11/02/2018
ئيشراق
599 جار بینراوە

یەکێتی ئەورووپا هێزێکی ئابوری و لاواز لە بواری سیاسی

یەکێتی ئەورووپا لەم شەست ساڵەی تەمەنی، سەرەڕای ئەوەی کە وەک هێزێکی گەورەی ئابوری خۆیی بە جیهان ناساندووە بەڵام لە بواری سیاسی لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە پێگەیەکی شیاو مسۆگەر بکات.
سەرەتای مانگی خاکەلێوە سەرکردەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا لە ئیتالیا کۆبوونەوە تا وێڕای بەرزڕاگرتنی شەستەمین ساڵۆگەڕی پێکهێنانی ئەم یەکێتییە، گرنگترین بابەتەکانی هاوپەیوەند تاوتوێ بکەن. لە ئێستادا گرنگترین کێشەی یەکێتی ئەورووپا، هەڕەشەیە لە سەر بەردەوامی و درووشمی پێکەوەبوونی. لە ئێستادا بەریتانیا ئەستوونەکانی یەکێتی ئەورووپای لەرزاندووە. سێ ڕۆژ پاش بەڕێوەچوونی ڕێ و ڕەسمی لەدایکبوونی یەکێتی ئەورووپا، یەکێک لە ئەندامەکانی واتە بەریتانیا نامەی جیابوونەوەی ڕادەستی بڕیاربەدەستانی برۆکسێل کرد.
هەر لە سەرەتاوە یەکەمایەتی یەکێتی ئەورووپا نزیکبوونەوەی ئابوری وڵاتانی ئەندام و پاشان بەرفراوانتربوونی هاوکارییەکان بۆ بواری سیاسی بووە. بەم هۆیەشەوە ئەو وڵاتانە هاوکاری و کاری هاوبەشی ئابورییان وەک پلانێکی سەرەکی هەڵبژارد و لە پۆڵا و خەڵوزەبەردینەوە دەستیان بەم ڕەوتە کرد.
ڕێ و ڕەسمی شەستەمین ساڵۆگەڕی ڕێکەوتنی ڕۆما هەر لەو شوێنەدا بەڕێوەچوو کە سەرکردەکانی شەش وڵاتی ئەڵمانیا، فەرانسە، ئیتالیا، بەلژیکا، هۆڵەندا و لۆگزامبۆرگ لە بەرواری ٢٥ی مارسی ساڵی ١٩٥٧ ڕێکەوتنێکیان بە واژۆ گەیاند کە دەیان ساڵ پاش ئەمە بوو بە هەوێنی پێکهێنانی یەکێتی ئەورووپا. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە سەرکردە و نوێنەرانی ٢٧ وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا بە بێ بەریتانیا بەشدارییان لەم ڕێ و ڕەسمەدا کرد.
لە ڕاستیدا ئەم ٦ وڵاتە لە یەکەم هەنگاودا کۆمەڵەی ئەورووپی پۆڵا و خەڵوزەبەردینەیان پێکهێنا. ئەم دامەزراوەیە لە ساڵی ١٩٥٢ بە مەبەستی بوژانەوەی کەرتی ئابوری داڕماوی ئەورووپای پاش شەڕی جیهانی دووەم، هەوڵی وەهایان دا و پلانی پێویستیان داڕشت.
پاش واژۆکردنی ڕێکەوتنی ڕۆمای ساڵی ١٩٥٨ ڕەوتی هاوکارییەکان بۆ بوارەکانی دیکە بەرفراوانتر کرا و بە خێراییەکی زۆر بوارەکانی وەک کەرتی گواستنەوە، کشتووکاڵ و ژینگەی گرتەوە تا ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٩٣ بە پیکهێنانی یەکێتی ئەورووپا، گرتنەبەری سیاسەتێکی هاوبەشیش بوو بە ئامانج و ستراتیژی ئەم دامەزراوەیە. لە ساڵی ١٩٩٣ ڕێکەوتننامەی ماستریخت چوارچێوەی یاسایی ئێستای یەکێتی ئەورووپای بنیات نا و لەوەش بە دوا ١٦ وڵاتی دیکە لەم دامەزراوەیەدا بوون بە ئەندام. وڵاتانی ئەورووپی لە ساڵی ١٩٩٩ دراوی یەکگرتووی خۆیان بە ناوی یۆرۆ بە جیهان ناساند و تا ئێستا لە ١٩ وڵات بووەتە دراوی جێگرەوەی دراوی نیشتمانی ئەو وڵاتانە.
کرۆواتیا دوایین وڵات بوو کە نزیک لە ٤ ساڵی ڕابردوو بوو بە ئەندامی یەکێتی ئەورووپا و ژمارەی وڵاتانی ئەندامی گەیاندە ٢٨ ئەندام، بەڵام لەو کاتەوە ڕەوتی بەئەندامبوونەکان دابەزی و لە ئاکامدا ڕاوەستا. سەردەمی ئاڵتوونی یەکێتی ئەووروپا بە کۆتایی گەیشت و بەرە بەرە مۆسیقای جیابوونەوە لەم یەکێتییە لێدرا.
لوتکەی ئەم کێشەیەکش لە ساڵی ٢٠١٦ بوو، لە مانگی ژوئەنی ساڵی ڕابردوو دانیشتووانی بەریتانیا لە گشتپرسییەکدا دەنگیان بە جیابوونەوە لە یەکێتی ئەورووپا دا. لە چەند ڕۆژی ڕابردووش ڕەوتی یاسایی جیابوونەوەکە دەستیپێکردووە، بڕیارە تا دوو ساڵی داهاتوو ئەم جیابوونەوە ببێتە فەرمی.
ئەورووپا دووەم هێزی ئابوری جیهان:
یەکێتی ئەورووپا لە ئێستادا بە ڕووبەرێکی زیاتر لە چوار ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشە و حەشیمەتێکی زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن کەسی دەبینرێت. لە ساڵی ٢٠١٦ ئەم یەکێتییە لە ڕووی ئابورییەوە لە پاش وڵاتی چین بوو بە دووەم هێزی جیهان. لە ڕاستیدا چین و یەکێتی ئەورووپا لە سەدا زیاتر لە ٣٣ وەبەرهێنانی جیهانیان هەبووە.
یەکێتی ئەورووپا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی ئابوری خێراتر بنێت و ببێتە دووەم هێزی ئابوری جیهان. لە چەند ساڵی ڕابردوو وڵاتانی ئەم یەکێتییە وەک یۆنان، پۆرتۆغال و .... بە شێوازی جۆربەجۆر تووشی قەیرانی ئابوری بوون و تەنانەت گەیشتنە سنوری مایەپووچی، بەڵام هاوکاری وڵاتانی گەورەی یەکێتی ئەووروپا بە تایبەت ئەڵمانیا بە چەشنێک قەیرانی ئابوری ئەم وڵاتانەی چارەسەر کردووە.
ئامارە فەرمییەکانی یەکێتی ئەورووپا ئاماژە بەوە دەدەن کە گەشەی ئابوری ناوچەی یۆرۆ لە وەرزی زستان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە لە سەدا ١.٨ و بە ڕای شارەزایان و شرۆڤەکارانی ئابوری لە ئەورووپا، بەردەوامی گەشەی ئابوری کاریگەری ئەرێنیی لە سەر کەرتی ئابوری و بازاڕی کاری ئەم وڵاتانە هەبووە و بەم هۆیەشەوە ئەوان بە هیواوە لە ئاسۆ و داهاتووی خۆیان دەڕوانن.
داهاتووی یەکێتی ئەورووپا:
یەکێتی ئەورووپا لە دەیەی ١٩٩٠ تا ئێستا بە سەرکەوتوویی لە بواری ئابوری هەنگاوی ناوە و گەشەی بەرچاوی مسۆگەر کردووە. ئەگەرچی دانیشتووانی یەکێتی ئەورووپا لە ماوەی شەست ساڵ تەمەنی ئەم یەکێتییە گەیشتوونەتە ئاستێکی قبووڵکراوی ژیان و گوزەرانی خۆیان بەڵام لە بوارەکانی دیکە، ئەم یەکێتییە ئەو سەرکەوتنانەی نەبووە. بە تێڕوانینی شرۆڤەکاران لە بوارەکانی سیاسی و ئەمنی یەکێتی ئەورووپا تووشی کێشە و گرفت بووەتەوە.
گەورەترین کێشەی بەردەم یەکێتی ئەورووپا لە ئێستادا جیابوونەوەی بەریتانیایە و بە بۆچوونی بەشێکی زۆری شارەزایان برێگزیت زەنگی مەترسیی بۆ هەڵوەشانەوەی یەکێتی ئەورووپا لێداوە، لە بەر ئەوەی کە ژمارەیەکی دیکە لە وڵاتانی ئەندام بیریان لەوە کردووەتەوە کە درێژەپێدەری ڕێگاکەی خەڵکی بەریتانیا بن و بە جیابوونەوە لەم یەکێتییە، سیاسەتێکی سەربەخۆیانە پەیرەو بکەن.
پێدەچێت یۆنان بە هۆی ئەو قەیرانە ئابورییەی کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تووشی بووە یەکێک لە کاندیدەکانی جیابوونەوە لە یەکێتی ئەورووپا بێت، ئامارەکان پیشان دەدەن کە دانیشتووانی ئەم وڵاتە داوای چاکسازی ئابوری و جیابوونەوە لەم دامەزراوەیە دەکەن.
هەروەها پێش بینی دەکرێت کە بەهێزتربوونی ژمارەیەک لە پارتە ڕاستەکانی وڵاتانی ئەورووپی وەک هاندەرێک بۆ ڕەوتی جیابوونەوەکان دابنرێت.
خاڵی دیکە سەبارەت بە کێشەکانی یەکێتی ئەورووپا، پرسی ئاسایش و سەقامگیری ناوخۆیی وڵاتانی ئەندامە. نزیک لە بیست ساڵ بە سەر ڕۆڵی یەکگرتووی یەکێتی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەوە تێپەڕ دەبێت. لە میانەی ساڵانی دەیەی ١٩٩٠ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا وەک پۆستێکی گرنگ دیاریکرا کە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لە ئەستۆ بووە. بە هۆی پێگە و قورسایی یەکێتی ئەورووپا لە سەر ئاستی جیهان، چاوەڕوان دەکرا کە لە بواری سیاسیش بە هەمان هێزەوە دەرکەوێت، بەڵام چاوەڕوانییەکان دەرەنجامی پێچەوانەیان هەبووە.
بەشێک لە شرۆڤەکاران ئەم لاوازییە بۆ نەبوونی هێزێکی کاریگەری سەربازی دەگەڕێننەوە، ئەم وڵاتانە لە بواری سەربازی بە شێوازێک پاشکۆی ئەمریکان و بەم هۆیەشەوە ناتوانن بە شێوازێکی سەربەخۆ و کاریگەر، بوونی خۆیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایش یان لە چارەسەرکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان بسەلمێنن.
شرۆڤەکاران داهاتووی یەکێتی ئەورووپا بە کۆمەڵە کێشە و قەیرانێکی ئابوری و کۆمەڵایەتیش دەبینن. گەشەی ڕەوتە نەتەوە پەرستییەکان و قەیرانی پەنابەران لە گرنگترینی ئەو کێشانەن کە وڵاتانی ئەم کیشوەرە ڕووبەڕووی دەبنەوە. لە لایەکی دیکەوە دابەزینی ژمارەی هێزی کاری چالاک هاوکات لە گەڵ کەمبوونەوەی ڕێژەی گەشەی ئابوری کە بەشێکی بۆ جیابوونەوەی بەریتانیا دەگەڕێتەوە، لە ڕیزی کێشەکانی یەکێتی ئەورووپا دەبینرێت.
سەبارەت بە بواری ئەمنیش قەیرانی گەڕانەوەی ئەندامانی گرووپە تیرۆریستییەکان لە سوریا و کێشە و گرفتەکانی هاوپەیوەند بە ڕووسیا لە ساڵانی داهاتوو هەڕەشەیەک لە سەر وڵاتانی ئەورووپی دەبێت. لە ڕاستیدا هەر یەک لەم خاڵانە وەک هەڕەشەیەک لە سەر یەکگرتوویی و مانەوەی یەکێتی ئەورووپا دەبینرێن. س/ جام کوردی

نوێترین نوسینەکان

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP