22/07/2018
ئيشراق
509 جار بینراوە

ئەمریکا و پیلانی نوێی خوڵقاندنی قەیران لە عێراق

بە شکستی پرۆژەی باری نائاسایی ئەمریکییەکان لە عێراق و پێکهێنانی کابینەیەکی کاتی و لە ئاکامدا گۆڕانکاری لە دەستووری عێراق لە دژی گرووپەکانی بەرەی خۆڕاگری، قەیرانێکی نوێ لە عێراق هاتە پێشەوە. ئەم قەیرانە کە هاوکات بوو لە گەڵ داواکاری ڕەوای دانیشتووانی باشوری عێراق بە مەبەستی هەبوونی خزمەتگوزارییەکی باشتر و کەڵک وەرگرتن لە پارەی پترۆدۆلار بۆ ئاوەدانی زیاتر، بەشێکی بەرچاوی پارێزگاکانی بەسرە، نەجەف، میسان و بەغدای گرتەوە و مەترسی پەلکێشکردنی بۆ ناوچەکانی دیکەشی لێکەوتەوە.
داواکاری کۆمەڵانی خەڵکی عێراق وەک چۆن کە ئاماژە درا، بە مەبەستی چارەسەربوونی کێشەکانی کارەبا، ئاو و ئاوەڕۆی بەسرە دەستیپێکرد کە لەم وەرزەی گەرمادا لە دۆخێکی نالەباردا ژیان بە سەر دەبەن. دۆخێکی لەم شێوەیە پێشتر لە ناوچە سنورییەکانی عێراق و لە پارێزگای خوزستانی ئێران ڕووی دا و دانیشتووانی خوزستان بە هۆی کەمی ئاو خۆپێشاندانیان ساز کرد.
خاڵی هاوبەشی ئەم دوو خۆپێشاندانە، دەستێوەردانی میدیایی بێگانە و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی بوو. لەم نێوەندەدا لە ئێران هەواڵی تایبەت بە گواستنەوەی ئاوی خواردنەوەی ئابادان بۆ بەسرە بڵاو کرایەوە و بە هەمان شێوە لە بەسرەش هەواڵی گواستنەوەی ئاوی عێراق بۆ ئێران بڵاو کرایەوە و کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا. ئەم دوو هەواڵە پیلانێکی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی بووە بە مەبەستی ئاژاوەگێڕی لە ناوچە سنورییەکانی ئێران و عێراق کە هەوڵێکی میدیایی پەرەی بەم پیلانە دەدا.
ئاڵۆزییەکانی عێراق بوو بە هۆی ئەوەی کە گەشتە ئاسمانییەکانی نەجەف ڕابگیرێن و لەم شارە مەزهەبییەدا باری نائاسایی ڕابگەێندرێت. موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر داوای لە خۆپێشاندەران کرد داوای مافەکانی خۆیان بکەن بەڵام زیان بە موڵک و ماڵی گشتی نەگەێنن. ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەقیش لە کاردانەوەی بەرامبەر بەم خۆپێشاندانانە، داوای بەپەلە چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی کرد.
هاوکات مەرجەعیەتی باڵاش داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکی عێراقی کرد. لایەنە سیاسییەکانیش بە هەمان شێوە داوای مسۆگەربوونی ماف و داواکاری ڕەوای خەڵکیان کرد تا پێش کۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێ چەشنێک لە یەکڕیزی سیاسی لەم وڵاتەدا ببینرێت. ئەوەی کە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا دەبینرێت ئەوەیە کە لایەنە سیاسییەکان لە ڕێگای پێکهێنانی حکومەت و کابینەی یەکڕیزی نیشتمانی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک دەدەن، ئەمەش لە کاتێکدا کە ئەمریکا وەک لایەنی بەرامبەری خەڵکی عێراق هەوڵی بەردەوامی قەیرانی سیاسی و چالاککردنی شانە نوستووەکانی حیزبی بەعس و گواستنەوەی تیرۆریستان بۆ ناوچە جیاجیاکانی عێراق دەدات. ئەگەر ئەمریکا لەم هەنگاوەی بۆ بەردەوامی قەیرانی سیاسی عێراق سەرکەوتوو بێت بەغدا ڕووبەڕووی کێشەیەکی جیدی لە بەرامبەر تیرۆریستان دەبێتەوە، بابەتێک کە دەتوانێت یارمەتیدەری ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە عێراق بێت و پیلانی ئەمریکا بۆ پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئێستا و پاش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان جێبەجێ بکرێت.
لە ڕاستیدا ئەمریکییەکان هەوڵ دەدەن دۆخی ئاڵۆزی عێراق لە بەرژەوەندی خۆیاندا بە کار بێنن و حکومەتی عێراق ڕووبەڕووی کێشەیەکی جیدی ئەمنی بکەنەوە. بە ئاڵۆزبوونی ڕەوشی ناوخۆیی عێراق، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە زیاتر دەبێت و دەتوانێت بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و جێگیربوونی دیمۆکراسی بۆ ساڵانێکی دیکە لە عێراق بمێنێتەوە. ئەم بابەتە بۆ گواستنەوەی تیرۆریستانی سوریا بۆ عێراق و جێگیربوونیان لە ناوچە سنورییەکانی ئەم وڵاتە لە گەڵ ئێران جێی گرنگی دەبێت.
پێدەچێت قەیرانی عێراق تا پێکهێنانی کابینەی نوێ بەردەوام بێت و چارەسەربوونی ئەمەش پێویستی بە پێکهێنانی خێرای کابینەی یەکڕیزی نیشتمانییە. تا ئەو ڕۆژە پێویستە چاوەڕوان بین و بزانین پیلان و سیناریۆی ئەمریکا بۆ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە عێراق تا کوێ و بە چ شێوازێک درێژەی دەبێت.

س/جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP