29/05/2018
ئيشراق
615 جار بینراوە

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دێوەزمەی دەستێوەردانەکانی ئەمریکا

ئەگەرچی لە ناوچەکانی وەک ئەمریکای لاتین و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاش ناسەقامگیری دەبینرێت بەڵام هیچ کات ئەو ئاڵۆزییە نەگەیشتووەتە قۆناغی شەڕ و کێشە و قەیرانەکانی جیهان لە هیچ ناوچەیەک وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەشەنەی نەسەندووە.

 

 ئامادەبوونی وڵاتە زلهێزەکان، بەسراوەیی و شوێنکەوتوویی ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە، پیلانگێڕییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و سەعوودیا، قەیرانێکی خوڵقاندووە کە داهاتووی دوو هێندەی دیکە ئاڵۆز و مەترسیدار کردووە و تەنانەت بەو ئاستە گەیشتووە کە باس لە هەڵگیرسانی شەڕی سێهەمی جیهانی دەکرێت.
ناوچەیەک بە گەورەترین سەرچاوەکانی سرووشتی وەک نەوت و گاز، کشتووکاڵ، کەش و هەوا، پێگەی ژئۆپۆلتیک و ژئۆستراتژیک کە دەتوانێت بەم هەموو دەفرایەتییەوە ڕێبەرایەتی جیهان بکات، سەردەمێکە بووەتە گۆڕەپانی شەڕ و ڕووخانی ژێرخانە ئابورییەکان کە بێکاری گەنجان و ئاوارەبوونی خەڵک بە تایبەت ژنان و منداڵان لە دەرەنجامی ئەم بارودۆخەیە. لەو بەهەشتەی کە خودای گەورە بە ئێمەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەخشیوە، دۆزەخێکمان درووست کردووە کە بڵێسەی ئاگرەکەی تا دەیان ساڵی داهاتووش درێژەی دەبێت.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی لاوازی بەڕێوەبردنی حکومەتەکان، نەبوونی دیمۆکراسی و پەرلەمانی بەهێز و کەمتەرخەمی نوخبەی سیاسی، ڕەوتی سیاسی و خەڵک، بە ڕۆژگارە دژوارەکانیدا تێپەڕ دەبێت. نەهامەتییەکانی خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نایەتە هەژمار. ئەم ناوچەیە کە سەردەمێک شوێنی پێغەمبەرە گەورەکانی وەک حەزرەتی موسا، عیسا و موحەممەدی گەورە پێغەمبەر (د.خ) بووە، ئێستا لە میانەی ئاگری هەڵگیرساوی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئاژاوە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرەو لەناوچوون دەڕوات.
یەکەمایەتی دیپلۆماسی وڵاتانی ناوچەکە پێویستە ڕاونانی دێوەزمەی دەستێوەردانەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بێت و دیسانەوە بتوانن پەیوەندییەکانیان لە ناوخۆی ناوچەکە ڕێکبخەنەوە. ئەگەر لەم هەلومەرجەدا دەرفەتی تەبایی وڵاتانی ناوچەکە نییە، لانیکەم وڵاتانی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی یەکێتییەکدا، چارەنووسی ناوچەکە بەرەو ئاسۆیەک ببەن کە بەرژەوەندی خەڵک و وڵاتانی تێدا دیاری بکرێت.
ئەورووپا هیچ کات چارەنووسی خۆیی ڕادەستی دەرەوەی سنورەکانی نەکرد، چین، ڕووسیا، ژاپۆن و ئەمریکای باکور سنورێکیان بۆ خۆیان دیاری کردووە و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان لە سەر ئەو بنەمایە دادەڕێژن. بەداخەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جیا لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، گیانی خەڵکەکەشی لە مەترسی لەناوچووندایە. ئایا کەسێک هەیە بیر لە ڕزگاربوونی ئەم ناوچەیە لەو ئاگرەی بکاتەوە کە بە شێوازێکی مەترسیدار ئەمریکا هەڵیگیرساندووە؟

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP