18/10/2017
ئيشراق
473 جار بینراوە

ئێمە گەلێکین بە خۆڕاگری ناسراوین

پاش وتارە بێ بەها و بێ بنەماکەی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری بێ ئەزموونی ئەمریکا و ئەو بڕیارانەی کە تایبەت بە گەمارۆ خستنە سەر سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و چارەنووسی ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران لە گەڵ وڵاتانی ١+٥ دەرکرا بە تایبەت ئەو ناوە تەزویرەی کە بەرامبەر بە کەنداوی فارس بە کاری هێنا، ئێرانییەکان جارێکی دیکە پەیامی کۆدەنگی و یەکگرتوویی خۆیان لە بەرامبەر ئەمریکای تاوانبار بە جیهانیان پیشاندا.
ئەوەی لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاسانی بینراوە ئێرانییەکان پاڵپشتی خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و سوپا بەهێزەکەی ڕاگەیاندووە. وەک چۆن محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توێتەر ڕایگەیاند ئێرانییەکان بە ژن و مێرد و منداڵ و گەنج و پیرەوە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامین.
پێویست دەکات ئاوڕێک لە مێژووی ساڵانی نە چەندان دوور بدەینەوە. شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای سەرکەوتنیەوە تووشی شەڕێکی سەپێندراوی سەدامی دیکتاتۆر بوو، ئاشکرا بوو کە سەدام ئامرازی مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی بوو، ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بە هەموو شێوازێک پاڵپشتی ڕژێمی ئەو کاتەی عێراقیان کرد کە ئەم شۆڕشە ساوایە تووشی شکست بکەن بەڵام ئێرانییەکان بەو حەماسەتەوە بەرگرییان لە وڵات و حکومەتی خۆیان کرد و ئەو پیلانەی ئەمریکایان بە تەواوی پووچەڵ کردەوە.
ئەمریکا کە لە بواری سەربازیدا شکستی هێنا، لە بواری ئابوریدا بە دەیان جۆرە گەمارۆ و ئابلۆقەی بە سەر ئێراندا سەپاند و سزای هەر وڵات و کۆمپانیایەکی دەدا کە مامەڵەیان لە گەڵ تاراندا دەکرد. چی ڕوویدا؟ ئێران بە کوێ گەیشت؟ هەمووتان پێشکەوتنەکانی ئێرانتان بەو هەموو ڕێگرییانەوە بینی. بێ گومان بە سیاسەتی خۆڕاگری ئابوریش کە لە لایەن ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە داڕێژراوە لە ساڵانی داهاتووش لە سەر بنەمای ئابوری خۆماڵی و پشت بەستن بە توانا ناوخۆییەکان، کەرتی ئابوری گەشەی زیاتریش دەبینێت.
لە بوارێکی دیکەدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە پاڵپشتی لە گرووپە جۆربەجۆرە تیرۆریستییەکان هەوڵی ئەوەیان دەدا ئەمن و سەقامگیری ناوخۆیی ئێران تووشی کێشە بکەن و بە هاندانی خەڵک ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئێراندا پەرە پێ بدەن. بە دڵنیاییەوە لە کاتی هەڵبژاردنەکان بینیوتانە کە خەڵک چۆن ڕوویان لە سندۆقەکانی دەنگدان کردووە و سەر لە نوێ بەیعەتی خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامی دووپات کردووەتەوە. لە دەرەنجامی ئەم ووشیارییە کۆمەڵایەتییە و توانا و هێزی ناوەندە ئەمنییەکان، ئێران لە ناوچەی پڕ کێشە و بەرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دوورگەی ئاسایش و سەقامگیری ناسراوە.
ئێستاش هەڕەشە و گوڕەشەکانی ترەمپ و چەپڵەلێدەرانی وەک ڕژێمی زایۆنیستی و سەعوودیای خۆفرۆش، کاریگەریی لە سەر ورە و نیشتمانپەروەری ئێرانییەکان نابێت و گەل بە هەموو پێکهاتەیەکەوە پاڵپشتی لە کۆماری ئیسلامی ئێران و دامەزراوەکانی وەک سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دەکات. ئەو سوپایەی کە چقڵی چاوی دوژمنان و تیرۆریستانە و تا سوپا مابێت ئێران و ئێرانییەکان لەوپەڕی ئارامیدا دەژین و هیچ دەستێک ناتوانێت زیان بەم نیشتمانە بگەێنێت کە داری تەمەنی بە خوێنی شەهیدان ئاودێری کراوە. سەرۆک ڕۆحانی زۆر بە جوانی وتی کە نەک ترەمپ بەڵکوو دە ترەمپی دیکەش ناتوانن چۆک بە ئێرانییەکان دابدەن. ئێمە زۆر دەمێکە درووشمی خۆڕاگری و یەکگرتووییمان هەڵبژاردووە و پێکەوەبوونی خۆمانیش لە گۆڕەپانە جیاجیاکاندا تاقیکردووەتەوە. سەبارەت بە ئێران ترەمپیش هەمان چارەنووسی هاوخێڵەکانی وەک جۆرج بۆشی دەبێت. س/ جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP