23/01/2018
ئيشراق
557 جار بینراوە

تاران ناوەندی دیپلۆماسی ئیسلامی

سێنزەیەمین کۆنفرانسی سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو. هەنگاوێک کە لە درێژەی سیاسەتی بنەڕەتی ئەم وڵاتە بە ئامانجی یەکڕیزی وڵاتانی ئیسلامی دەتوانێت لە بەرامبەر شەپۆلی کێشە و گرفتەکان، جیهانی ئیسلام بەهێزتر بکات.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە دەبێت دەیەی ڕابردوو بە ساڵانی تارمایی و سەردەمی دژواری هێرشی پیلانەکان و تیرۆریزمی پێکهاتووی سێ گۆشەی ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و سەعوودیا هەژمار بکەین. ئەو پیلانانەی کە کێشەی گەورەیان لە جیهانی ئیسلامدا خوڵقاند تا دەرفەتێک بۆ ئەمریکا دابین بکرێت کە قودس وەک پایتەخت و ناوەندی ڕژێمی زایۆنیستی دابنێت.
تەنیا ڕێگای دەربازبوون لەم تارماییەش، یەکێتی و یەکڕیزی و پتەوبوونی بنەماکانی خۆڕاگرییە لە سەرجەم بوارەکانی ئابوری، سەربازی، زانستی و تەکنۆلۆژیایی. واتە هەمان بنەماکان کە بە درێژایی سەدەکانی ڕابردوو پشتگوێ خراون و هەر ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی وڵاتانی ئیسلامی.
هێزە چەوسێنەرەکان بەردەوام هەوڵ دەدەن تا ئەم بەسراوەییەی وڵاتانی ئیسلامی لە سەرجەم بوارەکانی ئەمنی تا ئابوری و تەنانەت گۆڕینی پیرۆزییەکان و بنەما کەلتوری و  ئائینییەکان بە سەر گەلانی ناوچەکەدا بسەپێنن. سەرجەم ئەم پرسانەش لە دژایەتی ئیسلامی لە لایەن ئەو هێزانەوە پێناسە دەکرێت. ئەگەر ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵ دەدەن کە مافی فەڵەستینییەکان پێشێل بکەن بەم هۆیەوە بووە کە دەیانەوێت دڵی ئیسلام زامدار بکەن و شووناسی ئیسلامی قودس بسڕنەوە. لە وەها هەلومەرجێکدا  بوو کە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، پرسی فەڵەستینی بە یەکەمایەتی جیهانی ئیسلام ناو برد و وتی کە وڵاتانی ئیسلامی نابێت دەرفەتی وەها بڕەخسێنن کە گەلی فەڵەستین ئێش و ئازارەکانیان زیاتر ببێت.
ئەزموونی شەڕەکانی ڕابردوو، بڵاوەپێکردنی بیر و هزری جوداییخوازی، ناکۆکی و دابەشبوون لە ڕیزی موسڵمانان هەموو گوزارشت لەوە دەکات کە پیشان دەدات ئەم سیاسەتە تەنیا بە ئەمریکا و رژێمی زایۆنیستییەوە سنوردار نابێت.
بەداخەوە ژمارەیەک لە ڕژێمە شوێنکەوتووەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە لەم ڕێگایەدا بوونەتە هاوڕێ و پیلانداڕێژی دژ بە گەلانی ئیسلامی و لەم پێناوەشدا دەتوانین سەعوودیا وەک نموونەی سەرەکی ناو ببەین.
لەم دۆخەدا کە یەمەن، بەحرەین، سوریا، عێراق، لیبیا و وڵاتانی دیکەی ئیسلامیش لە ژێر کاریگەری پیلانەکانی ئەمریکا و هاوەڵانی کەوتوونەتە گەورەترین کێشە و گرفتەکانەوە، تەنیا چارەسەر و هۆکاری گەڕانەوە بۆ هێزی ئیسلامی، یەکگرتوویی و یەکڕیزییە کە دەکرێت لە ئەگەری مسۆگەربوونی، لە چاوەڕوانی وەرزێکی نوێ لە بواری سیاسی و ئابوری لە جوغرافیای جیهانی ئیسلام بین، بە پێچەوانەی ئەمەش ڕێگای بەردەم وڵاتانی ئیسلامی، ڕێگایەکی ئەستەم و دژوار دەبێت کە تەنیا واشنتن و تەل ئەبیب لێی سوودمەند دەبن.
کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی سیاسەتی بنەڕەتی خۆیی لە سەر یەکڕیزی ئیسلامی و پاڵپشتی لە مافی گەلانی موسڵمان بە تایبەت فەڵەستینی داگیرکراو داڕشتووە، لە ساڵانی ڕابردووش بە سەرهەڵدانی داعش و پیلانی دژ بە وڵاتانی سوریا و عێراق، بە هەموو شێوازێک ئەرکی مرۆڤی و ئیسلامی خۆیی بە جێهێنا و لە ئاکامدا سەرکەوتنیش بە سەر بەرەی تیرۆر و تەکفیر مسۆگەر بووە.
بۆ قۆناغی داهاتووش کە بە دڵنیاییەوە پیلانەکانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی زیاتر دەبێت لە تارانەوە جەخت لە سەر یەکڕیزی ئیسلامی وەک چەکی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پیلانانە کرایەوە و هاوڕایی ئیسلامی وەک دەسکەوتێکی دیپلۆماسیەتی تاران لە جوغرافیای جیهانی ئیسلام لە کارنامەی هەمیشە سەرکەوتووی کۆماری ئیسلامی دیسانەوە تۆمار کراو و ئەو حکومەتانەش کە کەوتوونەتە بەرەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی تا دێت لای گەلانی موسڵمان نەفرەتی زیاتر ئاراستەیان دەکرێت.س/ جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP