01/10/2017
ئيشراق
600 جار بینراوە

دەستوور وەک بنەمایەک

 پرسی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە نێوان پێداگری بەرپرسانی کورد، ڕەتکردنەوەی حکومەتی بەغدا و نەبوونی شەرعییەتی نێودەوڵەتی وەک خۆی ماوەتەوە و تا دێت ڕەوشی ناوخۆیی عێراقی پێ ئاڵۆزتر دەبێت. لەم نێوەندەدا گرنگ ئەوەیە کە هەر دوولا لە سەر بنەمایەک هەوڵەکانیان بە مەبەستی دەربازبوون لەم دۆخە چڕتر بکەنەوە. چۆن دەکرێت ئەم ڕەوشە هێور بکرێتەوە؟ دەستووری عێراق وەک گەورەترین مەرجەع کە کوردانیش خۆیان بە دەنگی زۆرینە پەسەندیان کردووە دەتوانێت بنەمایەک بۆ چارەسەربوونی کێشە و گرفتە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بێت. لێرەدا دوو خاڵی گرنگ دەبینرێت: یەکەم، حکومەتی بەغدا دان بە مافی کوردانی عێراق لە چوارچێوەی دەستووردا بنێت. دووەم، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئاستی داواکارییەکانیان لە چوارچێوەی ئەو دەستوورەدا بێت. ئەوەی کە دەبینرێت هەر دوولا ئەم دەستوورەیان پێشێل کردووە. ماوەی دە ساڵ بە سەر مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق تێپەڕ دەبێت. مادەیەکی دەستووری کە دەکرا ڕەوشی کەرکوک و ناوچە کێشە لە سەرەکانی دیکەی پێ چارەسەر بکرایە و ئەو میکانیزمەی کە پێش بینی کراوە بە جێبەجێ کردنی یەک لەو کێشە سەرەکییانەی عێراقی پاش ٢٠٠٣ی پێ چارەسەر دەبوو. هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە ئاستی دەستووری هەڵسووکەوتی کردووە، بە تایبەت لە پرسی گرێبەستە نەوتییەکان و هەناردەی ڕاستەوخۆی نەوتی هەرێمی کوردستان و تەنانەت کەرکوک. ئەم بەستێنە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێکی دیکە کە ئەمڕۆ بەرۆکی عێراقی گرتووەتەوە.


بە مەبەستی دەربازبوون لەم قەیرانە، پێش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم چەندین پێشنیاری گرنگ لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا پێشکەش بە سەرکردایەتی سیاسی کورد کرا. هاوکات وڵاتانی دراوسێی عێراقیش بە پێی دەستڕۆیشتوویی خۆیان ئامادەیی ئەوەیان پیشاندا کە بە مەبەستی چارەسەربوونی کێشە و گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووریدا گوشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی ناوەند. سەرکردایەتی سیاسی کورد بە چەشنێک بێ منەتی لەو پێشنیارانە پەنای بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم برد. ئێستاش لە پاش ڕیفراندۆم هەر باس لە چارەسەربوونی کێشە و گرفتەکان دەکرێت و هیچ وڵاتێک دانی بە دەرەنجامی ئەو پرۆسەیەدا نەناوە.


هەوڵەکان بە مەبەستی دەربازبوون لەم قەیرانە بەردەوامە. چەندین وڵات دیسانەوە جەختیان لە سەر چارەسەربوونی کێشە و گرفتەکان کردووەتەوە. ئایەتووڵا سیستانی گەورە مەرجەعی شێعەکانی عێراق لە پەیامێکدا باسی لە چارەسەربوونی کێشەکان کردووە. هاوکات ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق دەسپێشخەرییەکی ڕاگەیاندووە. لە هەموو ئەم هەوڵانەدا دەستوور وەک بنەمایەک بۆ چارەسەربوونی کێشە و گرفتەکان دانراوە.


بەرپرسانی کورد و بەغدا مێزی دانوستان بۆ چارەسەربوونی کێشە و گرفتەکان و مسۆگەربوونی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق هەڵبژێرن. ئەمە باشترین بژاردەی بەردەم عێراقییەکانە بە کوردستان و بە ناوەندەوە. ئەزموونی ڕابردووی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا پیشان دەدات کە بوونی لایەنێکی سێهەم لە هەر دانوستانێکی چاوەڕوانکراو بە پێویست دادەنرێت. نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت لە گەڵ وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئێران کە کاریگەری بەرچاویان لە سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا هەیە، ڕۆڵی هەرە گرنگی خۆیان لە بە ئاکام گەیشتنی دانوستانەکان پیشان بدەن. لە دەرەنجامی ئەم ڕەوتەش کورد بە مافە دەستوورییەکانی دەگات و عێراقیش بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە و ناوچەکەش لە قۆناغی پاش داعش دەتوانێت بیر لە ئاسایش و سەقامگیری بکاتەوە، ئەڵبەت بە مەرجێک کە پیلانگێڕانی دەرەکی جارێکی دیکە واز لە دانیشتووانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێنن.
س/ جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP