10/09/2018
ئيشراق
653 جار بینراوە

خۆری ئاشتی سوریا له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ هه‌ڵدێت

کۆبوونه‌وه‌ی لوتکه‌ی تاران تایبه‌ت به‌ سوریا به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ر سێ سه‌رۆک کۆماری ئێران، ڕووسیا و تورکیا به‌ڕێوه‌چوو. ئاماده‌بوونی ڤلادیمیر پوتین و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ پایته‌ختی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ هه‌لومه‌رجێکدا که‌ ئه‌مریکا زنجیره‌ گه‌مارۆیه‌کی ئابوریی به‌ سه‌ر ئه‌م وڵاته‌دا سه‌پاندووه‌ و هه‌وڵی ئه‌وه‌ش ده‌دات په‌یوه‌ندییه‌ ئابوری و بازرگانییه‌کانی وڵاتانی جیهان له‌ گه‌ڵ تاران ڕابگرێت، به‌ ده‌سکه‌وتێکی دیپلۆماسی هه‌ره‌ گرنگ هه‌ژمار ده‌کرێت.
یه‌کێک له‌ گرنگترین خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کانی هه‌ر سێ وڵاتی ئێران، ڕووسیا و تورکیا ئه‌و گه‌مارۆ و سزا ئابورییانه‌یه‌ که‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریکاوه‌ به‌ سه‌ریاندا سه‌پاوه‌ و به‌ واتایه‌کی دیکه‌ ئه‌وان ڕووبه‌ڕووی شه‌ڕێکی ئابوری واشنتن بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ که‌ به‌ره‌یه‌کی به‌هێز له‌ پێناو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌ توندڕۆکانی دوناڵد تره‌مپ پێک بهێندرێت. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ گه‌یشتن به‌ ڕێکه‌وتنی وڵاتانی په‌راوێزی ده‌ریای خه‌زه‌ر و نزیکبوونه‌وه‌ی زیاتری ئێران و ڕووسیا له‌م بواره‌دا وایکردووه‌ که‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌کانی هه‌ر دوو وڵات به‌ره‌و قۆناغێکی دیکه‌ بڕوات. کۆی گشتی ئه‌م ڕووداوانه‌، گرنگی گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێکی سیاسیی بۆ قه‌یرانی هه‌شت ساڵه‌ی سوریا و له‌ناوبردنی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کانی له‌م وڵاته‌دا زیاتر له‌ هه‌ر کاتێکی دیکه‌ دووپات کردووه‌ته‌وه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایکرد که‌ له‌ سه‌ر ئاستی جیهانی به‌ گرنگییه‌وه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ی تاران بڕوانن.
له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، گۆڕانکارییه‌ مه‌یدانییه‌کانی ئه‌م ڕۆژانه‌ی سوریا وایکردووه‌ که‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ی تاران زۆر تایبه‌ت و چاره‌نووسساز بێت. له‌ بواری سه‌ربازیدا و له‌ قۆناغه‌ کۆتاییه‌کانی شه‌ڕی سوریا، هێزه‌کانی سوپای ئه‌م وڵاته‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ده‌روازه‌کانی ئیدلب که‌ به‌ دوایین پێگه‌ی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کانی وه‌ک به‌ره‌ی نوسره‌ یان ته‌حریری شامی ئێستا هه‌ژمار ده‌کرێت. دیمه‌شق له‌ پێناو سه‌لماندنی مافی پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی خۆی، ئیراده‌ی به‌هێزی خۆیی بۆ له‌ناوبردنی تیرۆریستان پیشانداوه‌ به‌ڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌ تایبه‌ت ئه‌مریکا ده‌ڵێن که‌ زیاتر له‌ دوو ملیۆن که‌س له‌ ئیدلب ژیان به‌ سه‌ر ده‌به‌ن و تیرۆریستان له‌ نێو خه‌ڵکه‌که‌دا خۆیان حه‌شار داوه‌ و هه‌ر هێرشێکی حکومه‌تی سوریا ده‌توانێت کاره‌ساتێکی مرۆڤیی به‌ دواوه‌ بێت. چاودێران پێش بینی ئه‌وه‌ش ده‌که‌ن که‌ به‌ پیلانگێڕییه‌کانی ئه‌مریکا ڕه‌نگه‌ سوریا له‌ هێرشی ئیدلب ڕووبه‌ڕووی هێرشێکی سه‌ربازی واشنتن و سێ وڵاتی ئه‌ورووپی ببێته‌وه‌.
ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ که‌ به‌ درێژایی ساڵانی قه‌یرانی سوریا، سیاسه‌ت و کرده‌وه‌کانی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی بووه‌ته‌ هۆی ئاڵۆزتربوونی ڕه‌وشی ناوخۆیی ئه‌م وڵاته‌ و ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی که‌ به‌ سه‌ر دانیشتووانه‌که‌یدا هاتووه‌.
له‌ به‌رامبه‌ر پیلانگێڕییه‌کانی ئه‌مریکا، هه‌ر سێ وڵاتی ئێران، ڕووسیا و تورکیا به‌ ده‌ستپێشخه‌ری دانوستانه‌کانی ئاستانه‌ هاوئاهه‌نگ له‌ گه‌ڵ هه‌وڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، ڕێگایه‌کی ڕاست و درووستیان بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری سیاسی قه‌یرانی سوریا گرته‌به‌ر. له‌ ئاکامی ئه‌م دانوستانانه‌دا بوو که‌ ڕۆحانی، پوتین و ئه‌ردۆغان پێش کۆبوونه‌وه‌که‌ی تاران، دووجار له‌ سووچی و ئه‌نکه‌ره‌ کۆبوونه‌وه‌ تا ڕێکه‌وتنه‌کانی ئاستانه‌ له‌ ئاستێکی باڵادا بگاته‌ ده‌ره‌نجامێکی دیاریکراو.
سه‌رۆک کۆمارانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا به‌ده‌ر له‌ وتووێژی تایبه‌ت به‌ له‌ناوبردنی تیرۆریستانی ته‌کفیری و ڕێگری له‌ زیانه‌ مرۆڤییه‌کان، چه‌ندین پرسی دیکه‌یان وه‌ک گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان، ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی سوریا و داڕشتنی ده‌ستووری نوێی ئه‌م وڵاته‌ تاوتوێ کرد تا درگاکانی ئاشتی و ئاسایش و سه‌قامگیری به‌ ڕووی گه‌لی سوریادا بکرێته‌وه‌.
له‌ کاتێکدا که‌ به‌ره‌ی ڕۆژئاوا به‌ سه‌رکردایه‌تی ئه‌مریکا هه‌وڵه‌کانیان بۆ ئاڵۆزکردنی ڕه‌وشی سوریا چڕ کردووه‌ته‌وه‌، له‌ به‌ره‌ی ڕۆژهه‌ڵات، سێ وڵاتی کاریگه‌ری ئێران، ڕووسیا و تورکیا هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری سیاسی قه‌یرانی هه‌شت ساڵه‌ی سوریا، جارێکی دیکه‌ بزه‌ی پێکه‌نین بخه‌نه‌ سه‌ر لێوی منداڵانی مه‌ینه‌ت چێشتووی ئه‌م وڵاته‌.

س/جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP