28/01/2018
ئيشراق
552 جار بینراوە

شرۆڤەیەک لە سەر پرۆسە سەربازییەکانی تورکیا لە عفرین

لە ئاکامدا و پاش ماوەیەک شەڕە قسە و هەڕەشەی شەڕی سەربازی، تورکیا هێزەکانی بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی عفرین ڕەوانەی سوریا کرد و بە کردەوە شەڕی دژ بە هێزەکانی سوریای دیمۆکراتی دەستپێکرد کە بەشی هەرە زۆری ئەو هێزانە لە یەکینەکانی پاراستنی گەل پێکهاتوون.
دوو ئامانجی سەرەکی لە لایەن سەرکردەکانی تورکیاوە بۆ پرۆسە سەربازییەکانی لقی زەیتون دەستنیشان کراوە. یەکەم، وەدەرنانی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ناوچەکە و دابینکردنی ناوچەیەکی ئارام بە قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتری سوریا و دووەم، دابینکردنی کەشێکی لەبار بۆ گەڕانەوەی زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو ئاوارەی سوریا لە تورکیاوە بۆ وڵاتەکەیان.
شایانی ئاماژەیە کە ئەو بیانووەی کە ئەنکەرە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا ڕایدەگەێنێت گوزارشت لە ئامانجە ڕاستەقینەکانی تورکیا ناکات. دەتوانین بڵێین کە ئامانجی سەرەکی تورکیا ڕێگرییە لە بەهێزبوونی کوردانی سوریا و زاڵبوونیان بە سەر ناوچە سنورییەکانی ئەم دوو وڵاتە، لە بەر ئەوەی کە زاڵبوونی کوردان بە سەر ناوچەی عفرین سەرەتایەکە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی کوردی لە سوریا.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە تورکیا پێویستی بەوە هەیە بۆ تەواوکردنی پرۆسە سەربازییەکانی قەڵغانی فۆرات و پێکەوەلکاندنی ئەعزاز، جەرابلۆس و ئەلباب لە گەڵ عفرین، ئەم ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکات. ئامانجی کۆتایی تورکیا کۆنتڕۆڵکردنی شاری منبجە کە بە بێ کۆنتڕۆڵی عفرین ئەگەرێکی دوور دەبێت.
تورکیا ماوەیەکی زۆرە کە بە هاتنی ڕووسیا بۆ شەڕی سوریا پێگەی خۆیی لەم قەیرانە لە دەست داوە و ئەم پرۆسە سەربازییەش بە چەشنێک بە هەوڵێک لە پێناو گەڕانەوەی پێگە و دەستڕۆیشتوویی ئەنکەرە لە گۆڕەپانی شەڕی سوریا دادەنرێت و هەروەها ئەنکەرە هەوڵ دەدات لە داهاتووی سیاسی ئەم وڵاتە و ڕێگری لە پێکهێنانی هەرێمی کوردی شوێن دەستی دیار بێت.
بەڵام ئەوەی کە جیا لە ئامانجە ئاشکراکانی تورکیا گرنگیی هەیە، کاردانەوەکانی ئەم هەنگاوەی ئەنکەرەیە کە هەرچەندە پێش بینی و دووربینی بکرێت هێشتا چۆنیەتی و وردەکارییەکانی بە دڵنیاییەوە ڕوون ناکرێتەوە. دۆخی سوریا دژوارتر لەوەیە کە لە ڕووی کاغەزدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
لە درێژەدا چەندین پاشهاتی هێرشە سەربازییەکەی تورکیا بۆ سوریا شرۆڤە دەکەین.
ڕێکخستن و تەیارکردنی سوپایەک لە تیرۆریستان:
هێزە سەرەکییەکانی بەشدار لە پرۆسە سەربازییەکانی تورکیا، نەک سەربازانی ئەم وڵاتەن بەڵکوو ئەو تیرۆریستانەن کە لە ژێر چەندین ناونیشتانی وەک سوپای ئازاد، جەیشی شام، بەرەی نوسرە و هتد ساڵەهایە لە لایەن ئەم وڵاتەوە لە قەیرانی سوریا پاڵپشتی کراون.
گومان لەوەدا نییە کە هەر یەک لەم گرووپانە کارنامەیەکی ڕەشیان لە کوشتن و تیرۆر و تاوانی دژە مرۆڤی لە ناوچە جیاجیاکانی سوریا هەیە.
ئەوەی کە ئەمڕۆ ئەم هێزانە چوونەتە ژێر فەرماندەیی تورکیا بە مانای دەستەبەرکردنی هەمیشەیی وەها کۆنتڕۆڵێک نییە و سەرکردەکانی ئەنکەرە بە پڕچەککردنی هێزە توندڕۆ و تەکفیرییەکان لە سنورەکانی خۆیان دەستیان داوەتە قومارێکی گەورە کە هەرچەندە خۆیان وا بیر دەکەنەوە کە دەزانن چ دەکەن بەڵام پێناچێت ئەم هەنگاوە لە داهاتوودا بۆ خۆیان و ناوچەکە بە بێ تێچوو بێت.
دژایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا:
کوردانی سوریا بە گەورەترین هاوبەشی ئەمریکا لەم وڵاتە دادەنرێن و واشنتن تا ئێستا بۆ ڕێکخستن، مەشق و ڕاهێنان و پڕچەککردنی ئەوان بودجەیەکی زۆری بە کار هێناوە و بەڵێنی پێکهێنانی هێزێکی پاسەوانی سنور لە کوردەکان، پیشاندەری پلانەکانی واشنتنە بۆ داهاتوو.
لە ئێستادا ئەگەر تورکیا لەم شەڕەدا سەرکەوتن بە دەست بێنێت و ناوچەکانی ئامانجی کۆنتڕۆڵ بکات، زیانێکی گەورە بەر بەرژەوندییە باڵاکانی ئەمریکا لە سوریا دەکەوێت و ئەمەش بێ وەڵام نابێت. کوردانی سوریا بە دەروازەی گەیشتن و مانەوەی ئەمریکا لەم وڵاتە دادەنرێن.
کاردانەوەی ئێران و ڕووسیا:
گومان لەوەدا نییە کە ڕووسیا لە پەرەسەندنی ئاستی دەستڕۆیشتوویی ئەمریکا لە سوریا و لە ڕێگای بەهێزبوونی کوردانی ئەم وڵاتەوە نیگەرانە و نیمچە ڕێکەوتنی لە گەڵ تورکیا و بێدەنگیی لە بەرامبەر پرۆسە سەربازییەکانی لقی زەیتون لەم چوارچێوەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت بەڵام بەو مانایە نییە کە ڕووسیا بەرامبەر بە چارەنووسی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا بۆ هەمیشە بێدەنگ بێت.
ڕووسیا هەوڵ دەدات بە بانگهێشتکردنی کوردانی سوریا ئەوان لە دەوری مێزی دانوستان کۆ بکاتەوە و کۆتایی ئەم قەیرانە خێراتر بکات و دان بە خۆداگرتنی ڕووسیاش ڕەنگە سنوردار بێت.
ئێرانیش وەک ڕووسیا لە بەهێزبوونی ئەمریکا لە باکوری سوریا نیگەرانە و هەڵسووکەوتی تورکیاشی خستووەتە ژێر چاودێری خۆی و بەدواداچوونی وردی بۆ دەکات، لە بەر ئەوەی کە ڕەنگە بەرفراوانبوونی جموجوڵە سەربازییەکانی تورکیا لە ئاکامدا ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئەم وڵاتە و سوپای سوریاش و قەیرانی ئەم وڵاتە پڕ کێشە و بەرەتر دەبێت.
لە ئاکامدا دەتوانین بڵێین کە:
ئەم هەنگاوە سەربازییەی تورکیا نەک تەنیا گرێ کوێرەی قەیرانی سوریا ناکاتەوە بەڵکوو کێشەی زیاتر دەخاتە بەردەم هەوڵەکانی چارەسەربوونی قەیرانی چەندین ساڵەی ئەم وڵاتە. دۆخی سرووشتی ناوچەی عفرین و توانای هێزە کوردییەکان لە شەڕی پارتیزانی و هەبوونی چەکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا، هەنگاوە سەربازییەکەی تورکیا پڕ تێچوو و دژوارتر دەکات و بە ئاسانی بۆ ئەنکەرە بە کۆتایی ناگات.
واش نییە کە دۆخی سوریا بە پێی خواست و پلانی تورکیا بێت و کاراکتەرەکانی دیکەی کاریگەر لە قەیرانی سوریاش دەتوانن پێکەوە یان تەنانەت بە تەنیاییش، یارییەکەی ئەنکەرە تێک بدەن.
ئەمیر حوسێن ڕەجەبی مێعمار

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP