19/11/2017
ئيشراق
1176 جار بینراوە

دەسەڵات و توندوتیژیی

دەسەڵات چیە؟ ڕەنگە پێناسەكەی فۆكۆ زۆر ساكار بێت بۆی، لای ئەو دەسەڵات بریتیە لەپەیوەندی هێزەكان، یا بەمانایەكی دی، پەیوەندی هێزەكان بریتیە لەپەیوەندیەكانی دەسەڵات. با سەرەتا ئاماژە بەوە بدەین كە دەسەڵات لای فۆكۆ شێوەیەك نیە وەك شێوەی دەوڵەت بۆ نمونه، وەك چۆن پەیوەندی نێوان دو شێوەش نیە، وەك ئەوەی لەزانیندا دەیبینین. با سەرلەنوێ ئاماژە بەوە بدەینەوە كە هەرگیز هێز بەتەنها هێزێكی تاقانە نیە، بەڵكو یەكێك لەسیما سەرەكیەكانی بریتیە لەوەی كە پابەندە و لەپەیوەندیدایە بە هێزگەلی دیكەوە.‌ ئەگەر هاتو هەمو هێزێك لەبنەڕەتدا پەیوەندی بێت، واتە دەسەڵات بێت: ‌ئەوا هێز جگە لەخۆی، واتە هێز، هیچ بابەتێكی دیكەی نیە. دیارە نابێت وا لەم پێناسەیە تێبگەین كە تیایدا شتێك هەیە و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ یاسای سروشتی، چونكە ماف بە شێوەی دەربڕین دادەنرێت لەكاتێكا سروشت شێوەی جیهانبینیەكەیە، توندوتیژییش خۆی شتێكی پێویستە بۆ هێز، یان بابڵێین توندوتیژی دەرەنجامی هێزه نەك ڕەگەزێكی پێكهێنەری هێزبێت. لێرەدا فۆكۆ زیاتر لەنێچە و ماركس دەچێت كە پێیان وابو پەیوەندیەكانی هێز زۆر گەورەترن لەتوندوتیژیی و ناكرێت بەتەنها لەم وشەیەدا دیلبكرێن، چونكە توندوتیژیی كار لەسەر جەستە، بابەت و بڕێك بونەوەری دیاریكراو دەكات تا لەناویانببات یان شێوەیان بگۆڕێت، لەكاتێكا هێز جگە لەهێز خۆی هیچ بابەتێكی دیكەی نیە، بەو مانایەی كە هێز ناچێتە پەیوەندیەوە لەگەڵ هیچ بونەوەرێكی دیكەدا، تەنها پەیوەندەی لەگەڵ هێزەكانی دیكەدا دەبەستێت. هێز بریتیە لە كردارێك لەكردارێكدا، یا بریتیە لەكردارە شیاوەكان، لەو كردارانە دەشێت لەئێستادا و لەئایندەدا هەبن، واتە هێز بریتیە لەبونی بڕێك كردار لەناو كردارە شیاوەكاندا (واتە ئەو كردارانەی كە دەشێت هەبن). كەواتە دەتوانین وێنای لیستێكی كراوه سەبارەت بە سروشتی بابەتەكە بكەین، بابەتگەلێكی ناجێگیر كە گوزارشتن لەپەیوەندیەكانی هێز یا دەسەڵات و كردارن لەناو كرداردا: بۆ نمونە وروژاندن، دنەدان و هاندان، كارئاسانی و كارقورسكردن، بەرفراوانبون و بەرتەسكبونەوە، هەروەها زیادكردن و كەمكردن لەشیمانەكردندا. ئەوانە كاتیگۆریەكانی دەسەڵاتن. كتێبی (چاودێری و سزادان) یش بۆخۆی لیستێكی تێروتەسەلترمان پێشكەشدەكات سەبارەت بەو بەهایانەی لەسەدەی هەژدەیەمدا پەیوەندیەكانی هێزیان لەسەر دروستبوە كە بریتین لە: دابەشبون لەشوێندا (كەخۆی لەدەستبەسەرداگرتن و گلدانەوە و سانسۆر و ڕیزبەندكردن و پۆلێنكردندا دەبینێتەوە...)، دابەشبون لەكاتدا (واتە بەشكردنی كات بۆ چەند بەشێك، پرۆگرامكردنی كردار، لێكشیتاڵكردنی ئاماژە...)، هەروەها پێكهێنان لەشوێن - كاتدا (واتە كۆی تەواوی ڕێگەكانی دروستكردنی هێزە بەرهەمهێنەكان، زیاتر لەوەی تەنها كۆكردنەوەی هێزە ساكارە ناوكۆییەكانی بێت لەدروستكردنیا)، ئەمەش وادەكات كە تێزە سەرەكیەكانی فۆكۆ دەربارەی دەسەڵات، وەك پێشتر باسمانكرد، دابەشببن بۆ سێ جۆر: مەرج نیە هێز دەسەڵاتێكی داپڵۆسێنەر بێت (تەنها لەبەرئەوەی دنەدەرە، وروژێنەرەو هاندەر)، پێویستە وا لەهێز بكۆڵرێتەوە كە هێزێكە و پیادەدەكرێت بەر لەوەی بەرجەستەبكرێت یان كەس ببێتە خاوەنی (چونكە دەسەڵات تەنها ئەو كاتە خاوەنی هەیە كە فۆرمێك هەیە دەستنیشانی دەكات وەك ئەوەی لە چین یان لەدۆخی دەوڵەتدا دەیبینین). دەسەڵات باڵ بەسەر تەواوی بونەوەرەكاندا ‌دەكێشێت، هەم دەسەڵاتدار و هەم بێدەسەڵاتیش (چونكە دەسەڵات سنوری هەمو ئەو هێزانە دەبڕێت كە هەن). ئەمەیان هەڵوێستێكی قوڵی نێچەییانەیە. پرسیار لەوەی كە دەسەڵات چیە؟ یان سەرچاوە و بنچینەكەی چین؟ پرسیارێك نیە لەجێگەی خۆیدا بێت، ڕاستتر و گونجاوتر وایە كە پرسیار لەو چۆنێتیەی بكەین كە بەهۆیەوە بەدیدێت، یان ئەوەی چۆن خۆی پیادەدەكات و دەبێتە ‌كردار؟ پیادەكردنی دەسەڵات وەك پەیوەندی نێوان دو هێز خۆی دەنوێنێت، پەیوەندی دەمەقاڵێ و ململانێ و بەرگری و كارتێكردن و كاریگەربونە، چونكە هێز خۆی بەتوانای كاریگەربونی لەسەر هێزی دیكە دیاریدەكرێت (واتە ئەو هێزەی كە لەپەیوەندی دایە لەگەڵیدا)، وەك چۆن بەوەش پێناسە دەكرێت كە تا چەند توانای هەیە لەژێر كاریگەری هێزی دیكەدا بێت. س/ ميلله‌ت پرێس

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP