01/02/2018
ئيشراق
529 جار بینراوە

لقی زەیتون لە ژێر سێبەری ئاستانە و سووچی

پاش دەستێوەردانە سەربازییەکەی تورکیا لە عفرینی سوریا ئەو ڕاستییە ڕوون بووەتەوە کە ڕووسیا و ئەمریکا وەک دوو وڵاتی زلهێز و کاریگەر لە قەیرانی سوریا هیچ هەڵوێستێکیان بەرامبەر بەم پێشێلکارییە نەبووە و هەر ئەم بێدەنگییەش بوو بە هۆی ئەوەی کە تورکیا کۆنتڕۆڵکردنی ڕووبەرێکی ٧٠ کیلۆمەتری وەک سیاسەت و ئامانجی پرۆسە سەربازییەکانی لقی زەیتون ڕابگەێنێت. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە تورکیا هەوڵی ئەوە دەدات بە گەورە پیشاندانی پرسی کوردان وەک هەڕەشەیەک لە سەر ئاسایشی نیشتمانی خۆی، دەرفەتێکی سیاسی مسۆگەر بکات و لەو ڕێگایەشەوە هەوڵی بە دەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بدات.
دۆخەکە بەو شێوازەیە کە ئەنکەرە لە هەلومەرجی دانوستانەکانی ئاستانە و سووچی لە بەرژەوەندی خۆیدا کەڵکی وەرگرتووە. ڕاستە کە پێکهێنانی حکومەتێکی کوردی لە سوریا بە هەڕەشە لە سەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا دادەنرێت بەڵام پرسیارەکە لێردەدایە کە ئایا پرۆسە سەربازییەکانی لقی زەیتون تەنیا بۆ بێ کاریگەرکردنی هەڕەشەی کوردەکانە یان دەبێت لە چاوەڕوانی سیناریۆی مەترسیداری دیکەی ئەنکەرە لە خاکی سوریادا بین؟
ئەم پرسیارەش بەو هۆیەوە خراوەتەڕوو کە ڕاستییەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی پیشان دەدات کە هێز و دەسەڵات هۆکارێکی کاریگەری دۆسیە جیاوازەکان بووە کە دەبێت هێرشە سەربازییەکانی تورکیا بۆ عفرین لەم چوارچێوەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت تا ئەنکەرە لە ئاکامدا بتوانێت لەم پرسە هەوڵی مسۆگەربوونی ئامانجە سیاسییەکانی بدات.
تورکیا ئەمڕۆ بە فەرمی سوپای ئازادی سوریای هێناوەتە هاوکێشە مەیدانییەکانی خۆی کە دەبێت وەک پێکهێنانی داعش لە ڕواڵەتێکی نوێدا پێناسە بکرێت. بێ گومان ئەردۆغان کە لە زۆربەی سیناریۆکانی خۆی لە سوریا تووشی شکست بووەتەوە بە بەکارهێنانی سوپای ئازادی سوریا هەوڵی قەرەبووکردنەوەی ئەو ڕابردووە تاڵە دەدات و پێدەچێت کە هێرشەکەی عفرین کۆتا ئەڵقەی ئەم سیناریۆیەش نەبێت بەڵکوو دەبێت چاوەڕوانی هەنگاوەکانی دیکەی ئەنکەرە بین کە لە ئاکامدا قۆناغێکی نوێی سوریای لێدەکەوێتەوە. لە بەر ئەوەی کە تورکیا کوردانی وەک هەڕەشەی جیدی بەرامبەر بە خۆی لە ناوچەکە ناو بردووە بەڵام هەوڵی بەرفراوانبوونی دەسەڵات و هەژموونی خۆی لە سوریا دەدات. لەم ڕووەشەوە دەبێت هەنگاوەکانی داهاتووی تورکیا لە سوریا چاودێری بکرێت لە بەر ئەوەی کە پیلانەکانی ئەنکەرە نەک تەنیا سوریا بەڵکوو کۆی گشتی ناوچەکە ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی نوێ دەکاتەوە.
سادق مەلەکی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP