30/11/2017
ئيشراق
1629 جار بینراوە

جیاکردنەوەی دەستەڵاتەکان

دەسەڵات لە سادەترین پێناسە بریتیە لەو سیستمەی کە کۆمەڵگا بەگوێرەی ئایدیا وجیهانبینییەکی دیاریکراو بەڕێوەدەبات ج ئەو ئایدیایە ئاینی بێت یان عەلمانی یاخود سۆسیالیستی یان لیبراڵ بێت. هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا ،هیند و یۆنان و ڕۆمان مێزۆپۆتامیا...هتد.خاوەنی شارستانی بوون کەبێگومان بونی شارستانیەت بەمانای بونی دەسەڵات بووە، و جۆرێک لە جۆرەکانی حوکمڕانیان داهێناوە، بەڵام دەسەڵات بەم شێوەیەی ئێستا نەبووە. چونکە دەسەڵاتەکان ڕەهابوون وشتێک نەبووە بەناوی جیاکرنەوەی دەسەڵاتەکان. جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بەرهەمی زادەی بیری فەیلەسوف و بیرمەندی سیاسی فەڕەنسی (مۆنتسکیۆ)یە.

جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان ئەو دەستەواژەیەیە کە مۆنتسکیۆ لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (ڕووحی یاساکان) دایهێناوە بریتیە لە دابەش کردنی دەسەڵات بەسەرکایەی جیای نێو دەسەڵاتدا ، بەجۆرێک هەرکایەیەک دەبێتە چاودێر بەسەر کایەکانی تردا ، و ئەو کایانە بە پێی دەستوور و فیقهی قانونی دەبێ گوێ ڕایەڵی یەکتری بن کە بریتییە لە (پەرلەمان).

جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆک و فەرمان ڕەواکان و کار دەکات بۆ پاراستنی مافی گشتی و زامن کردنی ئازادی تاک و سەرجەم بەها مرۆییەکان ،لەم وتارە هەوڵدەدەم تیشک بخەمە سەر ئەم کایانەی دەسەڵات و شیکردنەوەی ئەرک و دەسەڵاتی هەر یەک لەم کایانە.

یەکەم:دەسەڵاتی یاسادانان(السلطة التشریعیة).
ئەم ئاستەی دەسەڵات بریتییە لە گرنگترین و باڵا ترین ئاستەکانی دەسەڵات بە پێیی دەستوور دەبێ هەموو ئاستەکانی تر گوێ ڕایەڵی و ملکەچی سەرجەم ئەو بڕیارانە بن کە لەم ئاستەوە بڕیاری لێ دەدرێ،ناوی دەسەڵاتی یاسادانان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر ئەگۆڕێ،
لە ئیسرائیل پێیی دەوترێ ((کنیسیت))
لە ویلایەتە یەگرتوەکانی ئەمریکا پێی دەوترێ((کۆنگرس))
لە بەریتانیا پێی دەوترێ ((پەرلەمان))
لە میسڕ پێی دەوترێ ((ئەنجومەنی میلەت))
‌شێوازی پێکهێنانەکەی دووجۆرە تاک ئەنجومەن و دوو ئەنجومەن،
تاک ئەنجومەن: بریتیە لەو هەیئه پەڕلەمانیەی کە لە یەک ئەنجومەن پێک دێ ، بێ گەڕانەوە و تاوتوێ کردن سەرجەم بڕیار و یاساکان لێرەوە دەردەچن وەک پەڕلەمانی تورکیا ، ئیسرائیل.

دوو ئەنجومەن:لەم شێوازە دوو ئەنجومەن بوونی دەبێ بڕیارەکان و یاساکان بە هەمەلایەنی و ڕێکەوتن لە نێوان هەردوو ئەنجومەن دەردەچێ ئەم جۆرە جووت ئەنجومەنیە پڕۆسەی سیاسی و یاساکان دیموکراسی تر دەکات .لە نموونەی ئەم جۆرە دوو ئەنجومەنیە,بەریتانیا (ئەنجومەنی میلەت و ئەنجومەنی لۆردەکان).

ویلایەتە یەگرتوەکان (ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران) لەعێراقیش ئەنجومەنی نیشتیمانی جوت ئەنجومەنە  یەکەمیان ئەنجومەنی نوێنەران دووەمیان ئەنجومەنی ئیتیحادی. بەڵام بەداخەوە تائێستا کار بەئەنجومەنی ئیتیحادی نەکراوە.

سەرەڕای گۆڕانی فۆرم و ناوەکان و شێوازی پێکهێنانیان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جەوهەری کارکردن و دەست بەکار بونیان هەمان جۆرە. دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)ڕاستەوخۆ بە دەنگی میلەت دەست بەکار دەبن و ئەرکیان بریتیە لە دروست کردنی یاسا و بڕیار بۆ ڕێکخستن و بەڕێوە بردنی کۆمەڵگا، وسەرجەم پرسە چارەنوس سازەکان و بڕیاری شەڕ و ئاشتی و بودجە و مووچە و باج لێرەوە بڕیاری لێ دەردرێ و سەرجەم ئاستەکان تر بە پێی دەستور دەبێ پابەندی ئەو بڕیار و یاسایانەی پەرلەمان بن.

دووەم:دەسەڵاتی جێ بەجێ کار یان جێ بەجێ کردن(السلطة التنفذیه).

ئەمە دەووەم ئاستی دەسەڵاتەکانە کە ئەرکی بریتیە لە جێ بەجێ کردنی سەرجەم ئەو بڕیارانەی کە لە پەرلەمانەوە دەردەچن، بە حوکمی ئەوەی کە پەرلەمان مەرجەعی باڵای حکومەتە لە سیستەمی دیموکراسیدا. لە کاتی بوونی گەندەڵی لە لایەن لایەنی جێ بە جێ کارەوە مافی دەسەڵاتی یاسادانانە لایەنی جێ بەجێ کار سزا بدات، لەم دوایەش بینیمان پەرلەمانی عێراق سزای وەزیرەی دەرەوەی عێراقیان دا لەسەر دۆسیەی گەندەڵی،دەسەڵاتی جێ بەجێ کار بریتین لە سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان و بەرێوبەرایەتیە گشتیەکان.

سێهەم: دەسەڵاتی دادوەری (السلطة القضائیه)
ئەمانەش بریتین لە دادوەر و پارێزەرەکان کە ئەرکیان چارەسەرکردنی کێشەی نێوان خەڵک و خەڵکە و چارەسەری کێشەی خەڵک و دام و دەزگاکانه و بەدی هێنانی دادپەروەری و سەروەری یاسا و گەیاندنی تاونبارە بە سزا.
د.نادیە سالح 

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP