11/10/2018
ئيشراق
543 جار بینراوە

بن سه‌لمان و به‌رده‌وامبوون له‌ خوڵقاندنی قه‌یرانه‌کان

به‌ هاتنه‌ سه‌ر کاری محه‌ممه‌د بن سه‌لمان وه‌ک جێنشینی سه‌عوودیا و ئه‌و پلانه‌ی که‌ به‌ چاکسازی له‌م وڵاته‌دا پێناسه‌ی ده‌کرد، زۆربه‌ی شرۆڤه‌کاران له‌و بڕوایه‌دا بوون که‌ ئه‌م خێراییه‌ی ناوبراو له‌ ئیداره‌دانی سه‌عوودیا نه‌ک ته‌نیا ده‌سکه‌وتێکی بۆ ئه‌م وڵاته‌ نییه‌ به‌ڵکوو قه‌یرانه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ش زیاتر ده‌کات. بن سه‌لمان له‌ یه‌که‌مین مانگی گه‌یشتنی به‌ ده‌سه‌ڵات باسی له‌و چاکسازییانه‌ کرد که‌ به‌ پێدانی هه‌ندێک ئازادی ڕواڵه‌تیانه‌ و چه‌ندین مافی پێشێلکراو له‌ سه‌عوودیا وه‌ک شۆفێری ژنان ده‌ستیپێکرد و پاشان به‌ درووشمی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌ تایبه‌ت له‌ نێو شازاده‌کان درێژه‌ی هه‌بوو.
بن سه‌لمان ژماره‌یه‌ک له‌ شازاده‌کانی سه‌عوودیای ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌کان کرد و ئه‌ڵبه‌ت به‌ وه‌رگرتنی پاره‌یه‌کی زۆر دیسانه‌وه‌ ئازاد کران و به‌مه‌ش ئه‌و بۆچوونه‌ی پشتڕاست کرده‌وه‌ که‌ گه‌نده‌ڵی ڕێکخراوه‌یی له‌ داموده‌زگاکانی سه‌عوودیا به‌ وه‌رگرتنی به‌رتیل به‌رده‌وام ده‌بێت.
متمانه‌ و پێشوازی له‌ چاکسازییه‌کانی سه‌عوودیا هه‌ر زوو ڕه‌نگی کاڵبوونه‌وه‌ی به‌ خۆوه‌ گرت. له‌ ژێر سێبه‌ری درووشمی چاکسازییه‌کان، ئه‌وه‌ی که‌ له‌ جێی چاکسازی بینرا ته‌نیا سنورداربوونی ئازادییه‌کانی خه‌ڵک و گرتن و کوشتنی نه‌یاران بوو. له‌م پێناوه‌دا زۆربه‌ی شرۆڤه‌کاران له‌و بڕوایه‌دا بوون که‌ هه‌نگاوه‌کانی جێنشینه‌ گه‌نجه‌که‌ به‌ره‌و سکۆلاریزمکردنی کۆمه‌ڵگای سه‌عوودیا ڕووبه‌ڕووی دوو کێشه‌ی سه‌ره‌کی ده‌بێته‌وه‌. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که‌ بن سه‌لمان به‌ گرتن، سزادان و کوشتنی که‌سانی وه‌ک موفتی و بیرمه‌ندانی سه‌عوودیا له‌ ڕاستیدا و به‌ شێوازی ڕاسته‌وخۆ ڕووبه‌ڕووی ئایدۆلۆژیای ڕژێم بووه‌ته‌وه‌ و له‌ لێواری ڕووخانی نزیک کردووه‌ته‌وه‌ و دووه‌م ئه‌وی‌ که‌ بن سه‌لمان به‌ چاکسازییه‌کانی خۆی، شاره‌زایان و چینی خوێنده‌وار و چالاک له‌ زانکۆکان له‌ خۆی دوور ده‌کاته‌وه‌ و ئه‌نجامی هه‌ر دوو بۆچوونه‌که‌ خێرابوونی پرۆسه‌ی ڕووخانی ڕژێمی سه‌عوودیایه‌.
بن سه‌لمان له‌ پرۆسه‌ی چاکسازییه‌کانی هه‌وڵی پاڵپشتی ده‌ره‌وه‌ی ده‌دا و گرنگییه‌کی ئه‌وتۆی به‌ ناوخۆی وڵاته‌که‌ی نه‌داوه‌ و بۆ ده‌سته‌به‌ربوونی ئه‌مه‌ش، له‌ سه‌ره‌تای گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات سه‌ردانێکی ئه‌ورووپا و ئه‌مریکای کرد و به‌ ته‌رخانکردنی ملیاره‌ها دۆلار بۆ کڕینی چه‌ک و پێداویستی سه‌ربازی دڵنیایی به‌ خۆی ده‌دا که‌ ڕه‌وتی چاکسازییه‌کانی به‌ ئاکام ده‌گات. پاش ئه‌م سه‌ردانه‌ پڕ تێچووه‌ کاتی ئه‌وه‌ گه‌یشتبوو که‌ له‌ سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی پرۆژه‌ی دووه‌می خۆی به‌ ناوی سه‌رکردایه‌تی جیهانی ئیسلام جێبه‌جێ بکات و خۆی وه‌ک سه‌رکرده‌ی جیهانی ئیسلام بناسێنێت. له‌م پێناوه‌شدا سیاسه‌تی بێده‌نگی و هێرشی وه‌ک یه‌که‌مایه‌تی ده‌ستپێکرد، بێده‌نگی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسانه‌ی که‌ ویستی ئه‌مریکا بوو، وه‌ک فه‌ڵه‌ستین و له‌ به‌رامبه‌ر گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌م وڵاته‌ له‌ ته‌ل ئه‌بیب بۆ قودس و هێرش بۆ ئه‌و پرسانه‌ی که‌ ئه‌مریکا سه‌رقافڵه‌یه‌تی، وه‌ک دژایه‌تیکردنی ئێران و ئه‌و لێدوانانه‌ی که‌ هه‌ڕه‌شه‌ی گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌کانی بۆ ناوخۆی ئێران ده‌کرد.
هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌ هه‌لومه‌رجێکدا بوو که‌ چه‌ندین کێشه‌ی که‌ڵه‌که‌بووی به‌رده‌م بن سه‌لمان، هه‌ڕه‌شه‌ی ئاوابوونی خۆری خه‌ونه‌کانی لێده‌کرد. یه‌که‌م، دۆسیه‌ی یه‌مه‌ن و شکستی بن سه‌لمان له‌ کۆتایی هێنان به‌و شه‌ڕه‌ی که‌ له‌ دژی خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته‌ ده‌ستیپێکردووه‌، ئه‌و دۆسیه‌یه‌ی که‌ جێنشینی سه‌عوودیا پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که‌ له‌ ماوه‌ی سێ هه‌فته‌دا به‌ کۆتایی ده‌گات، به‌ڵام ئێستا به‌ره‌و چواره‌م ساڵی ته‌مه‌نی خۆی ده‌ڕوات و ڕۆژانه‌ 200 ملیۆن دۆلار تێچووی بۆ ڕژێمی سه‌عوودیا ده‌بێت. 
دووه‌م پرسی په‌یوه‌ندیدار بۆ داخوازییه‌ به‌رده‌وامه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ڕژێمی سه‌عوودیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌و داخوازییانه‌ی که‌ به‌م دواییانه‌ش له‌ لایه‌ن سه‌رۆکی ئه‌مریکاوه‌ سه‌ر له‌ نوێ گه‌ڵاڵه‌ کرایه‌وه‌. سێهه‌م کێشه‌ش، دژایه‌تیکردنی بن سه‌لمانه‌ له‌ ناوخۆی سه‌عوودیا و ئه‌و چاکسازییانه‌ی که‌ باسی ده‌کات. ئه‌و دژایه‌تییانه‌ش له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی وه‌ک الشرقیه‌ به‌رده‌وام بوونی هه‌یه‌ و له‌ ناوه‌نده‌ ڕۆشنبیرییه‌کان و له‌ نێو چینی خوێندکار له‌ په‌ره‌سه‌ندندایه‌.
بن سه‌لمان له‌ ڕاستیدا به‌ پرۆسه‌ژی چاکسازییه‌کانی له‌ سێ ناوه‌نده‌وه‌ دژایه‌تی ده‌کرێت. یه‌که‌م، بنه‌ماڵه‌ی ئالی سه‌عوود، دووه‌م بنه‌ماڵی ئالی شێخ و سێهه‌م پرسی پترۆدۆلار. بن سه‌لمان له‌ ئێستادا پاڵپشتی سیاسی ڕژێمی سه‌عوودیای وه‌ک زۆرینه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئالی سه‌عوود (ئه‌وانه‌ی که‌ له‌و بڕوایه‌دان بن سه‌لمان ده‌سه‌ڵاتی داگیر کردووه‌) کردووه‌ به‌ دوژمن و نه‌یاری خۆی، هه‌روه‌ها بنه‌ماڵه‌ی ئالی شێخ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ جێنشینی سه‌عوودیا به‌ دوژمنی ئایدۆلۆژیای خۆیان ده‌زانن دژایه‌تی بن سه‌لمان ده‌که‌ن و له‌ ئاکامدا پرسی نه‌وت و دۆلار و شێوازی ئیداره‌دانی به‌ تایبه‌ت له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا که‌ ئه‌مریکا زۆر ڕه‌زامه‌ندیی له‌ هه‌ڵسووکه‌وتی سه‌عوودییه‌کان نییه‌، بووه‌ته‌ کێشه‌ گه‌وره‌کانی به‌رده‌م محه‌ممه‌د بن سه‌لمانی خولیای ده‌سه‌ڵات.
بن سه‌لمان له‌م ڕۆژانه‌دا نزیکه‌ی 12 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌کات، 450 ملیار دۆلاری له‌ سندۆقی داراییه‌کانی سه‌عوودیا پاشه‌که‌وت کردووه‌ و ئه‌ڵبه‌ت 80 ملیار قه‌رزیشی هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا نیگه‌رانه‌ و بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م نیگه‌رانییانه‌ش به‌رده‌وامه‌ له‌ خوڵقاندنی قه‌یرانه‌کان و هه‌وڵ ده‌دات له‌م ڕێگایه‌وه‌ ڕووخاندنی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی دوا بخات. دۆسیه‌ی ڕفاندن و کوشتنی خاشقچی دوایین نموونه‌ی قه‌یرانه‌کانی بن سه‌لمانه‌.

س/جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP