16/03/2019
کەمال محەمەد
343 جار بینراوە

وێناکردنی ناسنامە و مانای ھەڵەبجە لە ١٦/٣دا

بێگومان کاریگەرییەکانی ئەو کارەساتە شوێنی خۆی لە قوڵایی مێژووی گەلی کورد و دانیشتوانی ھەڵەبجەدا گرتووە، بۆ تێگەیشتن لەو راستییە پێویستە لە قوڵاییەوە دەرک بە ئێش و ئازارەکانی ئەو شارە بکرێت، لێرەدا مەبەستم زیادکردنی کارەساتەکە نییە لە قەبارەی خۆی بەڵکو ھەڵدانەوەی مێژوی نەتەوەکەمانە کە چەندین جار رووبەڕووی ھێرش و پەلاماری شۆڤێنیست بوەتەوە.

 لە رواڵەتدا ھەڵەبجە دیمەنێکی ھەمەرەنگ پیشان ئەدات، بەڵام ئەمە دیمەنێکی میدیاییە و بە تەواوی ئامانجەکەی پروپاگەندەیە و ئەو شارەی کە بانگەشەی بۆ ئەکرێت لە ڕووی کردارییەوە سەلمێندراوە کە تەنھا لە پێناو پەرەسەندنی ململانێی سیاسییە ناوخۆییەکان ئەم ناوەی لەخۆی بارکردوە! کۆڵەکەی سەرەکی کۆی رەخنەکان لە کاتێکدایە کە ھەلومەرجەکان بۆ رواندنەوەی کێشە و قەیرانەکانی ئەو شارە بە لایەنی ئەرێنیدا تێپەری نەکردوە و نەتوانراوە ناسنامەی ھەڵەبجە وک خۆیان بناسێنن.
ئێستا و دوای ٣١ ساڵ بەسەر ئەو کردارە تراژیدیایەی کەبەسەر ھەڵەبجەدا ھاتووە شارەکە بووە گۆڕەپانێک کە راستییەکانی تێدا بدۆزرێتەوە، راستییەک کە بۆ دانیشتوان و قوربانییەکانی  بووە بە بەشێک لە خەم و ئازار، بۆ دەسەڵاتیش بەرزترین رێژەی قازانج بوە لەم گۆڕەپانەدا کەبەدەست ھاتوە، رەنگە ئەم بەدەستھێنانی قازانجە ھۆکاربێت بۆ خەونی چەندین ھەڵەبجەی دیکە لە مێژوودا کە بونی ھەبوایە!
بە شێوەیەکی بەرجەستەتر ئەم شارە خوازیارە بونی خۆی بپارێزێ، کاتێک ھێشتا لە ئاستی بونێکی سادەدایە لەچاو ئەو ناسنامەیەی کە ھەیەتی، چون بە درێژایی ٢٨ ساڵی دەسەڵاتی کوردی نەیتوانیوە ئەرکی گرەنتیکردنی ھەڵوێستی یەکسانیخواز بەرامبەر تەواوی ھاوڵاتییان و قوربانیانی دەستی ئەو کارەساتە بکات، بۆیە کاتێک لە رۆژگاری ئەمڕۆوە سەیری رابردوویان بکەن، ھەست ئەکەن کە ئەم قۆناغە درێژەخایەنەش قۆناغێکی ھێندە بەسود نەبوە، بۆ ئەوەی دابڕان و دووبارە وابەستەنەبونیان لەو تراژیدیایە ھۆکاربێت بەرەو راستی مانای کردنەوەی لاپەڕەیەکی سپی  بۆ ژیانێکی سەردەمیانە .
پێویستە ھەمووان لەوە دڵنیابن کە دەسەڵات لەرێگەی ناسنامەکەیەوە ھەوڵی پێشخستنی ئەم شارەی نەداوە  بەگوێرەی قورسایی کارەساتەکە، بەڵکو ناسنامەکەی بەکارھێناوە لەخزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆی، لێرەدا ئەگەرئەم رووداوە ھاوشێوەی ھێرۆشیما بەراورد بکرێت، ئەوا کۆتایی بە ژیانێکی مانادار و ناسنامەکەی دێت یاخود لەدەستدانی ماناکەی دێت لەرووی ژیانێکی سەردەمیانەوە بۆ ھەڵەبجەوە بە پێچەوانەی ھێرۆشیماوە، بۆیە ئەگەر تەنھا لەمیانەی ناوھێنان و یادکردنەوە و بەکارھێنانییەوە تەماشای ئەم شارە بکرێت ئەوا ناتوانرێت ماناو بونیادێکی نوێی ژیانی  بھێنێتە دی کە لە خواستی خەڵکی ھەڵەبجەو چارەسەری تەندروستی قوربانییەکانیدا بێت.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP