25/11/2017
ئيشراق
526 جار بینراوە

وەڵامێک بۆ کۆمکاری عەرەبی، کێ تیرۆریستە؟

کۆمکاری عەرەبی لە دوایین دانیشتنی نائاسایی خۆی لە ژێر کاریگەری سیاسەتەکانی سەعوودیا بە تایبەت محەممەد بن سەلمان، ئێران و حیزبووڵای لۆبنانی بە تیرۆریست ناو بردووە، هەنگاوێک کە لە چوارچێوەی پلان و ستراتیژی نوێی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دژ بە تاران ئەڵبەت بە پارە و دۆلارە نەوتییەکانی دەسەڵاتی پاشایەتی سەعوودیا لە ناوچەکە جێبەجێ دەکرێت.
ئەوەی کە کێ تیرۆریستە و پاڵپشتی تیرۆریستان دەکات بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە، ئەڵبەت بۆ ئەوانەی کە خاوەن بیر و هزری خۆیانن و ناکەونە ژێر کاریگەری سیاسەتی توندڕۆیی و شوێنکەوتوو و گوێڕایەڵی ئەم و ئەو نین. هەندێک کەس و لایەن بە هۆی شکست و دۆڕانە سیاسییەکانەوە ڕەنگە بەردەوام پاڵپشتی ڕیاز و سیاسەتە توندڕۆکەی بن.
وڵاتی سەعوودیا و مەکتەبی وەهابیزم بە وەبەرهێنانی بیر و هزری توندرۆیی و هەناردەکردنی تیرۆریستان ناسراوە. لە ڕووداوەکەی ١١ی سپتمبێری ساڵی ٢٠٠١ی ئەمریکا زۆربەی ئەو تیرۆریستانە بە ڕەگەز خەڵکی سەعوودیا بوون، گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچەکەش وەک قاعیدە و داعش و بەرەی نوسرە خاوەن ژمارەیەکی هەرە زۆر ئەندامی سەعوودین، لە هەمووش گرنگتر بەدەر لە پاڵپشتییەکانی حکومەتی ڕیاز لە گرووپە تیرۆریستییەکان، لە ناوخۆی ئەو وڵاتەش بەردەوام لە ڕووی داراییەوە پاڵپشتی تیرۆریستان دەکرێت، جیهان بەمەش دەزانێت بەڵام بەرژەوەندیخوازی زلهێزەکان لەوانەش ئەمریکا وایکردووە هەنگاوی پێویست دژ بە دەسەڵاتدارانی سەعوودیا هەڵنەگیرێت.
ئەمانەش هاوکاتە لە گەڵ تیرۆری دەوڵەتی سەعوودیا لە هێرش کردنە سەر یەمەن و پڕچەککردنی نەیارانی بەشار ئەسەد لە سوریا و دەیان نموونەی دیکە.
لە بەرامبەر ئەم ڕەوتە تەکفیری - تیرۆریستییە، کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاستەوخۆ لە بەرەی شەڕی دژ بە تیرۆریستان بووە، لە سوریا و عێراق هاوکارییەکانی تاران بۆ حکومەتەکانی ئەم دوو وڵاتە بووە هۆی ئەوەی کە لە ئاکامدا گرووپی تیرۆریستی داعش دوایین قەڵاکانی بەرگری خۆی لە دەست بدات و مەترسیدارترین گرووپی تیرۆریستی جیهان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بەرەو زبڵدانی مێژوو بڕوات، هەرچەندە هێزەکانی دیکەش لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا ڕۆڵیان هەبووە بەڵام ئێران پلانداڕێژی سەرەکی دژایەتی تیرۆر و گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ عێراق و سوریا بووە.
ئەمانە چەندین ئاماژەی هەرە ڕوون و سادەیە لە بەرامبەر بەیاننامە بێ نرخ و بەهاکەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دژ بە ئێران. وڵاتانێک کە دژ بە ئامانجی گەلی فەڵەستین بەرەو ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی هەنگاو دەنێن.

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP