06/12/2017
ئيشراق
517 جار بینراوە

یەکڕیزی، بەهێزترین چەکی وڵاتانی ئیسلامی

جیهانی ئیسلام بە کۆمەڵە قەیران و گرفتێکدا تێپەڕ دەبێت کە بێ گومان هیچ ئاسۆیەکی چارەسەریشی لانیکەم بە پێی ئەم هەلومەرجە بۆ بەدی ناکرێت. ساڵەهایە عێراق بە دەست گرووپە دەستکردەکانی هەندێک وڵاتی بە ناو ئیسلامی دەناڵێنێت، سوریا بۆ حەوت ساڵە شەڕ و کوشتن و کاولکارییە، گەلی یەمەن ڕۆژانە بوونەتە ئامانجی بۆردومانی سەعوودیا و وڵاتانی بە ناو هاوپەیمانی عەرەبی. لیبیا، بەحرەین و وڵاتانی دیکەش بە هەمان شێوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە کێشەی فەڵەستین و داگیرکاری ئەم خاکە پیرۆزە لە لایەن زایۆنیستەکانەوە وەک خۆی ماوەتەوە، بنەڕەتی هەموو ئەم کێشە و گرفتانەش بۆ بەلاڕێدابردنی کێشەی فەڵەستین دەگەڕێتەوە، بەرەی ستەمکاری جیهانی نایەوێت کێشەی فەڵەستین بە پێی مسۆگەربوونی ئامانجەکانی ئەم گەلە زوڵملێکراوە چارەسەر ببێت و بەم بۆنەشەوە بە پێکهێنانی چەندین گرووپی تیرۆریستی و ئاژاوەگێڕی و هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لە وڵاتانی ئیسلامی وزە و توانای ئەم وڵاتانەی لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان بە کار هێناوە نەک داکۆکی لە مافی فەڵەستینییەکان.
بەداخەوە سەعوودیا کە باس لە سەرکردایەتی جیهانی ئیسلام دەکات لە لوتکەی خوڵقاندنی ئەم کێشە و گرفتانەوە لە جیهانی ئیسلام دەبینرێت، تاقمی دەسەڵاتداری پاشایەتی سەعوودیا بوونەتە ئامرازی مسۆگەربوونی ئامانجەکانی ئەمریکا و زایۆنیسم لە وڵاتانی ئیسلامی. لە ئێستادا ڕیاز بەرەو ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئیسرائیل هەنگاو دەنێت، ئەم پیلانانە تەنیا وڵاتانی ئیسلامیی کردووەتە ئامانج و لە ئاکامدا بە پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی فەڵەستین کۆتایی دێت، هەرچەندە لە بەرەی بەرامبەردا ڕەوتی خۆڕاگری بە هەموو توانایەکەوە هەوڵی پووچەڵکردنەوەی پیلانی دوژمنان و خەباتی دژ بە زایۆنیستەکانی داوە و وەک چۆن لە هەفتەکانی ڕابردووش هەمووان لێی ئاگادارن، کۆتایی بە داعش هات و سەرکەوتنێکی گەورە بە سەر تیرۆریستان لە سوریا و عێراق ڕاگەێندرا.
بۆ دەربازبوون لەم قەیران و گرفتانەی جیهانی ئیسلام، تەنیا پێویست بە برایەتی و یەکڕیزی ئیسلامییە. یەکێک لە جوانترین و پیرۆزترین وشەکان، وشەی برایەتی و یەکڕیزییە. پێغەمبەری گەورەی ئیسلام (د.خ) هەمووانی بانگهێشتی یەکڕیزی کردووە، سەکەوتنەکانی موسڵمانان لە سەرەتای ئیسلام تەنیا لە ژێر سێبەری برایەتی نێوانیان بووە. یەکڕیزی ئیسلامی کە خەون و خولیای موسڵمانان بووە، لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەوڵی زۆری بۆ دراوە و پێکهێنانی کۆڕی نزیکبوونەوەی مەزهەبە ئیسلامییەکان لە لایەن ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە بەستێنی وتووێژی نێوان بیرمەندانی ئیسلامی دابین کردووە. بێ گومان هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە بە پشت بەستن بە بنەما قورئانییەکان هەوڵەکانی تاران بەردەوام بووە، هەوڵێک کە بۆ هیچ لایەنێک شاراوە نییە.
ئێستاش بۆ چارەسەربوونی کێشە و قەیرانی جیهانی ئیسلام تەنیا پێویست بە یەکڕیزی ئیسلامی دەکات. هەفتەی یەکڕیزی ئیسلامی کە لە لایەن ئیمام خومەینی (رە) پێشنیار کراوە دەتوانێت موسڵمانان زیاتر لێک نزیک بکاتەوە. بەرهەمی ئەم دەستپێشخەرییەی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی ئێران بینراوە، ئەمڕۆ دەبینین کە موسڵمانانی شێعە و سوننە لە ئێران لەوپەڕی برایەتی و یەکبوونەوە پێکەوە دەژین و کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە. دوایین نموونەی ئەم یەکڕیزییەش لە ڕووداوە دڵتەزێنەکەی بوومەلەرزەکەی کرماشان بینرا و ئێرانییەکان بە شێعە و سوننەوە شەپۆلێکی هاوکارییەکانیان بۆ ناوچە کوردنشینەکانی پارێزگای کرماشان دەستپێکرد. کاتی ئەوە هاتووە هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ مسۆگەربوونی یەکڕیزی ئیسلامی دەست پێ بکات، ئەگەر هەندێک حکومەتی بە ناو ئیسلامیش لە بەردەم ئەم ڕێگایەدا بەربەست دەخوڵقێنن، خەڵک و ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەتوانن بەم ئەرکە پیرۆزەوە هەستن. چەکی یەکڕیزی ئیسلامی زۆر دەمێکە ڕەوتی ستەمکاری و زایۆنیسمی جیهانیی تۆقاندووە، با وڵاتانی ئیسلامی بەم چەکەوە خۆیان تەیار بکەن نەک پارە و داهاتی موسڵمانان بۆ کڕین و ساغکردنەوەی بازاڕی چەکی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بە کار بێنن.س/ جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP