17/04/2019
فاروق غەفور
470 جار بینراوە

حکومەتی قسە و سەیارەی کارەبایی

ئەو دەسەڵاتەی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات و ناوی حکومەتی لێنراوە، رابردوی دەسەڵاتەکەی سەلماندویەتی ھێندەی دروشم و قسە باقوبریقەکانی، ئەزمونی بێ دیراسەو شکتستخواردوشی ھەیە. ئەم دەسەڵاتە لای زشت نیە بەڵێن بدات و جێبەجێی نەکات، بە شەرمەزاریی نازانێت مژدەی ئابوری سەربەخۆو خۆشگوزەرانی بدات و دەرەنجام فەرمانبەرانیش بێموچە بکات، ئەم بەناو حکومەتە چونکە حکومەتی دامەزراوەیی و پلان و ستراتیژ نیەو میزاج و بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیی بەڕێوەی دەبات، ھەر رۆژەو مەھزەلەیەکی دەبینین.

سەرۆکی ئەم دەسەڵاتە کە تەنھا پێوەرو ئیمکانیاتی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە باڵایەی کە نزیکەی بیست ساڵە قۆرخی کردوە. ئەندام بونیەتی لە بنەماڵەی بارزانیدا، دوای ئەو ھەمو فەشەلەی دێت  داوا لە ھاوڵاتیان دەکات سەیارەی کارەبایی بەکار بێنن، بێ خەبەر لەوەی ھەنگاوێکی لەوجۆرە ئامادەکاریی و کات و بەرنامەی دیراسەکراوی گەرەکە، نەک قسەی بێکردار.

بەکارھێنانی سەیارەی کارەبایی بیرۆکەی نەوەی نوێ یە و لەکاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و لەچوارچێوەی پلانە ستراتیژەکەی کوردستان ٢٠٣٣ دا خستیەڕو.

نەوەی نوێ پلانەکەی تەنھا بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن و چەواشەو گەوجاندن نەبو. بەڵکو لە سۆنگەی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی و دەستنیشان کردن و چارەسەری کێشەکان بو، بۆیە دوای دیراسەکردن و بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان چارەسەرەکانی دەستنیشانکردوە.

نەوەی نوێ لەپلانە ستراتیژیەکەیدا بەکارھێنانی سەیارەی کارەبایی لە پلانی یەک ساڵیدا دانەناوە بەڵکو لە پانزە ساڵیدا دایناوە چونکە بەئەنجامگەیاندنی ھەنگاوێکی لەو جۆرە ئامادەکاریی و زەمینەسازیی دەوێت، وەک دەرکردنی بڕیارو رێنمایی بۆ ھاوردەکردن و کەمکردنەوەی باج و گومرگ کە ھاندەر بن تا ھاوڵاتیان پەناببەنە بەر بەکارھێنانی ئوتومبیلی لەو جۆرە، بەر لەھەمو ئەوانەش پێویستە دۆخی کارەبای ھەرێم چاکبکرێت و ویستگەکانی شەحنکردنی ئوتوبیلی کارەبایی لە شارو شارۆچکەو رێگا دەرەکیەکاندا فەراھەم بکرێت.

واتە ھەنگاوێکی لەو جۆرە پلانی دەوێت و ھەر وا بەقسەو لێدوانی رۆژنامەوانی نابێت وەک سەرۆکی دەسەڵاتە ماوە بەسەرچوو کاربەڕێکەرەکەی ھەرێمی کوردستان لێیحاڵی بوە.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP