06/04/2019
فاروق غەفور
393 جار بینراوە

​گه‌وجاندن له‌ سایه‌ی سیستمی پارله‌مانیدا

 سیستمی پارلەمانیی لە ھەرێم چ ئیزافەیەکی دەبێت بۆ باشکردنی گوزەرانی خەڵک لەبوارە جیاکان و چ تەکانێک بەشێوازی حوکمڕانی دەدات لەدەسەڵاتێکی حزبی و بنەماڵەیی خۆسەپێنەوە بەرەو سیستمێکی حوکمڕانیی کە دامەزراوەکانی رێز لێگیراو وسەروەربن و تاکەکانی ئازادی و مافە سیاسیەکانی پارێزراوبن، ھەروەک سیستمی سەرۆکایەتی چ نەھامەتیەکی دیکە باردەکاتە سەر نەھامەتیە کەڵەکەکراوەکانی ٢٨ ساڵی رابردوو چ ناشرینیەکی دیکە دەبەخشێتە سیمای دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی ھەرێمی کوردستانی عێراق کە لەمێژووی دەسەڵاتیدا جگە لە خەروارێک خیانەت و شەڕی یەکدی کوشتن و فەساد و فەشەل، ھیچ ئەزمون یا قۆناغ یا پرۆژەیەکی ستراتیژیی جێی شانازیان نیە.

عەقڵیەتی دەسەڵاتداری کوردیی بڕوای بەسیستم نیە ، چونکە ھەر شێوازێک بێت یاسا ودامەزراوەی رێزلێگیراو و خاوەن سەروەریی تایبەت بەخۆی ھەیە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە بێ نمونەییەی کوردیی، خۆی ناو بۆ دەسەڵاتەکەی دادەتاشێت و ھەر خۆشی ریسوای دەکات،  خۆی دامەزراوە دروست دەکات و رێزی لێناگرێت ، خۆی یاسا دەردەکات و پێشێلی دەکات، خۆی حکومەت دروست دەکات و دەیکاتە سێبەری حزب، خۆی پارلەمان دروست دەکات و شکۆی دەشکێنێت، خۆی دەستەی سەربەخۆ و بێلایەن دروست دەکات و دەیکاتە کۆیلە.

دەسەڵاتی کوردیی و سیستم دوانەیەکن ھێندە دژن خاڵی ھاوبەشیان نیە، سیستم مەرگی عەقڵیەتی دۆگما و خێڵەکی کوردیە بۆیە نامۆ نیە دژی بوەستێتەوە، چاوەڕوان نین  دەسەڵاتی ئێستای بنەماڵەیی کوردیی بەدامەزراوەیی بکرێت. شۆکیش نابین بەدووپاتکردنەوەی ‌وەلاو پێشبڕکێی بەحاشیەبوونی نەیارەکانی دوێنێیان، بەڵام ئەوەی مەھزەلە و مایەی گاڵتەجاڕیە،  دوای نزیکەی سێ دەیە لەئەزمونی شەرمھێن و لێوان لێواو لەفەشەل، بەخەونی گەمژاندن و گەوجاندنی خەڵک مژدەی سیستم بدرێت ،  چ سیستمێکیش، پارلەمانیی ئەویش لەسایەی کەسان وعەقڵیەتێکی باڵادەست کە ئەوەی باوەڕیان پێی نیە سیستمە، ئەمە دروست ئەو کۆمیدیایە کە گەورەترن تراژیدیای میللەتێکە کە ٢٨ ساڵە قەدەر ‌ لەرژێمێکی دیکتاتۆریەوە فڕێی داوەتە ژێر دەسەڵاتێکی خێڵەکیی.

نمونە:

مژدەی سیستمی پارلەمانیی دەدرێت کە نێچیرڤان دەبێتە سەرۆکی ھەرێمەکەی، واز لەوە دێنین بەپێی یاساکە پارلەمان ناتوانێت لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمدا بکات، گریمانە دەکەین بەپێی یاساکە، پارلەمان دەتوانێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکات و لەسەر کاریش لایبدات.  لەم حاڵەتەشدا ھەقمانە بپرسین عەقڵیەتێکی دەسەڵاتدار کەپێشتر  خۆی و کابینەکەی لەپارلەمانەوە متمانەیان وەرگرتبێت و لەکاتێکدا حزبەکەی لەپارلەماندا نەیتوانیبێت زۆرینە دروست بکات، نەک خۆی رێگەی نەدابێت وەزیرەکانی کابینەکەشی بانگھێشتی پارلەمان قبوڵ بکەن و قوفڵی لەدەرگای پارلەمان دابێت، ئێستا کەحزبەکەی بەبێ منەتی ھیچ لایەک زۆرینەیە و دەتوانێت حەسانە لە سەرتەواوی پارلەمانتارەکانی غەیری حزبەکەی ھەڵبگرێت، کام سیستمی بەناو پارلەمانی دەتوانێت لەبەردەم پارلەماندا بەرپرسیاری بکات. بەسە گەوجاندن.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP