04/02/2018
ئيشراق
573 جار بینراوە

یەکڕیزی نیشتمانی، دەسکەوتی چوار دەیەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران

لە ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی گەلی ئێران شرۆڤە و لێکدانەوەی زۆر سەبارەت بە دەسکەوتەکانی ئەم شۆڕشە مەزنە دەکرێت، شۆڕشێک کە سنورەکانی ئێرانی تێپەڕاند و بە بۆچوونی گەورە لێکۆڵەر و بیرمەندانی جیهانی، ڕۆڵێکی گرنگی لە بێداری ئیسلامی و بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی لە لایەن گەلانی موسڵمانەوە هەبووە.
سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کە لە ئاکامی ڕێبەری کەم وێنەی ئیمام خومەینی (رە)، ئامادەبوونی گەل و کەڵک وەرگرتن لە ئامۆژەکانی ئائینی پیرۆزی ئیسلام بووە، کاریگەری زۆری لە سەر گۆڕانکارییە ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانییەکان هەبووە، بە شێوازێک کە بە ئاسانی دەتوانین هەست بەو دەسکەوت و کاریگەرییانە بکەین.
شۆڕشی ئیسلامی ئێران و کاریگەرییەکانی ئەوەندە پیلانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانیی لە وڵاتانی ئیسلامی و تەنانەت جیهانیش پووچەڵ کردووەتەوە کە ئەمریکا و شوێنکەوتووانی لە ئاکامی ئەو شکست و سەرشۆڕییانە، هەر ئێستاش سەرقاڵی پیلانگێڕی و دوژمنایەتین بەرامبەر بە گەلی ئێران و گەلانی ئیسلامیش، بەڵام گەلی ئێران بە چەکێک ڕووبەڕووی ئەو دوژمنایەتی و پیلانگێڕییە بووەتەوە کە ئەمریکا هەتا هەتایە لە بەرامبەریدا بە لاوازی دەردەکەوێت و شکست و سەرشۆڕی وەک هەمیشە لە چاوەڕوانی ئەواندا دەبێت.
زۆربەی وڵاتانی جیهان بە هۆی چەند پێکهاتەیی و فرە ڕەنگییەوە تووشی دەیان کێشە و گرفتن، لە کاتێکدا کە لە وڵاتی ئێمە ئەمە بە پێچەوانەوە دەبینرێت، فرە پێکهاتەیی لە ئێران نەک تەنیا هەڕەشە نییە بەڵکوو بووەتە دەرفەتێک و یەکپارچەیی خاکی وڵاتیش دەرەنجامی یەکڕیزی نیشتمانی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی سەرجەم پێکهاتەکانە. لێرەدا پێویستە تێڕوانینی گەروە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وەبیر بێنینەوە. کاتێک کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی سەبارەت بە زمانی کوردی دەفەرموون:" زمانی کوردی سامانێکی نیشتمانییە. توانای زانستی و هونەری گەنجانی کورد سامانێکی نیشتمانییە، توانا وەرزشییەکانی گەنجانی کورد سامانێکی نیشتمانییە، لەم سامانە نیشتمانییانە پێویستە کەڵک وەربگیردرێت و بە کرداری ببینرێت". گرنگی و سیاسەتی ڕاست و درووستی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیمان بۆ ڕوون دەبێتەوە و لێرەدایە کە جیاوازییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دیکە و ناوچەکانی دیکەش دەردەکەوێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران تێڕوانینێکی یەکسانی بەرامبەر بە سەرجەم پێکهاتەکانی وڵات هەبووە. هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران و ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری وەک دوو دامەزراوەی گرنگی وڵات وەبیر دێنینەوە، سەرجەم پێکهاتە و مەزهەبەکانی وڵات نوێنەری خۆیان لەم دوو ئەنجومەنەدا هەیە، ئەمەش پیشاندەری ئەوەیە کە دووچاوەکی لە نێو تێڕوانینی بەرپرسانی باڵا و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە پێکهاتەکانی وڵات بوونی نییە. ئەمەیە کە دەبینین لە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی ڕژێمی سەدام دژ بە گەلی ئێران، سەرجەم پێکهاتەکانی وڵات بە بێ جیاوازی چەکی بەرگری لە خاک و نیشتمانی ئێران لە شان دەکەن و ئەو هەموو شەهیدەش کە لە کورد و عەرەب و بەلوچ و سوننە و شێعە پێشکەش بە پاراستنی ئێران کراوە و ئەم ڕەوتەش هەر بەردەوامە و لەم ماوەیەش دیسانەوە بینرا کە لە قەزای سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان کە ناوچەیەکی کورد و سوننەیە، دیسانەوە کوردەکان خوێنی خۆیان لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش پێشکەش بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ئێرانی ئیسلامی دەکەن.
ئێمەی ئێرانی لە هەر پێکهاتە و مەزهەبێک بە هەبوونی ئامانجێکی هاوبەش کە سەربەرزی ئێرانی ئیسلامییە و بە خاڵە هاوبەشەکانی وەک بڕوابوون بە خودای گەورە و ئیسلامی محەممەدی (د.خ) و ڕێنماییەکانی قورئانی پیرۆز، نموونەیەکی سەرکەوتووی حکومەتی ئیسلامیمان بە گەلان و وڵاتانی جیهان پیشان داوە و بە چەکی یەکڕیزی و یەکگرتوویی خۆمان تا دوایین دڵۆپی خوێنمان پارێزەریشی لێدەکەین.
ئامادەبوونی زۆرینەی خەڵک لە بۆنە جۆربەجۆرەکان پیشاندەری ئەم یەکڕیزی و یەکبوونەی ئێمەیە. دوایین نموونەشی پاش پیلانگێڕی ئەم دواییەی ئەمریکا و گوێڕایەڵەکانی لە ناوچەکە دێت کە دانیشتووانی ئێران جارێکی دیکە بەیعەتی خۆیان بە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕاگەیاند و پاڵپشتییان بۆ سیستەمی کۆماری ئیسلامی دووپات کردەوە. ئەمریکاش لەم گەورەییەی گەلی ئێران تێگەیشتووە و هەر پیلانێک دادەڕێژێت بە هەمان چەکی یەکڕیزی ئێرانییەکان پووچەڵ دەبێتەوە و ئەمەش گەورەترین دەسکەوتی چوار دەیە تەمەنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە. شۆڕشێک کە ئیمام خومەینی (رە) لە هەمان سەرەتاوە بە پاڵپشتی خەڵک دەستیپێکرد و هەتا ئێستا لە سەر هەمان ڕێباز ماوەتەوە و ئاسۆی گەورەتریش لە بەردەم خۆیدا دەبینێت. س/ جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP