20/12/2017
ئيشراق
525 جار بینراوە

ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ئەمریکا

بیست ساڵ بەر لە ئێستا کە کۆنگرێسی ئەمریکا پرۆژەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتەی بۆ قودسی پیرۆز و ناساندنی وەک پایتەختی ڕژێمی زایۆنیستی پەسەند کرد، سەرۆک کۆمارانی ئەمریکا توانای بە فەرمی ناساندنی ئەم بڕیارە و جێبەجێکردنیان نەبووە. ترەمپ لە ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئازیزی ئیسلام (د.خ) و لە بڕیارێکی هەڵەدا ئەم پەسەندکراوەی واژۆ کرد و لە ڕاستیدا شەڕێکی ڕاستەوخۆی لە گەڵ موسڵمانان ڕاگەیاند.
بێ گومان ئەم بڕیارە کە بە پێچەوانەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئاگری تووڕەبوونی موسڵمانانی بە دواوە دەبێت، لە بەر ئەوەی کە قودسی پیرۆز پەیوەندیی بە هەموو موسڵمانانەوە هەیە و کێشەی فەڵەستین لە ڕەهەندێکی نەتەوەیی - ناوچەیی بۆ کێشەیەکی گەورەی جیهانی دەگۆڕێت.
ترەمپ بەم بڕیارە هەڵەیە کۆتایی بە دانوستانەکانی بە ناو ئاشتیی لە گەڵ فەڵەستینییەکان هێنا و سەرجەم پردەکانی وتووێژی لە گەڵ سازشکارترین گرووپی فەڵەستینی ڕووخاند.
ئەوەی کە بۆ ترەمپ پەنای بۆ ئەم بڕیارە برد بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە. ناوبراو دەیەوێت ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ئەمریکا پیشان بدات!
شکستە بەردەوامەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و پووچەڵبوونەوەی پیلانەکانی ئەم وڵاتە دژ بە حکومەت و گەلانی موسڵمانی ناوچەکە لە لایەن ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی، لە ئاکامدا کۆشکی سپیی بەوە گەیاند کە پیلانێکی گەورە لە سەر ئاستی جیهان جێبەجێ بکات. ئەم بڕیارە پیشاندەری شێوازی بیرکردنەوەی شەیتانییە لە کۆشکی سپی و بێ گومان دەروازەکانی دۆزەخ بە ڕووی ئەمریکا و رژێمی زایۆنیستی دەکاتەوە.
ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و پەردەپۆشکردنی گەندەڵییەکان بە تایبەت دۆسیەکانی سەرۆک وەزیرانی ئەم ڕژێمە ئەوەی دەخوازی کە تێڕوانینی ناوخۆیی لەم ڕژێمە بە ئاراستەی دەرەوە بگۆڕدرێت.
بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی بوکەمال بە کردەوە دۆسیەی حکومەتی خوێنڕێژی گرووپی تیرۆریستی داعش لە سوریا و عێراق داخراوە. ئەم سەرکەوتنە گەورەیەش لە ئاکامی هاوپەیمانی و پێکەوەبوونی گرووپەکانی بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە و جیهان مسۆگەر بووە. ئەمڕۆ گومان لەوەدا نییە کە ئامانجەکەی ئیمام خومەینی (رە) لە سەرهەڵدانی تیمەکانی حیزبووڵا لە جیهانی ئیسلام مسۆگەر بووە. هێزی خۆڕاگری ئەمرۆ هێزێکی چەند نەتەوەییە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ توانای خۆی لە ناوچەکە پیشانتر دەدات.
شکستی سەرشۆڕانەی هاوپەیمانی عبری - عەرەبی لە شەڕی یەمەن و دەسەڵاتی ئەنسارووڵا لەم وڵاتە بووەتە هۆکاری سووکایەتیکردن بە ڕەوتی ستەمکاری جیهانی. بە کوژرانی عەلی عەبدووڵا ساڵح، پیلانێکی ناوخۆیی - دەرەکی لە یەمەن بە کەمترین تێچوو پووچەڵ کرایەوە. ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و شوێنکەوتووانی ئەوان ئەوەیان بۆ ڕوون بووەتەوە کە ئەوەی لە یەمەن دەبینرێت، سادە نییە. ئەوان ڕووبەڕووی شۆڕشێکی ئیسلامی لە یەمەن بوونەتەوە و هەر پیلانێک کە جێبەجێ دەکەن، نەک تەنیا زیانێک بەم شۆڕشە ناگات، کەچی بەهێزتر لە ڕابردوو بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێت. دەرەنجامی سەمای شمشێری مەلیک سەلمان لە گەڵ ترەمپ بەدەر لە شکست و سەرشۆڕی بۆ ڕیاز نەبووە.
ئەمریکییەکان بەم بڕیارە هەڵەیە چەندین هەنگاویان بۆ ئازادی فەڵەستین هەڵگرتووە و چەند ساڵ هەڵوەشانەوەی ڕژێمی زایۆنیستییان پێش خستووە.
وەک چۆن کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران فەرموویان: جیهانی ئیسلام لە بەرامبەر ناساندنی قودس وەک پایتەختی ڕژێمی زایۆنیستی دەوەستێتەوە. لەمەدا هیچ گومانێک نییە.
ئەم دێڕە جوانەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی کە ئەمڕۆ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی، فیرعەونن، هەموو ئەوانەی کە بیر لە شۆڕشی موسایی دەکەنەوە پێکەوە کۆ دەکاتەوە.
نەک تەنیا موسڵمانانی جیهان بەڵکوو لایەنگرانی ئائینەکانی دیکە و ئازادیخوازانی جیهانیش لەم شۆڕشەدا بەشداری دەکەن. هۆی دژایەتی ئەورووپاش لە گەڵ بڕیارەکەی ترەمپ هەر ئەوەیە کە نایانەوێت هاوڕێی ئەو بڕیارە بن کە هەموو موسڵمانانی هێناوەتە دەنگ.
گەلی بەشەرەفی ئێران لە ڕۆژی هەینی ڕژانە سەر شەقامەکان و بە درووشمی مردن بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل، ئیدانەی ئەم دوژمنایەتییەی ئاشکرای ئیسلامیان لە لایەن واشنتنەوە کرد. گەلانی موسڵمانیش بە هەمان شێوە کاردانەوەی خۆیان پیشاندا. ڕەوایەتی حکومەتە ئیسلامییەکان لە ئێستادا بەندە بە دژایەتی ئاشکرای کرداری لە گەڵ ئەم بڕیاروە. ئەمڕۆ کاتی تاقیکردنەوەیە، ئەگەر ئەوان لە گەڵ گەلانی خۆیان نەبن، درێژەی ژیانی خۆیان دەبەنە گۆڕ.
پێویستە زانایانی ئیسلامیش پەیوەست بەم سەرهەڵدانە جیهانییەوە بن و ڕێگری لەم ئیهانەکردنە بکەن کە لە لایەن ڕژێمێکی داگیرکار و تیرۆریستەوە بۆ سەر پیرۆزییەکانی ئیسلام کراوە. ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی، کۆمکاری عەرەبی و دامەزراوە و ناوەندە ئیسلامییەکانی دیکەش دەبێت بە یەک دەنگ لە بەرامبەر ئەم بڕیارەدا بوەستنەوە. ئەمڕۆ ئەمریکا بە نوێنەرایەتی لە بەرەی کوفری جیهانی بە فەرمی شەڕی دژ بە پیرۆزییەکانی موسڵمانانی ڕاگەیاندووە. ناسنامەی ئیسلامی و عەرەبی ئەوەمان پێ دەڵێت کە دەبێت بە جیدی لە بەرامبەر ئەم بڕیارە بوەستینەوە و ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ئەمریکا ڕیسوا بکەین.
قودس، هەرێمی ئیسلامە. لە ئێستادا کە ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ئەمریکا ئاشکرا بووە، دەتوانین بە درووشمی بەرگریکردن لە قودسی پیرۆز، ئازادی ئەم خاکە پیرۆزە مسۆگەر بکەین.س/ جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP