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆریاى باكور بێنێت بۆ ئه‌وه‌ى ته‌ركیز بخاته‌ سه‌ر ئێران، وه‌ك ئه‌وه‌ى نه‌تانیاهۆ-ى هاوپه‌یمانى ده‌یه‌وێت. ن: جهاد ئه‌لخازن 
و: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP