30/01/2018
ئيشراق 684 جار بینراوە
چوار دەیە دەسکەوت، سەرکەوتن و شانازی
شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە کاتێکدا پێ دەنێتە چوارەمین دەیەی تەمەنی خۆی کە لەم ماوەیەدا کۆمەڵە دەسکەوت و سەرکەوتن و شانازییەک بۆ گەل و حکومەتی ئێران بە پشت بەستن بە خەڵک و ڕێبەری مسۆگەر بووە و ئەمەش وایکردووە کە ناوی ئێران لە سەر نەخشەی سیاسی ناوچەکە و جیهان بە زێڕین دەبینرێت و دۆست و دوژمن دان بە هێز و کاریگەری ئێرانی ئیسلامیدا دەنێت.
شۆڕشی گەلی ئێران لە کاتێکدا لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی کۆچی هەتاوی سەرکەوتنی خۆیی بە سەر دەسەڵاتی ستەمکاری پاشایەتی ڕاگەیاند کە ئامۆژەکانی ئیسلامی وەک بنەمایەک بۆ ئەم شۆڕشە دانابوو، ئەو شۆڕشەش لە لایەن کەسایەتییەکەوە سەرکردایەتی دەکرا کە خۆی بە یەکێک لە گەروە سەرکردەکانی ئیسلامی هەژمار دەکرێت، کەواتە لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دوو فاکتەری گرنگی خەڵک و ڕێبەری، ڕۆڵ و کاریگەری بەرچاویان هەبووە و تا ئەمڕۆش هەر بە پشت بەستن بەم دوو هێزە پێ دەنێتە چوارەمین دەیەی تەمەنی خۆی.
هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە ئەمریکای پاوانخواز و دژبەری ئێرانییەکان بۆ لەناوبردنی دەسکەوتی خەباتی ئەم گەلە قارەمانە دەستی دایە پیلانگێڕی و بە چەندین شێواز هەوڵی ڕووخاندنی دا، بەڵام ووشیاری گەل و ڕێبەری، پیلانگێڕانی کۆشکی سپی و ڕژێمی زایۆنیستیی تووشی شکست و سەرشۆڕی کرد و شۆڕشە مەزنەکەی ئیمام خومەینی (رە) بەهێزتر و کاریگەرتر بوو. شەڕی هەشت ساڵەی سەدام و گەمارۆ یەک لە دوای یەکەکانی ئابوری، ئەم گەلەی لە ڕێڕەوە دیاریکراوەکەی ڕێبەندانی ٥٧ی کۆچی هەتاوی پاشگەز و پەشێمان نەکردەوە و ئەوان بەرەو ئەو ئاسۆیە دەڕوانن کە ساڵەهایە لە پێناویدا خەبات دەکەن، خوێن دەبەخشن و نەخشە و پیلانی دوژمنان پووچەڵ دەکەنەوە.
شەڕ و گەمارۆ و پیلان و دوژمنایەتی ئەمریکا و هاوئاوازەکانی بە تایبەت ڕژێمی زایۆنیستی نەبووە ڕێگر لەوەی کە ڕێگای پێشکەوتن و ئاوەدانی بە ڕووی ئێرانی ئیسلامیدا دابخرێت بەڵکوو بە پێچەوانەوە لە بوارە جیاجیاکاندا ناوی ئێران و ئێرانی بە سەر لوتکەی پێشکەوتنەکانەوە دەبینرێت. ئێرانی ئیسلامی سەرەڕای گەمارۆ ئابورییەکان کە بۆ چوار دەیە لە لایەن ئەمریکای تاوانبارەوە بە سەریدا سەپاوە، لە سەر پێی خۆی وەستاوە و بە پشت بەستن بە توانا و دەفرایەتییە ناوخۆییەکان بەرەو ئابورییەکی خۆماڵی هەنگاو دەنێت و بە داڕشتنی سیاسەتی خۆڕاگری ئابوری لە لایەن ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامییەوە بەرەو ڕزگاربوون لە کاریگەری گەمارۆکان و گۆڕانکارییە ئابورییەکانی ناوچەکە و جیهان هەنگاو دەنێت.
سیاسەتی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش کە لە سەر نەبوونی بەسراوەیی بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و سەربەخۆیی سیاسی بنیات نراوە، خاوەن ڕێڕەوێکی دیاریکراوی ئیسلامی - ئێرانییە کە میانەڕۆیی کردووەتە ستراتیژی خۆی و لەم چوار دەیەش خزمەت بە گەلانی ناوچەکەی لە کارنامەی پڕ لە شانازی خۆیدا تۆمار کردووە. لە کاتێکدا کە ئەمریکا بانگەشەی دیمۆکراسی و بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکات، بە پێی وتەی بەرپرسانی ئیدارەی پێشووی ئەم وڵاتە پێکهێنەری داعش لە ناوچەکە بوون و ئەوە ئێرانی ئیسلامییە کە لە ساڵانی شەڕی داعش و هەر ئێستاش بەرگری لە گەلانی سوریا و عێراق دەکات و سەربەرزانە داعشی بە شکست و لەناوچوون گەیاند.
هەر لە سەر ئەم سیاسەتە میانەڕۆیانە بوو کە ڕێکەوتنی ناوەکیی لە گەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان واژۆ کرد و وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو لە چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسی قەیران و کێشە ناوچەیی و جیهانییەکان و مۆدێلێکی سەرکەوتوو بە هەمووانی پیشاندا بەڵام دەبینین کە شەڕەنگێزان و دژبەرانی مرۆڤایەتی و ئەوانەی کە دەستیان بە خوێنی مرۆڤە بێ تاوانەکانی یەمەن، سوریا، عێراق، لیبیا و دەیان وڵاتی دیکە تێکەڵاو بووە، هەوڵی هەڵوەشانەوەی ئەم ڕێکەوتنە دەدەن تا ناوچەکە زیاتر بەرەو ئاڵۆزی ببەن و بازاڕی ساغکردنەوەی چەک و چۆڵە سەربازییەکانی ئەوان گەرمتر ببێت، بە دڵنیاییەوە ئێرانی ئیسلامی ئەم پیلانەش وەک پیلانەکانی دیکەی شەیتانە گەورەکە پووچەڵ دەکاتەوە و ئاسایش و سەقامگیری خۆی بەهێزتر دەکات و هاوکاریش دەبێت لە مسۆگەربوونی ئاسایشی ناوچەکە.
ئەزموونی ئەم چوار دەیە لە تەمەنی شۆڕشی ئیسلامی، هاوکار و پاڵپشتی گەل و بەرپرسانی ئێمە دەبێت تا بەهێزتر لە جاران هەنگاو بەرەو لوتکەی پێشکەوتنەکان بنێن. خوێنی شەهیدانمان ڕێگای ئەو پێشکەوتنەی دەستەبەر کردووە و ئەگەرچی کۆسپ و لەمپەرەکانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی زۆرن بەڵام هەموو ئەو بەربەستانە وەک ئەوانەی پێشوو تێپەڕ دەکەین و ئاڵای سێ ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر لوتکەی سەرکەوتنەکان هەڵدەکەینەوە.س/ جام كوردى