27/09/2018
ئيشراق
551 جار بینراوە

شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌، وانه‌یه‌ک بۆ ئه‌مریکا

له‌و کاته‌وه‌ که‌ دوناڵد تره‌مپ وه‌ک سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا چووه‌ته‌ کۆشکی سپی، به‌ یاوه‌ری گه‌وره‌ توندڕۆکانی لایه‌نگری ڕژێمی زایۆنیستی، سیاسه‌تێکی جیاوازی له‌ دژی ئێران داڕشتووه‌، به‌رهه‌می ئه‌م سیاسه‌ته‌ش ده‌توانین به‌ گه‌مارۆ زاڵمانه‌کانی سه‌رۆکی ئه‌مریکا له‌ دژی گه‌لی ئێران ناو ببه‌ین، ئه‌و گه‌مارۆیانه‌ی که‌ به‌ شێوازی تاکلایانه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی به‌ بیانووی بێ بنه‌ما به‌ سه‌ر ئێراندا سه‌پێندراوه‌ و ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانه‌کانی ئه‌مریکاش له‌ ڕۆژئاوا ئه‌و شێوازه‌یان به‌ لاوه‌ په‌سه‌ند نه‌بووه‌ و تا ئێستا جه‌خت له‌ سه‌ر پابه‌ندبوونی ئێران به‌ ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی و به‌رده‌وامبوونی ده‌که‌نه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مریکا له‌ به‌رامبه‌ر گه‌لانی ئازادیخوازی جیهان که‌ قه‌د سه‌ر له‌ به‌رامبه‌ریدا نه‌وی ناکه‌ن، په‌نا بۆ ئه‌م سیاسه‌ته‌ و ئامرازی گه‌مارۆکان دێنێت، هیچ گومانێکی تێدا نییه‌. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ به‌ هۆی دژایه‌تیکردنی سیاسه‌تی ڕه‌وتی سته‌مکاری جیهانی به‌ سه‌رکردایه‌تی ئه‌مریکا له‌ لایه‌ن گه‌لی ئێرانه‌وه‌، ئه‌و سزا و گه‌مارۆیانه‌ به‌ سه‌ر ئه‌م وڵاته‌دا سه‌پێندراوه‌ و له‌ سه‌رجه‌م قۆناغه‌کان و له‌ لایه‌ن هه‌موو سه‌رۆک کۆماره‌کانی ئه‌مریکاوه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام ئایا گه‌لێکی ئازادیخواز و قاره‌مانی وه‌ک ئێران له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌دا له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی خۆیان پاشگه‌ز بوونه‌ته‌وه‌؟
ڕوون و ئاشکرایه‌ که‌ گه‌لی ئێران له‌ چوار ده‌یه‌ی ڕابردوو به‌ هه‌موو شێوازێک پاڵپشتییان له‌ کۆماری ئیسلامی ئێران و ده‌سکه‌وته‌کانی شۆڕش کردووه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ که‌ له‌ به‌رامبه‌ر ڕه‌شه‌بای دوژمنایه‌تییه‌کان تا ئێستا سه‌ربه‌رزانه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ و بووه‌ته‌ ئاڵاهه‌ڵگری پاڵپشتی له‌ هه‌ژاران و چه‌وساوه‌کانی جیهان له‌ به‌رامبه‌ر ڕه‌وتی سته‌مکاری جیهانی.
بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بزانین ئایا ئه‌مریکای تره‌مپ ئه‌مجاره‌ ده‌توانێت به‌ ئامانجه‌کانی له‌ سیاسه‌تی گه‌مارۆ و سزا ئابورییه‌کان بگات یان نه‌، پێویسته‌ ئاوڕێک له‌ دۆخی ئێرانی پاش سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی بده‌ینه‌وه‌. شۆڕشی ئیسلامی به‌ سه‌رکردایه‌تی ئیمام خومه‌ینی (ره‌) و پاڵپشتی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌ به‌رامبه‌ر ڕژێمی پاڵپشتیکراوی پاشایه‌تی سه‌رکه‌وتنی به‌ ده‌ست هێنا. ئه‌م ئه‌زموونه‌ ساوایه‌ به‌ زووترین کات و له‌ ئاکامی سیاسه‌تی ئه‌مریکا و وڵاتانی هاوپه‌یمانی، له‌ لایه‌ن ڕژێمی دیکتاتۆری سه‌دامه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی شه‌ڕێکی سه‌پێندراو بوویه‌وه‌. شاره‌زایانی بواری سه‌ربازی ده‌زانن که‌ له‌و کاته‌دا ئێران خاوه‌ن سوپایه‌کی ڕێکخراوه‌یی نه‌بووه‌، هه‌روه‌ها به‌ هۆی که‌مته‌رخه‌می حکومه‌تی پاشایه‌تییه‌وه‌ دۆخی ئابوری وڵات ئه‌وه‌نده‌ باش نه‌بووه‌ که‌ بتوانێت له‌ سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستێت، ئێران له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تی هاورده‌کاری هه‌موو کاڵا و پێداویستییه‌ک له‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ بووه‌ و ئه‌مه‌ش وایکردبوو که‌ له‌ ساڵانی سه‌ره‌تایی شۆڕش کێشه‌ و گرفته‌ ئابورییه‌کان زیاتر بێت. سه‌دام شه‌ڕی له‌ دژی ئێران ده‌ستپێکرد، ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی له‌ هه‌موو بوارێکدا پاڵپشتی ئه‌و دیکتاتۆره‌یان کرد تا شۆڕشی ئیسلامی له‌ هه‌مان ساڵانی سه‌ره‌تایی تووشی شکست بکاته‌وه‌. به‌و هه‌موو کێشه‌ و گرفتانه‌وه‌ ئێران سه‌رکه‌وتنی به‌ ده‌ست هێنا، پیلانی ئه‌مریکا  و شه‌ڕه‌که‌ی سه‌دام شکستی هێنا، چاره‌نووسی سه‌دامیش بینرا و هه‌مووان ده‌زانن که‌ عێراقی پاش دیکتاتۆریه‌تیش له‌ ئێران نزیکه‌ یان له‌ ئه‌مریکا.
ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران هێزێکی گه‌وره‌ و کاریگه‌ری ناوچه‌که‌یه‌ له‌ بواره‌ جیاجیاکاندا و ئه‌زموونی چوار ده‌یه‌ تێپه‌ڕاندنی سزا و گه‌مارۆکانی ئه‌مریکاشی هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ئێرانی ساڵانی شه‌ڕی سه‌پێندراوی سه‌دام له‌ به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا شکستی نه‌هێنا و به‌و هه‌موو کێشه‌ و گرفته‌وه‌ له‌ شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ توانرا وڵات به‌ڕێوه‌ ببرێت و له‌ شه‌ڕه‌که‌شدا سه‌رکه‌وتن مسۆگه‌ر بکرێت، ئایا له‌ ئێستادا و به‌م هه‌موو توانا و کاریگه‌رییه‌وه‌ تره‌مپ ده‌توانێت له‌ دژی ئه‌م گه‌ل و حکومه‌ته‌ به‌هێزه‌ سه‌رکه‌وتن به‌ ده‌ست بێنێت؟ بێ گومان ئه‌گه‌ر به‌ ویژدانه‌وه‌ سه‌یری تواناکانی ئێران بکه‌ین و له‌ کارنامه‌ی سه‌رکه‌وتووانه‌ی چوار ده‌یه‌ ته‌مه‌نی شۆڕشی ئیسلامیش بڕوانین و له‌ شکسته‌ به‌رده‌وامه‌کانی ئه‌مریکا له‌ وڵاتانی ناوچه‌که‌ش ورد ببینه‌وه‌، به‌و ده‌ره‌نجامه‌ ده‌گه‌ین که‌ ئه‌مریکای تره‌مپ ئه‌مجاره‌ش شکست دێنێت و سه‌رکه‌وتن دیسانه‌وه‌ بۆ ئێرانییه‌کان ده‌بێت.

س/جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP