24/09/2017
ئيشراق
606 جار بینراوە

وەڵامێک بۆ ترەمپی تیرۆریست پەروەر

وتارەکەی دوناڵد ترەمپ لە دانیشتنی کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تایبەت ئەو بەشەی کە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبوو، کاردانەوەی توندی خەڵک و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێکەوتەوە. محەممەد جەواد زەریف وەک گەورە دیپلۆماتکار و وەزیری دەرەوەی ئێران وتەکانی ترەمپی بە بێ بنەما ناو برد کە شیاوی وەڵامدانەوە نییە. هاوکات سکرتێری کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وتارەکەی ترەمپی بە نووسراوی قوتابخانەی نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی ناو برد و دەیان کاردانەوەی دیکە کە لە هەواڵ و ڕاپۆرتی میدیا ئێرانییەکان بە ڕوونی هاتووە.
کێ تیرۆریستە و کێ تیرۆری لە داوێنی خۆیدا پەروەردە کردووە. خوێندنەوەیەکی سادە و ساکار لەم ساڵانەی ڕابردوو و بە تایبەت لەم چەند مانگەی دەسەڵاتی ترەمپ پیشان دەدات کە ئەمریکا چۆن پەرەی بە تیرۆر و پێشێلکردنی سەروەری دەسەڵاتی یاسایی وڵاتان داوە. سەرەتا لە عێراقەوە دەست پێ دەکەین، ترەمپ لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئەمریکا بە ڕاشکاوانە ئیدارەی ئۆبامای بە هۆکاری سەرهەڵدانی داعش ناو دەبرد، بەڵام دەسەڵاتەکەی خۆیشی بە هەمان شێوە یارمەتیدەری گرووپە تەکفیرییەکان بووە. ئەمریکییەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی گرووپی تیرۆریستی داعشەوە بەردەوام ڕایاندەگەیاند کە لەناوبردنی ئەم تیرۆریستانە زیاتر لە دە ساڵ ماوەی دەوێت بەڵام عێراقییەکان ئەوەیان سەلماند کە تواناکانی هێزە چەکدارەکانیان بە پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و سوپا و پۆلیسی فیدراڵییەوە زیاتر لە خەمڵاندنەکانی ئەمریکایە و داعش لە ماوەی سێ ساڵدا خەریکە بە تەواوی بەرەو زبڵدانی میژوو دەڕوات.
ئەمریکا لە سوریا ڕووبەڕووی دەسەڵاتی سیاسی یاسایی و دەستووری ئەم وڵاتە بووەتەوە و خۆی وەک دۆست و لایەنگری ئەم پێکهاتە و ئەو پێکهاتە ناو دەبات و بە بیانووی پاڵپشتی لەوان لە شەڕی دژ بە داعش و تیرۆریستانی دیکە ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتەی تێکداوە و بێ گومان درەنگ یان زوو ئەو ڕاستییە بۆ سورییەکانیش ڕوون دەبێتەوە کە واشنتن دۆستی مسۆگەربوونی بەرژەوندییەکانی خۆیە نەک پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە.
ئیدارەی ئەمریکا بە پاڵپشتی لە ڕژێمی سەعوودیا لە تاوانەکانی دژ بە گەلی یەمەن ئەوەی سەلماندووە کە درووشمی پاڵپشتی لە دیمۆکراسی لای ئەم وڵاتە فشەیە و واشنتن تەنیا لە پێناو بەدیهاتنی ئامانجەکانی، ئەم پرسەی بەکار هێناوە نەک لە ڕاستیدا ئەوە بێت کە دیمۆکراسی و مافی خەڵک بە لایەوە گرنگ بێت. ڕژێمی سەعوودیا لە یەمەن بە پاڵپشتی ئەمریکا بەردەوامە لە کوشتن و برینداربوون و ئاوارەکردنی خەڵک و ناوەندەکانی مافی مرۆڤیش دەمی خۆیان لە ئاست ئەم تاوانانە داخستووە.
هەروەها پاڵپشتی بەردەوامی ئەمریکا لە ڕژێمی زایۆنیستی گەورەترین بەڵگەیە لە سەر ئەو وڵاتە کە کێ تیرۆریستە و کێ تیرۆریستانی پەروەردە کردووە. ئیسرائیل بە گەورەترین تیرۆری دەوڵەتی دادەنرێت و لە جیهاندا بە ڕژێمی منداڵکوژ ناسراوە کە بە سەدان تاوانی جۆربەجۆری لە دژی خەڵکی بێ تاوانی فەڵەستین لە کارنامەی خۆیدا تۆمار کردووە.
کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای شەری داعشەوە لە دوو وڵاتی عێراق و سوریا بە کردەوە هاوکار و پاڵپشتی ئەم دوو وڵاتە بووە و بە بۆچوونی بەرپرسانی فەرمیش گەر یارمەتییەکانی تاران نەدەبوو، ڕەنگە بەغدا و دیمەشق ئێستا دۆخیکی دیکەیان پێوە دەبینرا. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە سەردەمی سەدامی دیکتاتۆریش کە بە هاوکاری و پاڵپشتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و کۆمپانیاکانی ئەم وڵاتانە، ئەو ڕژێمە بۆردومانی کیمیاوی و دەیان کارەساتی دیکەی لە ناوچە کوردنشینەکانی عێراق خوڵقاند هەر کۆماری ئیسلامی ئێران بوو کە بە ئەرکە مرۆڤییەکانییەوە هەستا و لە پەرەسەندنی قوربانییەکانی ئەو کارەساتانە ڕێگریی کرد.
لە میانمار لە لایەن کەسێکەوە کە بەداخەوە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی پێ دراوە کۆمەڵ کۆمەڵ خەڵکی موسڵمان لە ناوچەی ڕوهینگا بە شێوازێکی دڕندانە دەکوژرێن و خانووەکانیان دەسووتێندرێت. ئەمانە نموونەیەکی زۆر بچووکە لە بە ئاسانی دەسەڵاتی زاڵم و خوێنمژی ئەمریکامان زیاتر پێ دەناسێنێت.
وتەکانی ترەمپ ئەگەرچی لای دەسەڵاتدارانی ئێران بە زووترین کات بێ نرخ و بەها پێناسە کرا بەڵام ساڵانێکە گەلی خۆڕاگر و یەکگرتووی ئێران ئەویان سەلماندووە کە لە بەرامبەر زێدەخوازییەکانی کۆشکی سپیدا وەستاونەتەوە و سەرەڕای دەیان پیلان و گەمارۆ و هەڕەشە، وڵاتەکەیان بەردەوامە لە پێشکەوتنی جۆربەجۆر و لە سەر ئەو نەخشە ڕێگایەی کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دیاریی کردووە، بەردەوام دەبن تا بە لوتکەی ئامانجەکان دەگەن. 
جام کوردی 

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP