13/04/2019
فاروق غەفور
417 جار بینراوە

ھەڵوەستەیەکی کورت و دوو لێدوانی بەڕێوەبەری ئاسایش

لەماوەی زیاترلە بیست و ھەشت ساڵی حکومڕانی کوردیدا ھێندەی دوو لێدوانی ئەم دواییەی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی کە نێوانیان چەند رۆژێکە،‌ شایستەی ھەڵوەستە نین دەربارەی کرمێ بوون و داڕزینی ئەم حوکمڕانیەی لەسایەیدا دەژین.

بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی لەلێدوانی یەکەمیدا ئاماژەی بەوەدا چالاکی زۆریان ھەیە،‌ بەڵام باسی ناکەن چونکە خەڵک بەسیناریۆ لێکیدەدەنەوە، ئەمە ئەو حەقیقەتەیە کە بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی دانی پێدا دەنێت کە خەڵک وەک دەزگایەک تەماشای نا‌کات کە بۆ خزمەتی ئەوە، بەڵکو دەزگایەکە بۆ خزمەتی مانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەییە لەھەرێمداو،  تا ئێستا ھێندەی وەک دەزگایەکی حزبی لەھەردوو زۆندا کاریان کردوە نیو ھێندە وەک دەزگایەکی نیشتمانی کاریان نەکردووە تا ببنە جێی متمانەی خەڵک. ئەم دانپێدانە ناراستەوخۆیە گلەیی نیە لە خەڵکی کە بەو شێوەیە دەڕواننە دەزگایەک کە رۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە پاراستنی ئاسایشدا، بەڵکو پەیامەکەی ڕوونە بۆ دەسەڵاتداران کە شێوازیحکومڕانیان بووەتە ھۆی لەدەستدانی متمانەی خەڵکی و ئاگادارکردنەوەیان لەمەترسی حاڵەتێکی لەوشێوەیە.

دوای ئەو لێدوانە ھەمان بەرێوەبەر دێت و پێمان دەڵێت، لە ئاسایشی ئەم وڵاتە ‌ ئەمین مەبن و گەر لەدەرەوەی زیندانەکان بۆ رێگریی لە سەرپێچی ھاتوچۆ بتوانرێت ئیجرائات بکرێت تا رادەی زیندانی کردن، ئەوا ھێزێک لەسەر و ئەوانەوە سەرپێچی و تاوانی زۆر گەورە دەکەن و دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانیان بردووەتە نێو زیندانەکان و بازرگانیی مادەی ھۆشبەر دەکەن. بێگومان ئەو دانپێدانەی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی جگە لەبونی  دەسەڵاتێکی مافیایی لەسەرو دەزگا ئەمنی و فەرمییەکان کە ھیچ ئیرادەیەک نیە بۆ رێگریی کردن لێیان لێکدانەوەی دیکە ھەڵناگرێت. کە ئەوەش مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر دەسەڵات و گەرەکیەتی ھوشیاریی لەبارەیەوە بدات.

ئەوەی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی دەیەوێت پێمان بڵێت گەر راستەوخۆش نەبێت دەکرێت لەم دوو خاڵەدا کورتی بکەینەوە:

یەکەم: نارەزایی و بێ متمانەیی خەڵک لەم دەسەڵاتە لە تەقینەوە نزیکە.

دووەم: غرور ھەلپەرستی و سەرکێشیی کەسانێکی دەستڕۆشتووی نێو حزبە دەسەڵاتدارەکان کە تا بازرگانی ‌مادەی ھۆشبەر لەنێو زیندانەکان رۆشتووە، ناڕەزاییی لە ئاستی جەماوەر و ھاوڵاتییانەوە تێپەڕاندووە بۆ ناو دەزگا ھەستیارەکانی پارێزەری دەسەڵات، ئەوەش رەنگە لە کۆتایی سیناریۆ سەرەکیەکە نزیکی کردبینەوە، ئێوەش لای خۆتانەوە تەفسیر بۆ لێدوانەکان بکەن.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP