زۆر ئاساییە
لەم عەجیبستانەدا زۆر ئاساییە
ـ دكتۆر بیت
ـ سكت بیەشێ
ـ بڵێی ناوكم كەوتووە.
***
ـ لە دەمی ماڵ و منداڵی خۆتی بگریتەوە
ـ بیدەی بە ئەنواع و ئەشكاڵ كتێب
ـ هیچیان نەخوێنیتەوە.
***
ـ شەش مانگ خەریكی دڵداری بیت لە فەیسبوك
ـ لەگەڵ ئافرتێكی نەدیو و نەناسدا
ـ دوایی دەرچێت مێردی پوورە حەلاوتە.
***
ـ خانەنشینی یەكێتی بیت
ـ هەڵسوڕاوی گۆڕانیش
ـ كاندیدی پارتیش بیت بۆ وەزیری.
***
ـ باسی كوردایەتی بكات
ـ لەبەرچاوی تۆ
ـ پێكەوە مەفرەزە خاسە بووبن.
***
ـ عالەمەكە بۆ دینارێ بچێ بە عاسمانا
ـ تۆ چواردە دەفتەر لە ناوگەڵتا بێ
ـ كەس دەستی بۆ نەبات.
***
ـ لە ناخافڵدا بانگت بكات بۆ كۆبوونەوە
ـ بڵێ پێویستە دەموچاوێكی تازە بێنینە شوێنەكەت
ـ خۆی لە زەمانی زەعیم سدیقەوە مەسئول بێ.
***
ـ كابرای بەغا بڵێ پارەكەمان ناردووە
ـ ئەوەی هەولێر بڵێ یەك فلسمان بۆ نەهاتووە
ـ هەردووكیان پارتی بن.
***
ـ ماڵەكەی تەنیشتت بكرێ بە كافتریا
ـ ئەوەی بەرامبەرت غەسلی سەیارە
ـ خۆت كاربەدەستی بەلەدێ بیت.
***
ـ ماركسی بووبیت
ـ دوایی بچیتە بازاڕی ئازادەوە
ـ ئێستاش بە تەزبیحێكی ئەبڵەقەوە بچیت بۆ سوڵحی عەشایەری.