24/12/2017
ئيشراق
444 جار بینراوە

جیهان ئەوەی دووپات کردەوە، قودس ناسنامەی ئیسلامییە

لە ماوەی ڕابردوو بە بڕیارە هەڵەکەی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە ناساندنی قودسی پیرۆز وەک پایتەختی ڕژێمی زایۆنیستی داگیرکار، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە وڵاتانی ئیسلامی سەری هەڵدا و جارێکی دیکە فەڵەستین وەک کێشەی سەرەکی جیهانی ئیسلام جەختی لە سەر کرایەوە و هاوکات ڕواڵەتی خیانەتکاری هەندێک وڵاتی بە ناو ئیسلامیش بۆ ڕای گشتی ئیسلامی ڕوون کرایەوە.
ترەمپ لە کاتی گەیشتنی بە دەسەڵاتی ئەمریکا بە بڕیارەکانی نەک تەنیا وڵاتەکەی خۆی بەڵکوو ناوچە جیاجیاکانی جیهانیشی تووشی کێشە و گرفت کردووەتەوە و بەمەش ئاسایش و سەقامگیری جیهان کەوتووەتە مەترسییەوە. بڕیار و کردەوەکانی ترەمپ تەنیا بۆ دابینکردنی بازاڕی پێویست بۆ بەرهەمە سەربازییەکانی ئەم وڵاتەیە و ترەمپ وەک گەورە بازرگانێک کە لە ئێستادا پاڵی بە کورسی دەسەڵاتی ئەمریکاوە داوە بە هەموو شێوازێک هەوڵ دەدات بە ئامانجە ئابوری و داراییەکانی بگات.
بڕیارەکانی ناوبراو بە تایبەت بەم دواییە و سەبارەت بە قودس وەک هەنگاوێک بە ئاراستەی ئاڵۆزکردنی زیاتری ڕەوشی ناوچەکە بووە تا لەم ڕێگایەشەوە بە ناکۆکی خستنە نێو وڵاتانی ناوچەکە کێبەڕکێی سەربازی لە نێو ئەواندا بخوڵقێنێت و بەمەش بە داماڵینی وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانی خۆی، بە ئامانجە ئابورییەکانی بگات.
بەڵام بڕیارە هەڵەکەی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە داهاتووی قودس نەک تەنیا لە ئاستی جیهانی ئیسلام بەڵکوو لە ئاستی جیهانیش و تەنانەت لای هاوپەیمانانی ئەورووپی ئەم وڵاتە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بوویەوە و ئەوان پاڵپشتی خۆیان بۆ مافەکانی فەڵەستینییەکان دەربڕی، هەرچەندە ئەوەش کە ئەورووپییەکان دەیڵێن، بە تەواوی مافە ڕەواکانی فەڵەستینییەکان لە خۆ ناگرێت.
زیاتر لە سەد وڵاتی جیهان لە دانیشتنی نائاسایی کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تێکڕای دەنگ دژ بە بڕیارەکەی ئەمریکا وەستانەوە و ڕایانگەیاند کە هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی قودسدا ناکرێت و ئەم شارە داگیر کراوە. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە نیکی هیلی باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێش ئەو دانیشتنە هەڕەشەی لەو وڵاتانە کرد کە کەڵک لە هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا وەردەگرن کە دەنگەکانیان دژ بەو بڕیارەی کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت بەڵام لە ئاکامدا ئەوەی کە بینرا، وڵاتانی جیهان پێکەوە دژ بە ترەمپ و ئەمریکا وەستانەوە و سەرشۆڕی بۆ رژێمی زایۆنیستی مایەوە.
لە لێکدانەوەی ئەم پەیامەی جیهان بۆ ترەمپ و نتانیاهۆ بە دوو خاڵی گرنگ دەگەین:
یەکەم: سەردەمی ئەوە بە سەر هاتووە کە ئەمریکا لە ڕێگای زەبر و زۆر و پارەوە بتوانێت ڕای خۆی بە سەر وڵاتانی جیهاندا بسەپێنێت. یەکڕیزی زۆرینەی وڵاتانی جیهان سەبارەت بە پرسی قودس و ڕەتکردنەوەی بڕیارەکەی ترەمپ پەیامێکی ڕوون بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو کە کۆشکی سپی خاوەن جیهان نییە و نابێت ئەوەی لە بەرژەوەندی ڕژێمی زایۆنیستییە بە سەر وڵاتانی جیهاندا بسەپێندرێت.
دووەم: هەندێک وڵاتی بە ناو ئیسلامی کە بە سیستەمی دیکتاتۆری بەڕێوە دەبرێن بە ئامانجی مانەوەیان لە پۆست و پلەکانیان هەردەم وەک گوێڕایەڵی ئەمریکا و شوێنکەوتووی سیاسەتەکانی ئەم وڵاتە دەرکەوتوون. ئەو وڵاتانە کە خۆیان وەک ڕێبەرایەتی جیهانی ئیسلام دەناسێنن بە ئاسانی لە بەرامبەر سیاسەتی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی چاویان بە سەر پێشێلکردنی مافی فەڵەستینییەکان داخستووە و لە کۆبوونەوە و ژوورە داخراوەکانی خۆیان بە دەیان جار تەنازوولیان بۆ ئەو ڕژێمانە کردووە و چیدی بە لایانەوە گرنگ نییە کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین چی ڕوو دەدات.
بڕیارەکەی ترەمپ ئەوەی ڕوون کردەوە کە ئەوەی خەون بە ئەمریکا و ڕۆڵی نێوەندگێڕی ئەم وڵاتەوە دەبینێت خەونەکەی بەتاڵە و ئەمریکا تەنیا لە هەوڵی مسۆگەربوونی ئامانجەکانی خۆیە و کاتی خۆی دەگات کە وڵاتانی وەک سەعوودیا بەو ڕاستییە بگەن کە ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین تەنیا لە ڕێگای یەکڕیزی ئیسلامییەوە مسۆگەر دەبێت نەک سەمای شمشێری ئەوان و ئەمریکییەکان!س/ جام كوردى

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP