11/03/2019
کەمال محەمەد
356 جار بینراوە

ئەگەرەکانی بەردەم کابینەی نۆ

رەدا دو ئەگەر ھەیە، ئایا کابینەی داھاتوو توانای چارەسەری کێشەکانی کابینەی ھەشتی ھەیە؟ یان تەنھا پێگەیەکی دیکە دەبێت کە توانای بەدەوامکردنی ھەبێت، بۆیە تێگەیشتنی تەواوی ئەو کێشانە گرنگە کە لە ئاکامی ئابوری و سیاسەتی سەربەخۆوە بەرۆکی کابینەی ھەشتی گرتبوو، کە بەھۆیەوە چوار ساڵی قەیرانی ئابوری و زەحمەتییەکی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان بەدواداھات.

ئێستا کە ئەو پێکھاتە سیاسی و ئابورییەی لە کۆتاییەکانی ئەم کابینەیەدان بەشێوەیەکی چڕ و پەلەپروز دەست بۆ چەندین پرس و بڕیاری گرنگ دەبەن، کە ڕەنگە بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەری و دەرەنجامی بۆ کابینەی داھاتوو ھەبێت، وەک کۆتایی ھێنان بە سیستمی پاشەکەوتی مووچە و ئیمزاکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا جیھانییەکانی نەوت و غاز بە بێ گەڕانەوە بۆ بەغداد کە ھەر خودی ئەمەش بوو کە کێشەکانی نێوان بەغداد و ھەرێمی تا ڕادەی برینی بەشە بودجەی ھەرێمی برد، پرسیار لێرەدایە دەست بردن بۆ ئەم پرسانە لە کۆتا ساتەکانی تەمەنی ئەم کابینەیە نیشاندانی جۆرێکە لە توانای ئەم پێکھاتە بۆ ساغکردنەوەی ھەڵەکانیان یان زیاتر قورسکردنی ئەرکەکانی کابینەی نۆیە بە ھۆی ململانێ نێوخۆییەکانی ئامۆزاکانەوە کە دور نییە تەواوی ئەم ھەڵوێستانە دور بن لە رێکەوت.

کابینەی نۆ کە چاوەڕێ دەکرێت بەم زوانە پێکبھێنرێت بە کۆمەڵێک کارەکتەری نوێ و عەقڵی نوێوە لەبەردەم ستراتیژییەتێکی قورسدایە لەڕوی سیاسی و ئابورییەوە، بەھۆی کۆی ئەو گرێبەستانەی کە لەکابینەکەی نێچیردا ئەنجامدراون، ئەمە و جگە لەو قەرزانەی کە باس دەکرێت کە تا ئێستاش ماڵە بەسەر ھەرێمەوە کە ئەمەش رێگایەکی ھێندە ئاسان نییە بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە و لێکنەترازانی پەیوەندی و رێکەوتنەکانی لەگەڵ بەغدا، ڕاستە بەغداد ئامادەیی ھەیە بۆ پێدانی بەشە بودجەی ھەرێم بۆ ساڵی ٢٠١٩، بەڵام ئایا دوابەدوای ئەم ماوە ھەرێم پابەندی رێککەوتنەکەی لەگەڵ بەغداد دەبێت بۆ رادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیلە و داھاتی خاڵە گومرگەکان و کۆتایی بە قەیرانەکانی کابینەی ھەشت دەھێنێت یان ئەو سیاسەت و ستراتیژییەی کە قەیرانەکانی بەرھەم ھێنا دەبێتە کابوسێکی ھەمیشەیی بۆ کابینەکەی مەسرور و توانای دەربازکردنی نابێت و دوبارە قەیرانەکان روودەکەنەوە ھەرێم و بریاری کۆتایی ھێنانی کێشەکان تەنھا ماوەیەکی کاتی لە خۆ دەگرێت ئەمەیان ڕووە ئابورییەکەی، لەروە سیاسییەکەشەوە ھەرێم لەدوای ریفراندۆمەوە  پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی چ لە نێو خۆی عێراق و چ لە دەرەوەی عێراق تەنگەژەی تێ کەوتووە، بۆیە باشکردنی پەیوەندییەکانی بەدەر نابێت لە ھەرێمێکی بەھێز لەڕوی بریار وەرگرتن و مانەوەی وەک ھەرێمێکی خاوەن ماف و دەستوری و جوگرافییەوە.

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP